ئەستێرەی سەرەکی فیلمی «قارەمان»: هەرکەسێک ئەبێت قارەمانی خۆی بێت

(0) / / گفتگو / زایەڵە فیلم قارەمان ئەسغەر فەرهادی


Jan 28, 2022

قەبارەی فۆنت:

 ئەمیر جەدیدی ئەکتەری ئێرانی لە وتووێژ لە گەڵ «ورایتی»دا سەبارەت بە ڕۆڵی ڕەحیم و فیلمی «قارەمان» دواوە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ئەمیر جەدیدی ئەکتەری ئێرانی و ئەستێرەی سەرەکی فیلمی «قارەمان» لە دەرهێنانی ئەسغەر فەرهادی کە لە پێڕستی کورتی ئۆسکاریش دا جێگیر بووە، ئەکتەرێکی تازە پێگەیشتوو نییە، ئەو پێشتر لە زیاتر لە ۱۲ فیلمی ئێرانیدا دەرکەوتووە و لە ئێراندا لە تەنیشت ئیشی هونەریدا وەرزشوانێکی پڕۆفێشناڵی یاری تێنسە.
 جەدیدی لە گەڵ ئەسغەر فەرهادی دەرهێنەری فیلمی «قارەمان» لە سەر ئەو کاراکتێرەی خۆی بە ناوی «ڕەحیم» هاوکارییەکی تەواوی هەبووە.
 ئەو کاراکتێرەی لە کاتێکدا بە هۆی قەرزارییەوە لە زیندانا بوو جانتایەکی ون بووی پڕ لە زێڕ دەگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنەکەی.
بەڵام ئەم کردەوەیە دەبێتە سەرەتایەک بۆ هەرا و هووریای تر.
ئەسغەر فەرهادی بە فیلمی «قارەمان» بە دوای سێهەمین ئۆسکاری نێودەوڵەتیدایە و ئەمیر جەدیدی دەیەوێت بۆ پشتیوانی لە فیلمەکە سەردانی ئەمریکا بکات.
 وتووێژی ئەمیر جەدیدی لە گەڵ «ورایتی»دا :
  _ ڕۆڵی «ڕەحیم»ت چۆن دۆزییەوە؟
 لە نووسینگەی بەڕێز فەرهادییەوە پەیوەندییان لە گەڵ گرتمویستیان دانیشتنێکمان هەبێت. کاتێک زەنگم لێ درا، خەریکی فیلمهەڵگری فیلمێکی تر بووم و بەهۆی ئەوەی لە گەڵ ئەو کاراکتەرەدا بگونجێم وەرزشی زۆرم کردبوو توند و تۆڵ بووم، هەر بۆیە کاتێک لە گەڵ بەڕێز فەرهادی دا یەکترمان چاو پێکەوت یەکەم شتێک پێی گووتم: تۆ دەبێت هەموو شتێکت بگۆڕی بۆ ئەوەی بتوانی ڕۆڵی ڕەحیم ببینی، پێویستە کێشت دابەزێنی و لاوازتر ببیتەوە، دەنگت بگۆڕی، شێوەی بەڕێدا چوونت بگۆڕی، هەڵسووکەوتت بگۆڕی، زمانی جەستەت و ... . ئەمە یەکەم جار بوو لە گەڵ بەڕێز فەرهادیدا یەکترمان دەبینی.
 _ قۆناغی دواتر چی بوو؟
  کاتێک سێناریۆکەم خوێندەوە لە گەڵ ئەسغەر فەرهادی ئیش کردن لە سەر کاراکتێرەکەمان دەسپێکرد و لە کاتی پرۆڤەدا کاراکتێرەکەمان پێکەوە خولقاند.
 ئێمە لە سەر ئەمە بڕیارمان دەدا کە ڕەحیم چۆن قسە دەکات، چۆن دەڕوا بەڕێوە، چۆن بە خەڵکدا دەڕوانێت، چۆن تووڕە دەبێت، چۆن دەگری و ...
 من لە سەر کاراکتێرەکە بیرم دەکردەوە و پاشان نیشانی ئەسغەر فەرهادیم دەدا و ڕۆڵەکەم جێبەجێ دەکرد و ئەویش ڕێنوێنی منی دەکرد. کاراکتێری «ڕەحیم»مان بەم شێوەیە خولقاند.
 _ کەواتە هەردووکتان گەیشتنە ئەم قەناعەتە کە «ڕەحیم کەسایەتییەکی سادە و ساکارە لە دۆخێکی ئاڵۆزدا».
 هەردووکمان کۆک بووین لە سەر ئەوەی کە ڕەوتی جێبەجێ کردنی ڕۆڵی ڕەحیم وەک کاراکتەرێکی تەریکخوازی ساکار زۆر ئەستەم تر لەوەیە کە ڕۆڵی جڤاکی (برونگرا) بێت.
 لە بەر ئەوەی ڕەحیم کەسایەتییەکی سادە و ساکارە، ناچار بووین فاکتەرە سەرەکییەکان لە کەسایەتییەکەی زیاد بکەین بۆ ئەوەی سەرنجی بەردەنگ ڕابکێشین.
 پەیوندی گرتنی (ڕەحیم) بە چاو دڵڕفێنترین بەشی ئەم ڕۆڵەیە، لەم ڕوەوە بەردەنگ دەتوانێت هەست و تووڕە بوونی ڕەحیم لە نێو چاوانیدا لە پشت دیمەنێک کە بەرەو جیهانی دەرەوە درووستی کردبوو، هەست پێ بکات.
 ئەو بە ڕواڵەت لە بەرانبەر ئەم هەموو هەرا و هووریا و ئاڵۆزییەدا ناچالاک و پاسیڤە.
 من بەڕاستی ڕەحیم وەک کەسایەتییەکی پاسیڤ و ناچالاک نابینم. وادەزانم ئەو تەنیا ئەو کێشمەکێشانە قبووڵ دەکات کە ژیان بە سەریدا تێرێت، بەڵام دواتر بەڕاستی هەوڵ دەدا ڕێگا چارە بۆ ئەو  ئاڵۆزییانە بدۆزێتەوە کە لە گەڵیدا ڕووبەڕوو دەبێتەوە، لەوانەیە هەموو کاتیش تێیدا سەرکەوتوو نەبێت.
 _ شوناسی ڕەحیم و هەڵبژاردەکانی چۆن پێناسە دەکەیت؟
 لە ڕاستیدا ڕەحیم وەک کەساییەتییەکی ئەرک ناس دەبینم. ئەو هەوڵ دەدا وژیژدانی پاک و خاوێن ڕابگرێت. سەرەڕای ئەوەی لە فیلمەکەدا دەیبینین کە هەندێک جار هەوڵ دەدا، دیسان نایەوێت بۆ ڕزگار بوون لە دۆخێکی دژوار درۆ بکات .
 _ بەقەوڵی ئەسغەر فەرهادی، «قارەمان» سەبارەت بەمەیە کە چۆن میدیاکان هەندێ جار خەڵکی ئاسایی دەکەنە قارەمان و چاوەڕوانی زۆر بۆ ئەم قارەمانە درووست دەکەن. ئێوەش هاوڕان؟
 من بە تەواوی لە گەڵ وتەکانی بەڕێز فەرهادی دا هاوڕام. ئیشی میدیاکان زۆرجار «پێکهێنان و درووس» کردنی چیرۆک یان وەک بڵێم «قارەمان»ەکانە.
 ئەم فیلمە دەری دەخات کە چۆن کۆمەڵگەیەک پێویستی بە «قارەمان»ە یان چۆن خەڵک حەز دەکەن کەسێک بکەنە«قارەمان/پاڵەوان» و دواتر لە چاوچنۆکیدا لە ناوی بدەن. بەڵام من وادەزانم کۆمەڵگە بۆ مانەوەی خۆی پێویستی بە «قارەمان» نییە. هەرکەسێک دەبێت  قارەمانی خۆی بێت. بە جۆرێک هەموو ئێمە دەبێت قارەمانی خۆمان بین و پاڵپشتی یەکتر بین یەکگرتوو بین.