بافڵ تاڵەبانی؛ یەکێتی نوێ جیاواز دەبێت لە یەکێتی پێشوو

(0) / کردستان


Jul 20, 2021

قەبارەی فۆنت:

بافڵ تاڵەبانی پەیامێکی بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند یەکێتی نوێ جیاواز دەبێت لە یەکێتیەکەی پێشتر.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە لەم پەیامەدا هاتووە:  بەبۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و کیمیاباران، کەمئەندامانی سەنگەر و پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکان و زیندانیانی سیاسی و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەم. هیوادارام ئەم بۆنەیە ببێتە مایەی خێر و خۆشی و ئارامی بۆ هەموو لایەک. ئومێدەوارم ئەم جەژنە بکەینە دەرفەتێک بۆ پێداچوونەوە بە سیاسەتمان و داڕشتنی ستراتیژێکی نوێی نیشتمانی لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکان تاوەکو پێکەوە بەسەر کێشە و گرفتەکانمان زاڵ بین و پێکەوە بتوانین لە ڕێی حکومەتەوە کێشە بنچینەییەکانی وەک مووچە و بژێوی خەڵک و خزمەتگوزاری چارەسەر بکەین. ئێمە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سیاسەت و ستراتیژێکی نوێوە پەرۆشیی خۆمان بۆ یەکخستنی هێز و تواناکان بۆ خزمەتکردنی هەرێمەکەمان دەردەبڕین و باوەڕی تەواومان بە یەکڕیزی گەلەکەمان هەیە لەپێناو ئایندەیەکی گەشتر و ئاوەدانی زیاتر. دەمەوێت لەم دەرفەتەدا دووپاتی بکەمەوە کە یەکێتی نوێ بەرپرسیار دەبێت بەرامبەر سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و خۆی بە خاوەنی هەموو جیاوازییەکان دەزانێت. درێژە بە سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال دەدەین و بە گیانی لێبووردەییەوە خەبات دەکەین بۆ کوردستانێکی نوێ. یەکێتییەکان، دۆستان و لایەنگران دڵنیابن ئێستا یەکێتییەکی نوێ هەیە، هەموومان خاوەنی یەکێتین و پێکەوە چەپکە گوڵەکە گەشاوەتر دەکەین. درێژە بە خەباتی مەدەنی و دیموکراسی و ئازادی دەدەین و هەنگاوەکانمان دەخەینە خزمەتی گشتی، کە ئەمەش ڕێگا دروستەکەیە و لەمەودوا لە هەموو کایەکانی ژیانی ڕێکخراوەیی پەیڕەوی دەکەین. دووبارە جەژنتان پیرۆز و هەر شاد و سەرفراز بن.

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کامەران کەریم