بۆ هەشتەمین ساڵیادی کۆچی دوایی شاعیر؛ بۆ شێرکو بێکەس خەڵاتی نۆبێلی وەرنەگرت؟

(0) / / فرهنگی / زایەڵە شێرکۆ بێکەس ئومێد وەرزەندە


Aug 04, 2021

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - رەنگە هیچ شاعیرێکی کورد بە قەد شێرکۆ بێکەس نەیتوانیبێت شیعری کوردی بگوازێتەوە بۆ ئەوپەڕی سنوورەکان و هیچ کردەوەیەکی سیاسیشی نەیتوانیبێت بە قەد شیعری شێرکۆ بێکەس دەنگی کارەساتە جەرگبڕەکانی کورد بگەیەنێت بە گوێی جیهان. قەڵەمی بوێر و یاخیی  شیرکۆی شیعری کوردی پڕە لە هاواری ئازادی و مرۆڤایەتی و تازەگەری و جوانی و ئاوێنەی باڵانوێنی زامە ئەزەلییەکانی میللەتی کوردە. بەڵام بۆ شاعیرێکی وەک شێرکۆ بێکەس خەڵاتی نۆبێڵ وەرناگرێت؟
وڵامی ئەم پرسیارە ئەگەڕێتەوە بۆ  کەمتەرخەمیی دەسەڵاتی کوردی و دام و دەزگای رۆشنبیری و فەرهەنگی کوردستان بەرانبەر بە شیعری شێرکۆ بێکەس کە نەیانتوانی هەوڵێکی سیستەماتیک بخەنە گەڕ بۆ وەرگیڕانی شیعری شێرکۆ بێکەس بۆ زمانە زیندووەکانی دونیا و چاپ و بڵاوکردنەوەیان لە دەزگا بەناوبانگەکانی جیهاندا. ڕاستە شیعری کاک شێرکۆ کراوە بە ئینگلیزی ، بەڵام لە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپ و بڵاو دەبێتەوە!! تۆ بڵێی بەردەنگی ئەو کتێبە کێ بێت و کامە سوودی بۆ ئەدەبی کوردی بە گشتی و شیعری شیرکۆ بێکەس بێت؟ ئەدەبی کوردی پێویستە لە ڕێگای وەرگێڕانەوە خۆی بخاتە هەناوی مارکێتی جیهانیی ئەدەبیاتەوە و ئەم کارەش پێویستیی بە پلان و بودجە هەیە، کە بێگومان ئەم ئەرکە ئەکەوێتە ئەستۆی دەسەڵاتی کوردی و دام و دەزگا رۆشنبیرییەکانی. بەو هیوایە چیتر لە بەرانبەر ئەدەبی کوردیدا کەمتەرخەم نەبین  و ئەو غەدرەی لە شیعری شێرکۆ بێکەس کرا چیدی لە دەنگە دیارەکانی تری ئەدەبی کوردی نەکرێت و ئەم ڕاستییە لە بیر نەکەین کە ژێرخانی گەشەی کومەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و .... بێگومان گەشەی فەرهەنگییە و گەشەی فەرهەنگیش پێویستی بە پلان و بەرنامە و بوودجە هەیە.
لە پەیجی ئینستاگرامی دوکتۆر ئومێد وەرزەندە وەرگیراوە