کازم فاروق بۆ زایەڵە: حکومەتی هەرێم گرانی دروست کردووە / دۆخەکە لە داڕمان نزیک دەبێتەوە

(0) / / گفتگو / زایەڵە کازم فاروق پەرلەمانی کوردستان گرانی


Aug 22, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای دەکات، هەرچی شتومەک و پێداویستی و خۆراکە گران بووە، کاتی ئەوەیە هەموومان خاڵی جیاوازو و ناکۆکی وەلا بنێین.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی  کوردستان لە وتووێژی  لەگەڵ پەیامنێری  زایەڵە ڕایگەیاند، ھەرچی پێداویستی و خواردن و شتومەك ھەیە گران بووە، ئارد و خۆراك و بەنزین گرانتر بوون، رۆژ بە رۆژ باری سەرشانی خەڵک قورستر دەبێت و دۆخەکە لە داڕمان نزیک دەبێتەوە .
وتیشی، ئەم گرانیەش حکومەت و دەسەلات خۆی دروستی کردووە و گومرگ و باجێکی زۆر و بێشوماری خستۆتە سەر ھێنانی شتومەک، لە ناوخۆش باج و سەرانەی لەسەر دوکاندار و کاسبکار زیادکراوە و ئەوانیش ناچارن نرخی ئەشیا و خواردن و شتومەك گران بکەن.
ڕونیشیکردەوە، کارەبا و ئاو کە پێداویستی سەرەکین بەم گەرمای ھاوینە بوونی نیە، بێکاریەکی زۆر رووی لەم ھەرێمە کردووە و گەنج ھەمووی بێکارن .
باسی  لەوەشکرد، لەولاشەوە ھەر رۆژە و بە شتێکی لابەلا و کێشەی حیزب و بنەماڵەوە دەسەڵات خەڵک مەشغوڵ دەکات بۆئەوەی ئەم ھەموو گرانی و کێشە و باج و سەرانە و بێ کارەبا و بێ ئاوی یە لە بیری خەڵك بباتەوە، یاری بە ھەست و شعور و ژیانی خەڵك دەکەن و ئەڵێن خەمتان نەبێت خەلک ئەم شتانەی بیرئەچێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، کاتی ئەوە هاتوە هەمومان یەکبگرین و دەست بخەینە ناو دەستی یەک دژی ئەم دەسەڵاتە. کاتی ئەوە هاتوە هەمومان ناکۆکی و خالە جیوازییەکانمان وەلا بنێین و تەنها یەک خاڵی هاوبەش بدۆزینەوە لە نێوانماندا، کە ئەویش لادان و تۆڵەکردنەوەیە لەم دەسەڵاتە زاڵمە.
ئەنجامدانی چاوپێکەوتن- کامەران کەریم