هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراق دەداتەوە

(0) / / کردستان / zayeLe زایەڵە ئومێد سەباح هەولێر نەوت بەغداد


May 09, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی دانوستاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق لەبارەی دۆسیەی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌فه‌رمی وه‌ڵامی رەشنووسێکی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ده‌داته‌وه.

ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان یەکشەممە 08-05-2022 رایگەیاند، دوای سه‌ردانی شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵ، وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵ رەشنووسێکی بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ناردووه‌ كه‌ ئێستا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌رقاڵی خوێندنەوەیەتی‌ و‌ تاوەکو كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ به‌ فه‌رمی وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق دەدەنەوە، هه‌روه‌ها له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوور كاری به‌ یه‌كەوە‌یی و هاوئاهەنگی گفتوگۆكانیان به‌رده‌وام ده‌بێت.

 لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق سەبارەت بە دۆسیەی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان ئومێد سەباح رایگەیاند، هەڵوێستی هەرچوار سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کورستان روونە، پێشتریش لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە جەختی لێکراوەتەوە.

 د. ئومێد سەباح پێیوایە حکومەتی عێراق سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی مامەڵەی بژاردەکردن دەکات، دەشڵێت، "بۆ نموونە، دادگەی فیدراڵیی [عێراق] لە ساڵی 2019 بڕیارێکی سەبارەت بە پێناسەکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی ماددەی 140 و پابەندکردنی حکومەتی فیدراڵی بۆ جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە دەرکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو بڕیارەی دادگەی فیدراڵیی [عێراق] جێبەجێنەکراوە و هیچ بەدواداچوونێکیش نەکراوە لەلایەن هیچ دامودەزگایەکی حکومەتی فیدراڵی بۆ جێبەجێکردنی ئەو بابەتە".

 لەو بارەوە سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو نموونەیە ئەوە دەردەخات جۆرێک لە بژاردەکردنی بڕیارەکان و سووچگرتنی هەرێمی کوردستان هەیە سەبارەت بەو بابەتانە. هەروەها دەشڵێت، "بۆیە جەخت لەسەر مافە دەستوورییەکانی خۆمان دەکەینەوە و دەستبەرداری ئەو مافە دەستوورییانە نابین.''