شەپۆلە خۆڵبارینەکەی هەرێمی کوردستان سێ ڕۆژ دەخایەنێت

(0) / / کردستان / زایەڵە خۆڵبارین کوردستان هەرێم کەشناسی


May 22, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین لە نیوەڕۆی سبەینێ دووشەممەوە دەگاتە هەرێمی کوردستان و ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، هاوکات پلەکانی گەرما دادەبەزن و لە هەندێک شوێنیش نمەباران دەبارێت.

ئاراس جەبار، کەشناسی دیاریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ئەنجامی داخڵبوونی کاریگەری بارستەھەوایەکی سارد لە دەریای ناوەراستەوە،سبەینێ دووشەممە کەشی ھەرێم و ناوچەکە ناسەقامگیر دەبێت و لە ئەنجامدا خێرای با لە ڕۆژئاوای عێراقەوە بەرەو ھەرێمی کوردستان چالاک ئەبێت و شەپۆلێکی تا ڕادەیەک چڕی خۆڵبارین بە ئاڕاستەی ناوچەکەوە دەھێنێت و چڕی خۆڵبارینەکە لە دوای نیوەرۆ و بۆ شەو زیاتر دەبێت.

دەشڵێت، بە گشتی لە ناوچەکانی سنوری پارێزگای دھۆک کاریگەری کەمتر ئەبێت و لە ناوچەکانی سنوری سەنتەری پارێزگای ھەولێر و تەواوی ناوچەکانی پارێزگای کەرکوک و سلێمانی و ھەڵەبجە و سنوری گەرمیان و ڕاپەرین کاریگەری زیاتر ئەبێت و مەودای بینین بەڕادەیەکی زۆر کەم دەکاتەوە و بەھۆی کاریگەری ئەونزمەپاڵەپەستۆیەوە ئاسمانی ناوچەکە لەگەڵ خۆڵباریندا بۆ نیمچە ھەور دەگۆرێت و لەناوچە شاخاویەکانیشدا ئەگەری نمە باران دەبێت لە ھەندێ کاتدا.

ئاشکراشیکردووە ،خێرایی با سبەینێ بە نیمچە بەھێزی چالاک ئەبێت لە ئاڕاستەی باشوری ڕۆژئاواوە بەخێرای 25 تا ھەندێک کات بۆ زیاتر لە 50 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.هەروەها پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ لە سەرجەم ناوچەکاندا بە ڕێژەی 5 تا 8 پلەی سیلیزی نزمدەبنەوە و کەش ڕوو لە فێنکی دەکات.

ڕاشیگەیاند، سەبارەت بە ماوەی خایاندنی پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژی سێشەممە و چوارشەممەدا خۆڵبارین بەردەوامی ھەبێت بەڵام کاریگەری بەڕاورد بە سبەینێ کەمتر دەبێت و لە شەوی چوارشەممە لەسەر بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە (26ی ئایاری 2022) کاریگەریەکانی کۆتای پێدێت و کەش ئاسای دەبێت و پلەکانی گەرماش لەم ماوەیەدا بەنزمی و جێگیری دەمێننەوە.

کامەران کەریم