مەسرور بارزانی؛ مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەران بەبێ لێبڕین دابەش دەکرێت

(0) / کردستان


Jul 25, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند؛ مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەران بەبێ لێبڕین دابەشدەکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی، کەمال ئەترووشی وەزیری سامانە سرووشتییەکان و د.دارا رەشید وەزیری پلاندانان کۆبوونەوە. بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، دوای کۆبوونەوەکە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند؛ مووچەی ئەم مانگە بەبێ لێبڕین دابەش دەکرێت. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند؛ پێمخۆشە بە مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان رابگەیێنم کە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ئابووری و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانیشە کە لەم مانگەوە لێبڕینی مووچە نامێنێت و بەبێ لێبڕین مووچە دابەش دەکرێت. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە ئەرکی لە پێشینەی حکومەت دابینکردنی مووچە بووە. "ئەگەر حکومەتی فیدراڵیش بەردەوام بێت لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکەی و ناردنی ئەو بەشە بودجەیەی کە لە چوارچێوەی یاسای بودجەی فیدراڵی لەسەری رێککەوتووین، ئەوە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەردەوام دەبێت لە پێدانی مووچە لە کاتی خۆی و بە تەواوی." دابەشکردنی مووچە بەبێ لێبڕین بۆ مانگەکانی داهاتوو، وەکو مەسرور بارزانی باسی کرد، "زۆری دەمێنێتەوە لەسەر ئەوەی کە ئایا حکومەتی فیدراڵی بەڵێنەکەی جێبەجێ دەکات یان نا." گوتیشی، "هیوادارین بتوانین لە ئاییندەدا بەبێ لێبڕین مووچە دابەش بکەین." سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سوپاسی "خۆڕاگریی" خەڵکیشی کرد. هەر لە گوتارە تەلەڤزیۆنییەکەیدا، مەسرور بارزانی لەبارەی کۆرۆنا قسەی کرد و گوتی، تووشبوون زیاد بووە، بۆیە داوای لە هاونیشتمانیان کرد، "پابەندی رێنوێنییە تەندروستییەکان بن و... خۆیان بە ڤاکسین بکوتن." مەسرور بارزانی گوتی، "ئەمە ئەرکێکە و داواتان لێدەکەم بە جیدی وەریبگرن و پەلە بکەن لە خۆکوتان." داوایشی لە وەزارەتی تەندروستی کرد، بە زوویی ڤاکسین دابین بکەن. "بۆ ئەوەی ئەگەر هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستانیش نەبێت، زۆرینەی خەڵک ڤاکسین وەربگرن." خۆپاراستن لە کۆرۆنا، وەکو مەسرور بارزانی گوتی، "ئەرکێکی هاوبەشە و... تەنیا گلەیی لە حکومەت مەکەن و دەبێت خۆتان ئەو بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆ بگرن... هیوادارم هەمووتان تەندروست و سەلامەت بن. کامەران کەریم