ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان: بێکاریى گەنجان هەڕەشەیەکى جیدیە

(0) / / گفتگو / ئابووری زایەڵە پەرلەمانی کوردستان


Feb 28, 2022

قەبارەی فۆنت:

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان وێڕای ئاماژە بەوەی کە لە هەرێم، نزیکەى (617,000) هاووڵاتى بێکارن، ئەمەی بە هەڕەشەیێکی جیدی ناوبرد.

عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە زایەڵەی  ڕاگەیاند، بە پێى ئەو زانیارییانەى لەڕێگەى بەدواداچوونەوە دەستم کەوتوون، لە هەرێمى کوردستان، نزیکەى (617,000) هاووڵاتى بێکارن، لەو ڕێژەیەش نزیکەى (393,000)یان گەنجانى تەمەن (١٦ بۆ ٢٤ساڵ)ن، ئامارو زانیارییەکانیش بۆ ساڵانی (٢٠١٧ و ٢٠١٨) دەگەڕێنەوە، ئەم ژمارەیەش بەردەوام زیاد دەکات، بەهۆى نەبوونى دامەزراندن لە کەرتى گشتى وبەگەڕنەخستنەوەى پڕۆژەکان و نەڕەخساندنى هەلى کار لە کەرتى تایبەت و نەبوونى پشتیوانی حکومەت بۆ گەنجان لە دۆزینەوەى کارو بونیاتنانى کارو پڕۆژەى بچوکى تایبەت بەخۆیان.

وتیشی: بێکاریی، تەنها خاڵیبوونى گیرفانەکان بەدواى خۆیدا ناهێنێت، بەڵکو کۆمەڵێک کێشەو بەڵاى کۆمەڵایەتى بەدواى خۆیدا دەهێنێت کە بارگرانى گەورە دەخاتە سەر شانى وڵات و خێزانەکان بەشێوەیەکى گشتى. لەمبارەیەوە، بە نووسراوى ژمارە (١٩٥) لە (٢٠ى ٢ى ٢٠٢٢) داوامانکرد سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران ڕوونکردنەوە بدات لەسەر دەستەوسانى حکومەت لەسەر کێشەى بێکارىی، بەتایبەت بێکاریى گەنجان.

ڕاشیگەیاند، پڕ مەترسییە ئەگەر حکومەت لە دۆخى سەختى بێکاریی گەنجاندا تەنها تەماشاکاربێت و بەرنامەو پلانى نەبێت بۆ کەمکردنەوەى ڕێژەى بێکارى و بەهاناوەچوونى گەنجان لەو دۆخەى تیایدان، بەتایبەت کە ئێستە دۆخى هەرێم لە ڕووى داراییەوە زۆر باشە و نرخى نەوت گەیشتووەتە باشترین ئاستى لە ماوەى هەشت ساڵى ڕابردوودا.ئەم هەوڵ و بەدواداچوونەى ئێمە بێجگە لە بەداواچوون بۆ بەڵێن و ئەرکەکانی حکومەت و دەسەڵات و حزبە پێکهێنەرەکانی بەرانبەر گەنجان، لە هەمانکاتدا هوشداریشە لەو ئەنجامە خراپانەى بێکارى بەدواى خۆیدا دەیهێنێت لە ئایندەیەکى نزیکدا.

کامەران کەریم