لیژنەیەك لە قەزای شارباژێڕ بۆ ڕوبەڕوو بوونەوەی ووشکە ساڵی پێکهێنرا

(0) / کردستان


Jul 26, 2021

قەبارەی فۆنت:

لیژنەیەك لە قەزای شارباژێڕ بۆ ڕوبەڕوو بوونەوەی ووشکە ساڵی پێکهێنرا .
بەپێی  ڕاپۆرتی  زایەڵە، پۆلیسی  دارستان و ژینگەی  پارێزگای  سلێمانی ڕایگەیاند،  ئەمساڵ بەهۆی بێ بارانی و ووشکە ساڵیەوە سەرجەم ناوچە جیاوازەکانی کوردستان ڕوبەڕووی کەم ئاوی بوونەتەوە ، یەکێک لەو ناوچانە قەزای شارباژێڕە ( چوارتا ) کە ماوەی چەند ڕۆژێکە توشی کەمبوونەوە و بێ ئاوی بووە ، بەهۆی ئەوەی سەرچاوەکانی ئاوی قەزاکە چەم و ڕوبارەکانی سنورەکەیە  بەڵام بە درێژایی ڕووبارەکان لە لایەن گوندنشینانەوە بە شێوەیەکی نادروست ئاوی چەم و ڕوبارەکان بۆ کوشتوکاڵ بەکار دەهێنرێت و بەهۆی بەکارهێنانی مۆلیدەو ماتۆڕی ئاو لەسەر ڕووبارەکان مەترسی ووشك بوونیان لەسەرەو بەشێوەیەکی بەرچاو ئاو کەمیکردووە .
باس لەوەشکراوە، هەر بۆیە لە پێناو پاراستن و ڕوبەڕوو بوونەوەی کەم ئاوی و ووشکە ساڵی ، قایمقامی قەزای شارباژێڕ هەستا بە پێکهێنانی لیژنەیەك لە ( فەرمانگەی ئاوی قەزاکە و هەروەها  پۆلیسی محلی و پۆلیسی دارستانی شارباژێڕ و ئاسایش )، بۆ چەند ڕۆژێکە لیژنەکە سەردانی جوتیارانی گوندەکان و سەرجەم خاوەن پرۆژەکانی سەر ڕووبارەکان دەکەن و ئاگاداریان دەکەنەوە لە مەترسی ووشك بوونی سەرچاوەی ئاوی شارباژێڕ و هەروەها بەفیڕۆ نەدانی ئاو و بەکارهێنانی بەشێوەیەکی دروست و زانستیانە تا بتوانن هەموو لایەك چ فەرمانگەی ئاوی شارباژێڕ چ جوتیاران و خاوەن پرۆژەکان بێ ئاو نەبن و کارەکانیان ئاستەنگی بۆ دروست نەبێت ، ئەگەر نا بە پێچەوانەوە هەرکەس پابەند نەبێت توشی سزای یاسایی دەبێتەوە .
ڕونیشکراوەتەوە، لە کۆتاییدا ئەندامانی لیژنەکەو جوتیاران بڕیاریاندا هاوکار و هەماهەنگی یەکتر بن تا بتوانن ئەم دۆخە تێپەڕێنن و قەزای شارباژێڕ توشی ووشکە ساڵی نەبێت و کشتوکاڵی جوتیارانیش بێ ئاو نەبن .
کامەران کەریم