دانوستانەکانی ڤێننا بۆ هەڵگرتنی ئابڵۆقەکان / حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان

(0) / / مقالە / حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان زایەڵە ئێران ڤێننا ئەتۆمی


Dec 04, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئێران شێلگیرە و نیەت باشی هەیە. ئەنجامی کردەیی و هەستپێکراو بە هەڵگرتنی ئابڵۆقەکان دەبێت.
*ئەو ڕێگەیەی کە بڕدرا
لە پاش شەش خول دانوستان و وتووێژی چڕ و پڕ لە ڤێننا کە بەهۆی داخوازیی و هەڵوێستە ناواقعی و زیادەرۆییەکانی ئەمریکاوە سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا، ئێستاکە لە لێواری دەسپێکی خولێکی نوێ لە گتگوگۆکانداین. ئامانجی سەرەکی ئەم گفتوگۆیانە بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی ئێران و هەڵگرتنی تەواوی ئابڵۆقەکانە. ئەو ئابڵۆقانەی کە بە شێوەی تاکلایەنە و نائاسایی لە لایەن ئەمریکای دەرچوو لە رێکەوتننامەی ئەتۆمیەوە سەپێندراوە.  
ئەمریکا لە 8ی مانگی ئایاری 2018 بە شێوەی تاکلایەنە لە رێکەوتنی ئەتۆمی کشایەوە؛ هەڵسوکەوتێک کە لە ئاستی نێودەوڵەتی دا وەک کارێکی نایاسایی ناسێندرا و ئیدانەکرا. هاودەنگییەکی گشتی نێودەوڵەتی بوونی هەیە کە ئەم جۆرە رەفتارە دژە یاساییانەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەبەرچاونەگرتنی تەواوی یاسا نێودەوڵەتیەکان و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە و دەکەوێتە چوارچێوەی تێکدانی پەیوەندییە چەند لایەنەکان و هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
سەرەڕای دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکان، نە تەنها گشت ئابڵۆقە نایاسایی و تاکلایەنەکان وەک خۆی ماوەتەوە، بەڵکو سیاسەتی سەپاندنی ئابڵۆقە لەسەر ئێران بەردەوامی هەیە. بۆیە روونە کە ئامانجی ئەم کارانەی ئەمریکا رێگری کردنە لە سودمەندبوونی ئێران، وڵاتانی دیکەی ئەندام لە رێکەوتنی ئەتۆمی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ماف و ئیمتیازاتی رێکەوتنی ئەتۆمی و بڕیاری 2231 ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەڵبەت حکومەتەکانی سێ وڵاتی رۆژئاوایی لایەنی رێکەوتنە ئەتۆمیەکە، ئەگەرچی ئەم کارەی ئەمریکایان بە نایاسایی و قبوڵ نەکراو وێناکرد بەڵام بە لە ئەنجام دا بە بێدەنگی و نەبوونی کاردانەوەی کردەییان یارمەتی ئەم کردەوەیەی ئەمریکایان دا. کارە تێکدەرانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوهەڵوێستی سێ وڵاتی رۆژئاوایی، رێکەوتنە ئەتۆمیەکەی ناچالاک کردووە و تەواوی سودە ئابووریەکانی ئەم رێکەوتننامەیەی بۆ ئێران لەناو بردووە. ئەمانە ئەو راستیە تاڵانەی چەند ساڵی رابردووە کە دەبێت مەشخەڵی ڕێ بێت بۆ داهاتوو.
درێژەپێدانی رەوتی تێکدەرانەی حکومەتی ترەمپ لەلایەن حکومەتی ئێستای ئەمریکاوە ئەو پرسیارە شێلگیرانەی دروست کردووە کە ئایا حکومەتی ئەمریکا بە راستی هیچ ئیرادە و خواستێکی بۆ جێبەجێ کردنی بەڵێنەکانی خۆی هەیە و ئایا ئامادەیە دەست لە سیاستە شکستخواردووەکانی رابردووی خۆی هەڵبگرێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بە تێڕوانین لە رەوت و کردەوەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەم مانگانەی دوایی دا، ئەستەم دێتەبەرچاو.
هیچ کەس ناتوانێت شێلگیری و نیەت پاکی ئێران بۆ پابەندبوون بە بەڵێنەکانی بخاتە ژێر پرسیارەوە. لەپاش دەرچوونی نایاسایی ئەمریکا و سەپاندنی ئابڵۆقەکان، ئیران بە نیەت پاکی، خۆی لە کاردانەوەی تۆڵەسەندنەوە پاراست و بە رەچاوکردنی داواکاری ئەندامانی ماوە لە رێکەوتننامەی ئەتۆمی و یەکێتی ئەوروپا وەک رێکخەری رێکەوتننامەی ئەتۆمیەکە، پابەندی بەلێنەکانی خۆی لە چوارچێوەی رێکەوتنی ئەتۆمی بوو بۆ ئەوەی ئەندامانی دیکەی رێکەوتنەکە بتوانن هەلومەرجە نەرێنیەکان لە ئەنجای کشانەوەی ئەمریکادا قەرەبوو بکەنەوە. بەر رەچاوکردنی بەردەوامی ئەو هەلومەرجە نەرێنییە و لە پاش یەک ساڵ پشوو درێژی ستراتیژی، هیچ رێگەچارەیەک بۆ ئێران نەمایەوە جگە لەوەی کە سود لە مافەکانی خۆی بەپێی بەندەکانی 26 و 36ی رێکەوتننامەی ئەتۆمی وەربگرێت و جێبەجێ کردنی بەشێک لە بەڵێنەکانی خۆی بە شێوەی پلەبەندی لە هەشتی مانگی ئایاری 2019 وە رابگرێت.
لەبەر نەبوونی گۆڕانکاری لە هەلومەرج و هەروەها نەبوونی کردەیەکی کاریگەر لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی رێکەوتننامەی ئەتۆمی و بە لەبەرچاوگرتنی پێشینەی جێی داخی رابردوو، پەرلەمانی ئێران یاسای "پلانی کاری ستراتیژی بۆ هەڵگرتنی ئابڵۆقەکان و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئێران"ی لە بەرواری دووی دیسەمبەری 2020 پەسەند کرد. ئەم یاسایە حکومەتی راسپارد کە لە ئەگەری بەردەوامی پابەندنەبوونی ئەندامانی رێکەوتنە ئەتۆمیەکە بە بەڵێنەکانیان، جێبەجێکردنی تەواوی بەڵێنە خۆبەخشیەکانی ئێران لەمەڕ رێکەوتنەکە بە ئەسپایی راوەستێنێت مەگەر ئەوەی کە لایەنەکانی دیکەی رێکەوتنەکە بەڵێنەکانی خۆیان بە کردەیی جێبەجێ بکەن.
*رەوتی بەردەم گفتوگۆکانی ڤێننا
کۆماری ئیسلامی ئێران سەرەڕای تەواوی بێ بەڵێنیەکانی رۆژئاوا لەمەڕ رێکەوتنە ئەتۆمیەکە، بەڵام جارێکی دیکە بە ئامانجی دەرخستنی نییەت باشی و لابردنی ئابڵۆقە تاکلایەنە و نایاساییەکان، ئێستاکە ئامادەی وتووێژی بەرهەمدارە بۆ گەشتن بە "رێکەوتنێکی باش" لەگەڵ 4+1 دا. کۆماری ئیسلامی ئێران لەم چوارچێوەیەدا نییەت باشی و ئیرادەیەکی شێلگیرانەی هەیە و ئیرادەی پێویستی هەیە بۆ گەیشتن بە ریکەوتنێکی باش لە ڤێننا.
لە چوارچێوەی ئەم پرۆسەیەدا، هەرگیز نابێت فەرامۆش بکرێت کە ئەمریکا هۆکاری سەرەکی روودانی هەلومەرجی ئێستایە. چوار ساڵ پێش ئێستا، کۆشکی سپی بۆ لەناوبردنی رێکەوتنی ئەتۆمی لە هیچ هەوڵێک خۆی نەبووارد. ئەوە ئێران بوو کە هەموو تواناکانی بۆ زیندوو راگرتنی ئەم رێکەوتنە خستەکار. ئەوەی کە لە ماوەی شەش خولی گفتوگۆکاندا بۆ ئێران روون بوویەوە ئەوەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان هێشتا تێگەیشتنێکی دروستیان لەمەڕ ئەم راستیە نییە کە بەبێ هەڵگرتنی هەموو ئابڵۆقەکان لە دژی گەلی ئێران کە لە ماوەی پاش کشانەوە لە رێکەوتنامەی ئەتۆمی دا سەپاندوویەتی، هیچ رێگەیەکی بۆ گەڕانەوە بۆ رێکەوتننامەی ئەتۆمی نییە.
بڕیاری 2231ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە هەموو وڵاتانی ئەندام دەکات کە " رێکارگەلێک کە رەنگە بۆ پاڵپشتی لە جێبەجێ کردنی رێکەوتننامەی ئەتۆمی گونجاو بێت بگرنەبەر و خۆیان لەو کارانەی کە دەبێتەهۆی لاوازکردنی پابەندییەکان بە دوور بگرن.
ئامانجی سەرەکی گفتوگۆکانی داهاتوو دەبێت جێبەجێ کردنی تەواوەتی و کاریگەری رێکەوتننامەی ئەتۆمی و بە ئامانجی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییە بازرگانی و هاوکارییە ئابووریە بەردەوامەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بێت. دیارە بۆ گەڕانەوە بۆ رێکەوتننامەی ئەتۆمی، ئێران دەبێت بە تەواوەتی سود لە هەڵگرتنی ئابڵۆقەکان وەربگرێت. ئێران ئامادەیە لە ئەگەری پێدانی گەرەنتی، هەڵسەنگاندنی زیانەکان و هەڵگرتنی چوست و کاریگەری ئابڵۆقەکان، ئەو رێکارانەی کە پێشتر وەک قەرەبووی زیانەکان گرتوویەتیەبەر رابگرێت.
گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ رێکەوتننامەی ئەتۆمی جێگەی بایەخی ئێمە نابێت مەگەر ئەوەی کە کۆمەڵێک گەرەنتی بخرێتەڕوو بۆ ئەوەی ئەزموونی تاڵی رابردوو دووبارە نەبێتەوە و هابەشە ئابووریەکانی ئێران بتوانن بە متمانەوە ئاڵوگۆڕی ئابووری بەردەوام و دوور لە نیگەرانی لەگەڵ ئێران دا ئەنجام بدەن.
ئەوەی کە لە گفتوگۆکانی داهاتوو دا روونە ئەوەیە کە ئێران بە نییەت باشیەوە دەچێتە ناو دانوستانەکانەوە بۆ ئەوەی بگاتە رێکەوتنێکی باش بەڵام بە داواکاریەکان لە دەرەوەی رێکەوتننامەی ئەتۆمی ڕازی نابێت و کۆماری ئیسلامی ئێران ناچێتە وتووێژ دەربارەی بابەتی دەرەوی رێکەوتننامەی ئەتۆمیەوە.
پێم خۆشە جارێکی دیکە جەخت بکەمەوە کە ئەم دەرفەتە پەنجەرەیەک نییە کە تا کۆتایی کرابێتەوە و ئەمریکا و سێ وڵاتی رۆژئاوایی دەبێت بەباشی هەست بەمە بکەن. کۆماری ئیسلامی ئێران لەپاڵ هەوڵی جێگیر، بەهێز و چالاکی دیپلۆماسی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئابڵۆقە ستەمکارانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان، هاوکات پلانێکی کاریگەری بۆ پوچەڵکردنەوەی ئابڵۆقەکان لە چوارچێوەی پلانی گەشەسەندنی بەردەوامی ئابووری ئێران دا هەیە.
بێ گومان تاران بەو ئەندازەیەی کە پابەندە بە لانەدان لە بەرنامەی ئاشتیخوازانەی ئەتۆمی، بە هەمان ئەندازە پابەندە بە پاراستنی دەستکەوتەکانی زانایان و پیشەسازی ئەتۆمی ئاشتیخوازانەی خۆی و سەرەڕای ئابڵۆقە نایاسایی و نامرۆڤانەکان، دەست لە پەرەپێدانی هەمەلایەنەی وڵات لە بوارە پیشەسازی، بازرگانی، دەریایی، ئاسمانی، بەرگری، زانست و تەکنۆلۆجی و گەشەسەندی ئابووری و..هتد هەڵناگرێت.
ئێمە باوەڕمان وایە ئەگەری رێکەوتن هەیە و بەردەستە بە مەرجێک ئیرادەی سیاسی لایەنەکانی بەرامبەر بە کردەیی بوونی هەبێت.
سەرەڕای بێ بەڵێنیەکانی رۆژئاوا و بێ متمانەیی لە هەمبەر سیاستە نەرێنیەکانی کۆشکی سپی، کۆماری ئیسلامی ئێران بە "ئیرادەیەکی راستەقینە" و "نییەت باشی" لە خولی نوێی دانوستانەکانی ڤێننادا هەولڕ دەدات بگاتە "رێکەوتنێکی باش"، بەردەوام و کاریگەر لە بواری هەڵگرتنی ئابڵۆقەکان دا. تیمی دانوستانی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە نییەتێکی باش و شێلگیرانە و لۆژیکی گفتوگۆوە بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندی و مافەکانی گەلی ئێران لە ڤێننا و لەسەر مێزی دانوستانەکان چالاکانە ئامادە دەبێت. من و هاوڕێکانیشم سەرقاڵی پشتیوانین لە تیمی دانوستان و دانوستانکەری باڵا بەڕێز د.باقری کە ئەزمونێکی باڵای دانوستانی لەم بابەتەدا هەیە و لە کاتی پێویست دا لەگەڵ هاوتاکانم دا گفتوگۆی زیاترم دەبێت.
٭ وەزیری دەرەوەی ئێران