لقی هەڵەبجەی شەهیدی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی  بڵاوکردەوە

(0) / کردستان


Jul 26, 2021

قەبارەی فۆنت:

لقی هەڵەبجەی شەهیدی یەکێتی مامۆستایانی  کوردستان ڕوون کردنەوەیەکی  بۆ ڕای گشتی  بڵاو کردەوە .
بەپێی  ڕاپۆرتی  زایەڵە، لەڕوون کردنەوەیەکی لقی هەڵەبجەی  شەهیدی یەکێتی مامۆستایانی  کوردستان  کەوێنەیەکی بۆ زایەڵە   نێردراوە  هاتووە، دوای ئەوەی دوێنێ لە بانکی هەڵەبجە فەرمانبەرێک(کە خوێندکارێک بووه لەخولی تەطبیقاتدا ) بە مامۆستایەکی بەڕێز کە ویستوویەتی مووچەی خانەنشینی کەسێکی نزیکی وەرگرێت پێی ئەڵێ (پێناسی یەکێتی مامۆستایان بۆ وەرگرتنی مووچە کاری پێ ناکرێت)، پاشان مامۆستا بەڕێزەکەش سەردانی بەڕێوەبەری بانک دەکات و بابەتەکەی تێ دەگەیەنێت، بەڵام لەم نێوەندەدا جۆرێک باش لەیەک حاڵی نەبوون هەبووە  بەوەی کە بەڕێزیشیان بە مامۆستاکەی ووتووە پێناسی یەکێتی مامۆستایان کاری پێ ناکرێت بەمەش مامۆستا دڵ نیگەران دەبێت و لە واڵی تایبەتی خۆی لەفەیسبووک پۆستێک دەکات و دەڵێ لە بانکی هەڵەبجە پێناسی یەکێتی مامۆستایان کاری پێ ناکرێت.
باس لەوەشکراوە، دوابەدوای ئەوەش ئێمە وەک لقی هەڵەبجەی (یەکێتی مامۆستایانی کوردستان) پەیوەندیمان کرد بە بەڕێز بەڕێوەبەری بانکی هەڵەبجەوەو دوای گفتوگۆو ڕونکردنەوەی بابەتەکە لەهەردوولامانەوە بەڕێزیان ڕایانگەیاند کە(ئێمە جیهەتێکی حکومین و کارەکەمان بڕێک هەستیارە هەربۆیە هەتاوەکو موڕاجیع پێناسێکی دیکەی حکومی پێ بێت ئێمە مولزەمین ئەو پێناسە بەکاربهێنین تاوەکو پێناسی هیچ سەندیکاو ڕێکخراوو حیزبێک ، بەڵام ئەگەر هاتوو پێناسی دیکەی پێ نەبوو جگە لە پێناسی یەکێتی مامۆستایان زۆر بە ئاسانی کارەکەی بۆ ڕایی دەکرێ و کار بە پێناسەکەی یەکێتی مامۆستایان دەکرێت ). هەروەها بەڕێزیان ڕایانگەیاند (چەندین ساڵە کار بە پێناسی یەکێتی مامۆستایان دەکرێ و هیچ گرفتێک نەبووەو بمانبورن کە بەهۆی ناتێگەیشتنێک لەنێوان ئەو خوێندکارەو مامۆستابەڕێزەکەدا ئەم حاڵەتەی لێ کەوتۆتەوە( .
بۆیە لە کۆتاییدا ئێمە وەک لقی هەڵەبجە سوپاسی هەڵوێستی بەڕێوەبەری بانکی هەڵەبجە دەکەین و هیوای سەرکەوتن و ماندوو نەبوون بۆ بەڕێزیان و سەرجەم کارمەندانی ئازیزی بانکی هەڵەبجە ئەخوازین و لێرەشەوە ئەو مامۆستا بەڕێزەو سەرجەم مامۆستایانی بەڕێزی دیکە دڵنیا دەکەینەوە کە کار بە پێناسە نوێکەی یەکێتی مامۆستایان دەکرێت و هیچ گرفتی نیە و ئێمەش وەک لقی هەڵەبجەو هەمیشەو بەردەوام لەپشت مامۆستایانەوە بووین و دەبین بۆ بەدەست هێنانی مافەکانیان و  گەڕاندنەوەی شکۆو سەربەرزی بۆیان.
کامەران کەریم