ئەسرا محەمەد لە دیدارێکی تایبەتی زایەڵە؛ هەموو کوردێکی فەیلی ئەمەگداری مام جەلالە

(0) / / گفتگو / زایەڵە ئەسرا محەمەد فەیلی مافی مرۆڤ هەرێمی کوردستان


Jan 14, 2022

قەبارەی فۆنت:

بەرپرسی ڕێکخراوی کوردی فەیلی بۆ مافی مرۆڤ بۆ زایەڵە ڕایگەیاند: "لە هەرێمی کوردستان وەک خەڵکی بەغدا مامەڵەمان لە گەڵ دەکرێت و لە لایەکەوە لە بەغدا بە کورد حەساب دەکرێین، وەک تۆپێک ئەم لاو ئەو لامان پێ دەکرێت."
زایەڵە - کوردە فەیلیەکان لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە ڕووبەڕوی جیاکردنەوە بوونەتەوە لەگەڵ توێژو چینەکانی تری کۆمەڵگای عێراقی. لە ساڵی۱۹۲٤ یاسای ڕەگەزنامەی عێراقی جەختی لە دابەشکردنی گەلی عێراقی کردەوە بۆ سێ بەش لەسەر بنەمای ئایین و نەتەوە. لەبەر ئەوەی کوردە فەیلیەکان رێبازی شیعە بوون، بە ڕەچەڵەک ئێرانی ناونووس کران، بۆیە ھەمیشە کەوتوونەتە بەر ھێرشی دەسەڵاتدارانی عێراق. پاش هاتنەسەرکاری ڕژێمی بەعس بۆ سەر دەسەڵات، لە شەستەکان و حەفتاکاندا کوردە فەیلیەکان ڕووبەڕوی شاڵاوی توندی ڕاگواستن و لەناو بردن بوونەوە و لە هەشتاکاندا مافی ھاووڵاتی بونیان لێسەندرایەوە، ئینجا دەست گیرا بەسەر ماڵ و سامانەکەیان. بەپێچەوانەی باوەڕی گشتی، پاش ڕووخانی بەعس و لە عێراقی نوێدا، کێشەی کوردە فەیلییەکان بە شێوەیێکی دیکە بەردەوامە و ئەم بەشەی کۆمەڵگای عێراق ڕووبەڕووی زۆر کێشە و پرس لە بوارە جیاکاندا دەبنەوە و وەکوو دیکەی پێکهاتەکان کەمترین مینبەر و دەنگیان هەیە لە میدیاکاندا. زایەڵە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ ئەسرا محەمەد حسێن بەرپرسی ڕێکخراوی کوردی فەیلی بۆ مافی مرۆڤ تایبەت بە چالاکییەکانی ئەم ڕێکخراوە و پرس و ئازارەکانی هاووڵاتیانی فەیلی کردووە.
خوێنەری چاوپێکەوتنەکە بن:
تکایە سەرەتا خوتان و ڕێکخراوەکەتان بە خوێنەرانی بەڕێز بناسێنن.
- من ناوم  ئەسرا محەمەد حسێن بەرپرسی ڕێکخراوی کوردی فەیلی بۆ مافی مرۆڤ، نووسینگەکەمان لە سلێمانییە، هەڵبەت لە شارەکانیتریش وەک هەولێر، بەغداد و... نووسینگەمان هەیە.
ئێمە ئیشەکانی کوردە فەیلییەکان دەخەینە ڕێ . یەکێک لە گرینگترین ئیشەکانمان ئەوەیە ناسنامەیان بۆ دابین بکەین و وەک کوردی فەیلی پێناسەیان بکەین . وەک ئاگادارن ئەم کوردە فەیلییانە لە بەغدا لە دایک بوونە و زۆربەشیان ناویان عەرەبییە و هەویەکەیان ناوی بەغدای لە سەرە و کە دەگەنە سنووری هەرێمی کوردستان ئەڵێن ئێوە عەرەبن و سەر بە هەرێمی کوردستان نین و دەبێت ئیقامەتان هەبێت و کێشەیان بۆ درووس دەکەن، بەڵام بەو ناسنامەیە ئێمە بۆیان درووس دەکەین ئیتر ئەو کێشەیەیان نامێنێت و وەک کورد چاویان لێدەکەن. دوایی پشتگیریان کەین کاتێ خانوو تاپۆ دەکەن، کاتێ دەچنە مەکتەب قبووڵ ناکرێت کورد بچێتە مەکتەبی عەرەبی، تەنیا عەرەب و ئاوارەکان دەچنە مەکتەبی عەرەبی.
کابرا هاتووە تا 5 یان‌ 6ی عەرەبی خوێندووە ئەمە ئیتر ناتوانێت بچێتە مەکتەبی کوردی، بەڵام ئێمە لە گەڵ وەزارەتی پەروەردەدا پەیوەندی دەگرین و لە ڕێگای ئەو وەزارەتەوە کارئاسانییان بۆ دەکەین. هەموو ساڵێک من هاتووچۆی هەولێر و وەزارەتی پەروەردە دەکەم بۆ ئەوەی کێشەی خوێندنی ئەم قوتابیانە چارەسەر بکەم . جارێ یەکێک لەو بەر پرسانە پێی وتم؛ ئەگەر یەکێکیان عەرەب دەر بچێت ڕێکخراوەکەتان دادەخەم.

زانیاریت لە بارەی ڕێژەی کوردانی فەیلی لە عێراق بە تایبەت لە هەولێر و سلێمانی هەیە؟
- لە ڕاستیدا دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس ئیتر  لە عێراق ئامار نەکرا، بەڵام بەپێی ئاماری ڕێکخراوە ناحوکمییەکان ڕێژەی کوردی فەیلی لە عێراق 2 یان 3 ملیۆن کەسە. شتەکەش سیاسییە، من کاتی خۆی لە گەڵ بەڕێوەبەری ئاماریش قسەم کرد و وتم دەمەوێت ڕێژەی کوردانی فەیلی لە سنووری سلێمانی بزانم لە بەر ئەوەی بۆ کاروباری ڕێکخراوەکە زۆر پێویستە و ئێمە زۆرێک لە پرۆژە و بەرنامەکان لە ڕێی ئامارەوە ئەنجام دەدەین. وتی هەموو شتێک لە ناحیەی لۆجستییە و من خۆم ئیشی بۆ دەکەم، ئەگەر بتانەوێ ڕاهێنانتان بۆ دەکەین و کەسی خۆمانتان لە گەڵ دەنێرین. وتم زۆر باشە. وتی بڕۆ ڕەزامەندی ئاسایش وەربگرە، ئەو وەرقەیەم بۆ بهێنی هەموو ئیشەکانت من دەیکەم و بە ناوی تۆیش دەری دەکەم، بەس دەبێت وەرەقەی ڕەزامەندی ئاسایشم بۆ بهێنی.  وتم بۆچی؟ وتی ؛ شتەکە سیاسییە ئەگەر ئێمەش ڕازی بین حکومەتی عێراق ڕازی نابێت.

مەگەر ئێوە «ئێن جی ئۆ» نین، وەک ڕێکخراوێک نازانن چەن کوردی فەیلی لە عێراق هەیە؟
- ئاخۆ کێشەمان هەیە، من ئێستە خۆم بۆ نموونە پێناسەکەم وەکوو عێراق نییە، وەکوو کوردانی فەیلی نییە من لە سەر سلێمانیم. هەیە بەم شێوەیە گۆڕاوە، ئێمە ویستمان ئامارێکی ڕێک و ڕاست بگرین.

ئێستە ئێوە نازانن چەن کوردی فەیلی لە سلێمانی هەیە؟
- نازانین، هی وا هەیە نایەت پێناسە دەربکات، زۆربەی ئەوانە ئیشیان هەیە دێن پێناسە دەر دەکەن. بۆ نموونە کەسێکی وەک خۆم پێویستم بە پێناسەی ڕێکخراوەکە نییە، چوون من ئەو کێشەیەم نییە. تەنیا یەکجار ئەوەم بە سەر هات؛ لە هەولێر هاتمە سلێمانی ئەوکات استفتا بوو زۆر وەزعەکە ئاڵۆز بوو، پاسپۆرت و ناسنامە (تەسکەرەی سەوز) و کارتی وەرگێڕی فەرمی و... پێ بوو، وتی ئەوە هەمووی دەتوانی تەزویری بکەیت، وتم ئەی چیت ئەوێ؟ وتی، خەڵکی کوێی؟ وتم فەیلیم، ئەیگووت، هەویەی فەیلیم پێ بدە. منیش تەنیا ئەوەم پێ نەبوو. وتم بەخوا من خۆم بەرپرسم، وتی: بەرپرس چۆن هەویە هەڵناگرێت. ئیتر بەزۆر دەرچووم لەوێ. ئەیگووت :ناهێڵم بێیتە ناو هەولێر، ئەم کێشانە بە تایبەت لە هەولێر دایە، زۆرکیشەمان هەیە لەو بابەتە، زۆربەشیان کوردی باش نازانن.
 
ئێستە کوردی فیلی لە ئێران هەیە؟
- بەڵێ ئێستە لە ئێرانیش هەن. من خۆم براگەورەکەم لە ئێرانە.

کوردی فەیلی لە کەرکووکیش زۆرن؟
- دوای ئەوەی ڕژیم دەرچوو لە فاو 12 خێزانمان هەیە (هەڵبەت ئەم ئامارە کۆنە). ئەو کاتەی دەرکراین ئەوانەی مانەوە بڵاو بوون بە شارەکاندا، بەشێکی کەمیان لە کەرکووک هەبوون، لە بەسرە و لە فاویش کوردی فەیلیمان هەیە، ڕایان دەکرد تا لە ناو خەڵکدا خۆیان بشارنەوە و دەریان نەکەن. زۆربەشیان نازناوی عەرەبییان لە سەر خۆیان دانا بوو.

زۆربەیان پەیرەوی مەزهەبی شیعەن؟
- کوردانی فەیلی هەموویان شیعەن، ئەوانەی لە خانەقینن هەندێکیان پەیرەوی مەزهبی سونین.

ئایا ئێوە لە ناو کوردانی فەیلی ڕێکلام و ڕاگەیاندنتان کردوە کە وەها ڕێکخراوێک هەیە بۆ چارەسەری کێشەکانیان؟
- بەڵێ هەموویان دەزانن ئێمە لێرەین و سەردانیشمان دەکەن.

ڕێکخراوەکانیتر وەک زەردەشتییەکان ساڵانە لە بۆنەکاندا پرۆگرام و بەرنامەیان هەیە، بەرنامەکانی ئێوە چین؟
- ئێمەش بەرنامەمان هەیە بۆ نموونە ڕۆژی شەهیدانی فەیلیمان هەیە لە نەورۆز و جێژنەکانی تردا بەرنامەمان هەیە و هەندێک بەرنامەی تایبەتی خۆیشمان هەیە.

چۆن ڕاگەیاندن دەکەن و خەڵک لە بەرنامەکانتان ئاگادار دەکەنەوە؟
- ناو و ژمارەی زۆر کەسمان لەلایە کە ناسنامەمان پێداون نزیکی 600 بۆ 700 کەس دەبن و ساڵانە ناسنامەکەیان بۆ دووبارە دەکەینەوە .

 لە بەر هاو مەزهەب بوونتان (شیعە) لە گەڵ ئێران ئایا ئێران هاوکاریتان دەکات؟
 - نا هیچ پەیوەندییەکمان لە گەڵیاندا نییە.
هەیە بۆ نموونە ئەوانەی شیعەی بەغدا .ئێمە زۆرتر خۆبەخشین هەموو تێچووی ڕێکخراوەکە لە ئەستۆی خۆمدایە. ئێستا هەوڵ بۆ پرۆژە ئەدەم، پار باش بوو دوو پرۆژەم هەبوو باش بوو نەختێک یارمەتی دام.

قسەی کۆتاییت بۆ بەرپرسەکان چییە؟
- ئێمە کێشەمان زۆرە، بەڵام بۆ زانیاریتان؛ ئێمە هەرچی شەهیدمان هەیە تەرمی کەسمان دەس نەکەوتوەتۆ. کاتی خۆی 22 هەزار گەنجی فەیلی لە زیندانی بەعس دا بوون کە تەمەنیان لە 16 تا 40 ساڵ بوون، بە چەن شێواز له ناو چوون یان لە سێدارە دران، زاوایەکی خۆمان لە ساڵی 1980 تا 1984 لە زیندان بوو دواتر لە سێدارە درا، تەنیا تاوانیشیان کورد بوون بوو، هەندێکیان لە شەڕی ئێران و عێراقدا لە سەر مین کوژران. لە سەردەمی بەعس هەندێک لاویان لە زیندانەوە برد وتیان 2 ساڵ سەربازی دەکەن و دواتر ئازادن، بەڵام کە بردنیان بۆ بەرەی شەڕ لەوێ خستنیانە ناومین و لە ناویان بردن. ئەم زانیاریانە چۆن پێمان گەیشت، هەندێک بەڵگە هەبوو فڵان کەس لە فڵان بەروار لە سێدارە دراوە لە فڵان گۆڕستان نێژراوە . ئەڕۆیتە قەبرستانەکە سەیر دەکەی هەمووی ژمارەیە ئیتر تۆ نازانی کام گۆر هی کێیە. چەن کەسێکمان هەیە دەر چووە لەوانە ئەبوو سیروانە کە لە زیندانی ئەبوو غوریەب بوو، ژمارەیەکی زۆر خەڵکیان لەوێ فڕێ دا کە هەندێکیان دەرچوون. هەندێک ڕاپۆرتی بەعسیەکانیشمان دەسکەوتووە کە سەرچاوەی زانیارین بۆ ئێمە(بۆ نموونە یەکێکیان نووسیویەتی 20 زیندانی فەیلیم هێناوە لە سەر مینەکان لە ناوم دان) تەنانەت لە 22 هەزار شەهید هیچمان دەس نەکەوتووە.
پاشان کێشەی ناسنامەمان هەیە.ناسنامەی ئێمە تا ئەم کاتە لە بەشی بیانییەکانە.
یەعنی کە دڕۆین ناسنامەکە تازە دەکەینەوە دەڕۆینە ئەو بەشە، لە سەر ناسنامەکەیشمان نشانەی(اربعالف) تەبعیە بوون هەیە و بەداخەوە تا ئێستا نەگۆڕاوە، هێشتا کەسی وا هەیە ناسنامەی وەرنەگرتووە یان موڵک و ئەملاکی وەرنەگرتووە. به پێی ئاماری 4 ساڵ پێش زیاتر لە چل خێزانمان هەیە هێشتا لە ئێرانن و لەوێ لە ئۆردووگادان ئەمانە لە بەر ئەوەی ماڵیان نییە ناگەڕێنەوە. ئێران بەرگری ناکات بڕۆی سەردانیان بکەیت. لە باری ئابووریەوە زۆر هەژارن. هەموویان ناسنامەی عێراقییان هەیە و هیچ کێشەیەکیان نییە لە عێراقی بووندا. ئایا کۆمپانیایەک وەک قەیوان ناتوانێت 102 ماڵ درووس بکات ئەمانە بگەڕێنەوە؟ ئەوان ترسی ئەوەیان هەیە بگەڕێنەوە بێ ماڵ  دەبن ئیشیان نییە. لەوێ لەڕێگای یارمەتی ڕێکخراوە و خەڵکەوە دەژین.
لە یەکێک پرسیارم کرد وتم: لێرە چۆن دەژین؟ وتی: لە قاتی دا دەژین یەعنی تا ئەو ڕادەیە وەزعیان خراپە. وەک ئاگاداری لەوێ کارتی سەبزمان هەبوو، ئیتر لە شوێنی حکوومی ناتوانی ئیش بکەیت، ئەگەر لە شوێنی شەخسی و تایبەتیش ئیش دەکەیت بازرەس لێپێچینەوە لە خاوەن ئیشەکە دەکات و غەرامە دەکرێت، لە هەموو شوێنێک ئێمە ئەم وەزعەمان هەیە. لە لایەکە وە لە هەرێمی کوردستان وەک خەڵکی بەغدا مامەڵەمان لە گەڵ دەکرێت و لە لایەکەوە لە بەغدا بە کورد حەساب دەکرێین وەک تۆپێک ئەم لاو ئەو لامان پێ دەکرێت.

چی قسەیەکتان بۆ بەرپرسە باڵاکان هەیە؟
ئێمە دەمانەوێت ئەو کێشانەی کە باسم کرد بۆمان چارەسەر بکەن، لە کاتی هەڵبژاردن سەدان قەوڵ و بڕیار دەدەن
ئێوە دەتوانن لە هەڵبژاردندا بەشدار بن؟
ئێمە لە بەغدا بەشدار دەبین لە کوردستان ناتوانین. لە بۆ هەڵبژاردن، ئێمە پتر لە دوو ملیۆن کەسین بەپێی یاسای عێراقی هەر سەد هەزار کەس یەک کورسی بوونی هەیە ئیتر تۆ بزانە ئێمە چەن کورسیمان لە دەس داوە. لە ڕاستیدا لە هیچ بواڕێکدا هیچ ئاورێکمان لێ نادرێتەوە . نامەوێت باسی سیاسی بکەم و لایەنگری هیچ کەسێکیش نییەم، بەڵام مالیکی زۆر لە گەڵمان باش بوو . بۆ نموونە بڕیارێکی دا وتی ساڵەکانی خانەنشین کردنی زیاد کرد، زۆربەمانی قەرەبوو کردەوە، بڕیاری دا وتی کوردی فەیلی سەردانی هەر ئیدارەیەکی کرد دەبێت لە زووترین کات و بێ گیر و گرفت بیخەنەڕێ، ئەگەر لە کوردستانیش وا ئاوریان بدایەوە زۆر باش بوو.
 سەردەمی سەرۆک کۆماری مام جەلالیش زۆر باش بوو، ئەویش زۆر ئاوری لێداینەوە یەکەم بەشی کوردی فەیلی کە لە ئێرانەوە گەڕانەوە هەموویان ناسنامەی سلێمانییان بۆ دەرکرا. خۆی وتی من ئەم ناسنامەیە بە ئێوە دەبەخشم.
تەنانەت ئەو حوسەینییەیش هەر بە بۆنەی ئەم بابەتەوە ساز کرا، وتی ئەمانە شیعەن و ئەمەوێت ناوەندێکی ئایینییان هەبێت.مام جەلال زۆر باش بوو هەموو کوردێکی فەیلی ئەمەگداری مام جەلالە و بە چاکی باس لە مام جەلال دەکات. من 24 ساڵە لە عێراق دەژیم نەمبیستوە کەسێک بە نەشیاوی باسی مام جەلال بکات. بۆ ڕۆژی 4/4 ڕۆژی شەهیدانی فەیلی بەرنامەی تایبەتمان هەیە.