فەرید ئەسەسەرد: کێشەکانی یه‌كێتی‌ هێشتا چارەسەر نەکراون

(0) / / کردستان / فەرید ئەسەسەرد یه‌كێتی‌ زایەڵە


Oct 02, 2021

قەبارەی فۆنت:

فەرید ئەسەسەرد، سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی ده‌ڵێت، کێشەکانی یه‌كێتی‌ هێشتا چارەسەر نەکراون، بەڵام بەهۆی بانگەشەوە، دۆخەکە هێورکراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، فەرید ئەسەسەرد بەدەنگی ئەمریکای راگەیاندوە:"کێشەکانی نێو یەکێتیمان کۆنتڕۆڵ کرد، تا ئەو کێشانە کاریگەریان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن نەبێت، بۆیە پێمانوایە ئەنجامەکان نزیک دەبن لەوەی خواستمانە، کە بەدەستی بهێنین".
فەرید ئەسەسەرد پێیوایە، کێشەکانی نێو حزبەکەی هێشتا چارەسەر نەکراون، بەڵام بەهۆی بانگەشەوە، دۆخەکە هێورکراوەتەوە.
ناوبراو وتی: "پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن، دەبێت کاری جددی بکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".
سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، پێشبینیکردن بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە قورس وەسف دەکات و دەڵێت: "سیستمی هەڵبژاردن گۆڕاوە، ڕەنگە ئەمە هەمەجۆریەکی زیاتر لەنێو پەرلەمانی داهاتو دروست بکات و خەڵکێکی زیاتر لەدەرەوەی حیزبەکانەوە بچنە پەرلەمان، بەڵام پێناچێت ئەمە هەرێم بگرێتەوە، زیاتر ناوچە عێراقیەکان دەگرێتەوە".
جەختیشیکردەوە:"ئەوانەشی سەربەخۆن و دەچنە پەرلەمان، ئەستەمە بتوانن کوتلەی بەهێز دروست بکەن، چونکە تێڕوانینیان جیایە و هەریەکە و لەناوچەیەکەوە هاتون، ڕەنگە کێشە لەنێوان ئەوان و حیزبەکانیشدا دروست ببێت".
بەبڕوای ئەسەسەرد؛ ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداش بنەمای بۆ دانراوە، هەر حکومەتێکی تریش بێت، لەسەر ئەو بنەمایانە دەڕوات، بۆیە کێشەی گەورە لەنێوان هەرێم و بەغدا نایەتە ئاراوە، وتی، "گەر کێشە بێتە ئاراوە، کێشەی تازە و ناچاوەڕوانکراو دێتە پێشەوە، بەڵام لەهەمو حاڵێکدا، ئەو ڕێککەوتنەی کراوە، حکومەتی داهاتوش لەسەری دەڕوات".
فەرید ئەسەسەرد دەربارەی خواستی لایەنە شیعەکان بۆ هەموارکردنەوەی دەستوری عێراق، ئاماژەی بەوەکرد کورد دژی هەموارکردنەوەی دەستور نیە، گەر لەبەرژەوەندی عێراق بێت، بەڵام گەر بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی کورد بێت، کورد دەتوانێت ڕێگری لێبکات، وتی، "دەستور مادەیەکی تێدایە، مافی ڤیتۆی داوەتە سێ پارێزگا، تا هەمو جۆرە هەموارێک هەڵوەشێننەوە، گەر لەبەرژەوەندیان نەبێت، عێراقیش ئەم هەنگاوە نانێت، تا دڵنیا نەبێت لەوەی هەرێم ڤیتۆ بەکار ناهێنێت".