فراکسیۆنی یەکێتی: بەشداریی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق ناکەین

(0) / / عراق / زایەڵە یەکێتی پەرلەمان عێراق


Mar 26, 2022

قەبارەی فۆنت:

فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنن کە سبەی شەممە بەشداریی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق ناکەن.

 بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆژی هەینی 25-3-2022 راگەیێنراوێکیان لەبارەی بەشدارییکردن یان نەکردنیان لە کۆبوونەوەی رۆژی شەممە پەرلەمانی عێراق بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن "ئێمە لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وەك بەرپرسیار و پارێزەری مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی خەڵكی كوردستان و پارێزەری یەكڕیزی پێكهاتەكان و خاكی عێراق، لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵمان هاوڕان لە دانیشتنی سبەی ئەنجوومەنی نوێنەران بەشدار نابین."

لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە "لەبەر نەبوونی هێزێكی تۆكمەی نیشتمانیی سەربازی لە سەرانسەری وڵات و بوونی گرووپی جیا جیا، هێشتا پێكهاتەكانی عێراق پێویستیان بە لێکتێگەیشتن و سازان هەیە بۆ جێگیركردنی زیاتری دامەزراوە دەوڵەتییەكان."

 فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق 18 کورسی پەرلەمانی هەیە و دەشڵێت "ئەوەی سبەی دەگوزەرێت لەپێناو حكومەتێكی بەهێزی نیشتمانیی و داهاتوویەكی باشتر نییە بۆ گەلانی عێراق، بەڵكو هەندێ لایەن، بەپێی بەرژەوەندی تایبەت و تێڕوانینی‌ نا ڕاست، لە ئاوی لێڵ مەلە دەكەن."

 دەقی راگەیێنراوەکەی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق

 سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، كە بریارە لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوەبچێت، ئەگەر بڕیارە، بیر لە پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانیی بەهێز بكرێتەوە، لۆژیك لەكوێیە؟ ئەوەی دوێنی لە سەنگەری بەرگری لە سیستمی عێراقی نوێ و تێكشكاندنی پاشماوەی بەعسییەكان و تیرۆریستانی قاعیدە و داعش، بوو، پێی دەگوترێت بڕۆ ببە بە ئۆپۆزیسیۆن.

لەبەر نەبوونی هێزێكی تۆكمەی نیشتمانیی سەربازی لە سەرانسەری وڵات و بوونی گرووپی جیا جیا، هێشتا پێكهاتەكانی عێراق پێویستیان بە تەوافوق و سازان هەیە بۆ جێگیركردنی زیاتری دامەزراوە دەوڵەتییەكان.

بۆیە دامەزراندنی حكومەتێكی بە هێز، كە دەنگی هەمووانی تێدا بێت و وەڵامدەرەوەی هەموو ئاڵنگارییەكانی سەر پرۆسەی سیاسی عیراق بێت، هێشتا پێویستیمان بە پرەنسیپی سازانە.

 ئەو بیركردنەوەیە تەنیا بۆ ناو ماڵی شیعەش لۆژیكی نییە، ئەی ئەمە چ جۆرە بیركردنەوە و چ لۆژیكێكە، هێشتا حكومەتی هەرێم  كۆمەڵێك كێشەی چارەسەرنەكراوی دەستووری و قانوونی هەیە لەگەڵ حكومەتی ئیتحادی، گرینگترینیان ماددەی 140ی دەستوور و دۆسیەی نەوت و پرسی هێزی پێشمەرگەیە، باسی حكومەتێكی زۆرینە بكات كە بە دەنگی كورد هیچ پرۆژە یاسایەك، جگە لەناو هۆڵی پەرلەمان، بەڵكو لە ئەنجوومەنی داهاتووی وەزیرانیش تێپەڕ نابێت.

 كەواتە هەموو هەوڵ و تێكۆشانی خەڵكی كوردستان بكەینە قوربانی دەستكەوتی چەند كەسێك كە هیچ بەهایەك بۆ  قوربانییەكانی گەلەكەمان دانانێن و بە دوای دروشمێك كەوتوون، كە هیچ باوەڕیان بە مافی كورد و پێكهاتەكانی دیكەی عیراقیش نییە.

 بۆیە ئەوەی سبەی دەگوزەرێت لەپێناو حكومەتێكی بەهێزی نیشتمانیی و داهاتوویەكی باشتر نییە بۆ گەلانی عێراق، بەڵكو هەندێ لایەن، بەپێی بەرژەوەندی تایبەت و تێڕوانینی‌ نا ڕاست، لە ئاوی لێڵ مەلە دەكەن.

 ئێمە لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وەك بەرپرسیار و پارێزەری مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی خەڵكی كوردستان و پارێزەری یەكڕیزی پێكهاتەكان و خاكی عێراق، لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵمان هاوڕان لە دانیشتنی سبەی ئەنجوومەنی نوێنەران بەشدار نابین.