مەسعود بارزانى و بافڵ تاڵەبانى "دوا بڕیار" لەسەر کێشەى سەرۆک کۆمار دەدەن

(0) / / کردستان / zayeLe زایەڵە یەکێتی پارتی بارزانی بافڵ تاڵەبانی


Feb 10, 2022

قەبارەی فۆنت:

چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی دوا بڕیار لەسەر کێشەى سەرۆک کۆمار بدەن و هەردوولا دوو کاندیدە سەرەکییەکەیان بکشێننەوە و لەسەر کاندیدێکى هاوبەش ڕێکبکەون.  
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی " سپی " بڵاویکردووەتەوە، رۆژى چوار شەممە لەسەر پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پرۆسەی سیاسی لە عێراق، نێچرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و کە جێگری سەرۆکی پارتیشە لەگەڵ قوباد تالەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و ئەندامی مەکتەبی سیاسی کۆبۆتەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا زەمینە خۆشکراوە بۆ کۆبوونەوەی نێوان بافڵ تاڵەبانی و مەسعود بارزانی بۆ ئەوەی دوا بڕیاری خۆیان لەسەر کێشەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق بدەن کە پشکی کوردە.  
ئەو پەرەسەندانەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی دوای کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی دێت کە بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی چوارشەممە لە پیرمام بەڕێوە چوو. دەربارەی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی، بەپێی زانیارییەکانی پێگەکە، پارتی هەستی بەوە کردووە کە ئەگەر دادگای فیدراڵی رێگا بە هۆشیار زێباریش بدات کە لە کێبەرکێی کاندیدەکانی پۆستی سەرۆک کۆماردا بمێنێتەوە، ئەگەرێکی لاوازە بەرامبەر بەرهەم ساڵح سەرکەوتن بە دەستبهێنێت، چونکە بەهۆی ئەو هەڵمەتە میدیایەی لەسەر هۆشیار زێباری بووەو، راگرتنی کاندیدکردنی لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە زحمەتە لەو کێبەرکێیەدا لەناو پەرلەمانی عێراق سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.  
ئەوەش خراوەتەڕوو، هەر بۆیە پارتی دەیەوێت هەنگاوێک بچێتە دواوەو دەرگایەک بەرووی یەکێتیدا بکاتەوە کە پارتی زێبارى بکشێنێتەوە، بەرامبەر ئەوەش یەکێتی بەرهەم ساڵح بکشێنێتەوەو، هەردوولا رێکبکەون لەسەر کاندیدێکی تر کە تارادەیەک نزیک بێت لە یەکێتی یەوە.  
بەپێی ئەو زانیاریانە گەر پێنج شەممە یەکێتی و پارتی رێکنەکەون لەسەر کشانەوەی کاندیدەکەیان، ئەوا پارتی لەماوەی ئەو سێ رۆژەدا کاندیدێکی تر پێشنیار دەکات بۆ کێبەرکێ لەگەڵ بەرهەم ساڵح و ئەگەری زۆر هەیە د. فواد حسێن وەزیری دەرەوەی ئێستای عێراق بێت.