لاهوور شێخ جەنگی و چوار ئەندامی سەرکردایەتی لە یەکێتی دوورخرانەوە

(0) / / کردستان / زایەڵە لاهوور شێخ جەنگی یەكێتیی نیشتمانی کوردستان


Nov 02, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرچاوەیەکی باڵای یەكێتی رایگەیاند، لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان و چوار ئەندامی سەرکردایەتی لە حیزبەکە دوورخراونەتەوە.
 بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە بە گێڕانەوە لە ڕوداو، ئەمڕۆ سێشەممە 02-11-2021 سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی بەم کەناڵەی راگەیاند، جگە لە لاهوور شێخ جەنگی، هەر یەک لە ئاراس شێخ جەنگی، ئاڵا تاڵەبانی، ژینۆ محەممەد و شادومان مەلا حەسەن لە سەرکردایەتیی یەکێتی دوورخراونەتەوە.
 هەر ئەمڕۆ لاهوور شێخ جەنگی لە پەڕەی فەیسبووکی خۆی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک باڵاترین ئۆرگانی نێوان دوو کۆنگرە بە ئەرکی پەیڕەوی خۆی هەستێت و بە زووترین کات کۆببێتەوە، بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ دەربازبوون لەم دۆخە و چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان".
 رۆژی 8ی تەممووز ناکۆکیی نێوان هاوسەرۆکانی یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستان گەیشتنە لووتکە، کاتێک بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی بڕیاری گۆڕینی بەرپرسانی دەزگای دژەتیرۆر و زانیاریی دا. دواتر لە رۆژی 15ی تەممووز لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەسەڵاتەکانی هاوسەرۆک لە لاهوور شێخ جەنگی وەرگیرانەوە.
 لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا لاهوور شێخ جەنگی دەڵێت، "یەکێتییەکەمان لەم هەڵبژاردنەدا پاشەکشەی کرد"، هەروەها باسیش لەوە دەکات کە پێشتر هاوپەیمانی کوردستانیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان دروستکردووە و "پێشبینی ئەوەمان دەکرد، کە زۆرترین دەنگ و کورسیە پەرلەمان بەدەستبهێنین".
 لاهوور شێخ جەنگی سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکەی نێوان یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان بوو، بەڵام لە  29ی تەمموزی 2021 یەکێتی و گۆڕان لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە سلێمانی کۆبوونەوە و قوباد تاڵەبانی وەک سەرۆکی نوێی ھاوپەیمانی کوردستان دیاریکرا.
پێشتریش لە 28-08-2021 مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیاری دا لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماوەی 72 کاژێردا هەرێمی کوردستان جێبهێڵێت و تاوەکو دوو هەفتە دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 10ی ئۆکتۆبەری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نەگەڕێتەوە، بەڵام لاهوور شێخ جەنگی پابەندی بڕیارەکەی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەی نەبوو.
 دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال، سکرتێری پێشووی یەکێتی، چەندین کێشە رووی کردە ئەو حیزبە، سەرکردایەتیی حیزبەکەش بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان کۆنگرەی چوارەمی حیزبەکەی لە 21-12-2019 سازکرد و سیستەمی هاوسەرۆکیان پەسندکرد و بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی بوونە هاوسەرۆک.