لە دوکان ئامادەکاری بۆ ڕۆژانی نەورۆزو سەری ساڵی کوردی دەکریت

(0) / / کردستان / زایەڵە کەلار نەورۆز


Mar 16, 2022

قەبارەی فۆنت:

لە کۆوبوونەوەی لیژنەی ئەمنی قایمقامیەتی دوکان، باس و پلانی ئامادەکاری بۆ ڕۆژانی نەورۆز و جەژنی سەری ساڵی کوردی خرایە ڕوو.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، قایمقامیەتی دوکان ڕایگەیاند، لیژنەی ئەمنی کۆبوونەوەی ئاسای خۆی ئەنجامدا و دواتریش بەڕێوەبەری گەشتوگوزار و سەرۆک شارەوانی و تەندروستی دوکان بەشدارییان کرد و باس و پلانی ئامادەکاری بۆ ڕۆژانی نەورۆز و جەژنی سەری ساڵی کوردی خرایە ڕوو .قەزای دوکان وەک جوانترین ناوچەی گەشتیاری لەهەرێمی کوردستان و عێراق ساڵانە و بەتایبەت لە بۆنەکانی نەورۆز و ڕۆژانی دواتردا هەزاران گەشتیارو هاوڵاتی سەردانی ناوچەگەشتیارییەکانی سنورەکە دەکەن .هاوکات بوونی چەندین ناوچەی تری گەشتیاری لەقەزاکەدا سەردانی کردنی گەشتیار زیاتر دەکات .

ئەمەش وادەکات پێش وەختە ئامادەکاری تەواوی ئیدارەی قەزاکەو لیژنەی ئەمنی و لایەنەپەیوەندیدارەکانی بۆبکرێت .

سیروان سرحد قایمقامی دوکان  لەبارەی پلان و ئامادەکارییەکانیان ڕایگەیاند ، هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو پێشوازی لەگەشتیاران دەکەن لە ڕۆژانی نەورۆزدا و ئامادەکاری تەواویان بۆ ئەومەبەستە کردووە .

وتیشی، لە چەندین شوێن تیمی ئەمنی ئامادەییان دەبێت و هەماهەنگی تەواو لە نێوان هێزە ئەمنییەکاندا دەبێت . وە تیمی تەندروستی و پێداویستییەسەرەتاییەکان بەشێوەی جێگیرو گەڕۆک لەناوچە گەشتیارییەکاندا دەبن .

وەهەروەها لیژنەکانی گەشتوگوزاریش چاودێری پڕۆژەگەشتیارییەکان دەکەن لە ڕووی نرخ و پاکژی و ڕێنماییە سەلامەتییەکان .

وە تیمی مەلەوانی و بەرگری شارستانی و پۆلیسی دارستان و ژینگە لە ئەرکدادەبن لە پێناو سەلامەتی گەشتیاران و بەدەمەوە چوونیان .

وە قائیمقامی دوکان جەختی لەوەش کردەوە هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو بەشێوەیەکی ڕێکخراو بەهەماهەنگی لایەنە پەیوەندیداروخزمەتگوزارییەکان هەوڵ دەدەن باشترین کەشی گەشتیاری بۆ گەشتیاران بڕەخسێنن .

وە جێی باسە لەگەڵ نزیک بوونەوەی جەژنی سەری ساڵ ئامادەکارییەکان زیاتر دەبن و کاری پێویست لەسەر ڕێنماییە گەشتیارییەکان و ڕێنماییە سەلامەتییەکان دەکرێت .

وە ئیدارەی قەزای دوکان داوا لە خاوان پڕۆژە گەشتیارییەکان و هاوڵاتیان دەکات بە باشترین شێوە پێشوازی لە گەشتیاران بکەن و ڕێنماییەکان لەبەرچاو بگرن . هەرچی هاوڵاتیانیشە وێڕای هاوکارییان بۆ هێزە ئەمنییەکان و جێبەجێ کردنی ڕێنماییەکان گرنگی بە پاک ڕاگرتنی پڕۆژەو شوێنە گەشتیارییەکان بدەن .

کامەران کەریم