ڕەخنە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری  لە مەراسیمی پەردەلادانی سێ کتێب لە چەمچەماڵ

(0) / / فرهنگی / زایەڵە کتێب لەتیف فاتیح فەرەج


Jan 29, 2022

قەبارەی فۆنت:

لە مەراسیمێکی پەردەلادان لە سێ کتێب لە شارۆچکەی چەمچەماڵ نووسەرێک ڕەخنە لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی دەگرێت، کە بۆ چاپکردنی بەرهەمەکان هاوکاریی نووسەران ناکەن .
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، لە ۲٠٢٢/١/٢٦ لە هۆڵی ڕۆشنبیریی شارۆچکەی چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، بەئامادەبوونی بەشێک لە توێژە جیاجیاکانی شارۆچکەکە، ڕێوڕەسمی پەردە لادان لە سەر سێ کتێب بەڕێوە چوو.
کتێبەکان پێکهاتبون لە؛ هەگبەی ژیانم لە نووسینی نووسەر ئاسۆی ژیاندۆست، کتێبی گوڵە پەمەیەکەی نووسەر ڕاز لەتیف فاتیح، لەگەڵ کتێبی هەموومان لەئەنفالدابووین-ی نووسەر لەتیف فاتح فەرەج.
لەتیف فاتیح فەرەج، نووسەر و خاوەنی یەکێک لە بەرهەمەکان لە مەراسیمەکەدا وتارێکی پێشکەشکرد و تیشکی خستەسەر ناوەڕۆکی کتێبە نوێیەکەی و وتی: کتێبەکەی من باس لە ئەنفال و سەردەمی ئەنفال دەکات لە چەمچەماڵ، لەئێستاشدا چەند کتێبێکی دیکەم لەبەردەستدایە و هەوڵدەدەم ئەگەر توانام هەبێت بۆ ساڵیادی ئەنفال بیخەمە بەردیدەی خوێنەران.
ئەو نووسەرە ڕەخنەی لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش گرت کە “هاوکاریی نووسەران ناکەن لە چاپکردنی بەرهەمەکانیاندا و وتی: سەرەڕای ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆر خوێندکاری زانکۆ و پەیمانگاکان هەیە و پێویستیان بە سەرچاوەی زانستییە، بەڵام ئەو سەرچاوانەی بڵاودەکرێنەوە بەهۆی نەبوونی پاڵپشتییەوە تیراژێکی کەمیان لێ چاپدەکرێت.