وتەبێژی گۆڕان: بە "نچیروان بارزانی"مان وت بە بەدەنگ چارەسەری کێشەکانەوە بێن پێش ئەوەی بازنەی ناڕەزایەتی خەڵک فراوانتر بێت

(0) / / کردستان / زایەڵە گۆڕان دلێر عەبدولخالق نچیروان بارزانی


May 23, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ بەرهەمی خەڵک و خەباتی مەدەنییە کە ئێستا لایەنەکانی دیکەش بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان بە دەرمانی چارەسەری کێشەکان دەزانن.

دلێر عەبدولخالق وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبونەوەی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و سەرۆک و جێگرانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت: کۆبونەوەیەکی راشکاوانەمان هەبو چونکە دۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و هەلومەرجی ژیانی خەڵکی کوردستان خراپە، خەڵک چاوەڕوانی گۆڕنکاری و چاکسازیی و باشکردنی ژیانیەتی، پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەکان و بەتایبەت خراپیی پەیوەندی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کاریگەری زۆر خراپی لەسەر چۆنیەتی ئیدارەدانی خەڵک و سەرچاوەکانی داهات و پەکخستنی دامەزراوەکان و حکومڕانییەکی رەشید هەبوە، هەمو ئەوانەش بوەتە هۆی ئەوەی نیگەرانی خەڵک و بی متمانەییان بەم دەسەڵاتە زیاد بکات".

ئاماژەی بەوەشکرد (13) ساڵ بەر لە ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان باسی لە بەنیشتمانیکردنی هێزی پێشمەرگە و بە دامەزراوەییکردنی دامەزراوەکان و نەهێشتنی گەندەڵی کردوە و پڕۆژەی بۆ چارەسەرکردنیان پێشکەش کردوە، وتیشی: "بۆیە گوتاری سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان گوتارێکی زیندوە و ئەوە بەرهەمی خەڵک و خەباتی مەدەنییە کە ئێستا لایەنەکانی دیکەش بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان بە دەرمانی چارەسەری کێشەکان دەزانن".

ئەوەشی خستەڕو کە بە راشکاوی بە شاندی سەرۆکایەتی هەرێمیان وەک بەشێکی گرنگ لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن راگەیاندوە؛ کە بە زویی بەدەنگ چارەسەری کێشەکانەوە بێن پێش ئەوەی بازنەی ناڕەزایەتی خەڵک بە دامەزراوەکانی هەرێم فراوانتر بێت، ئەو هۆشدارییەی نوێنەرایەتی و دیپلۆماتکار و نێردەی دەرەوە دەیدات کە هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسییە، بەڵام لە بنەڕەتدا مەترسی سەر هەرێمی کوردستان ناوخۆییە، ئەوەیە کە میللەت رازی نییە و حکومەت وەک پێویست بەدەم ناەڕزایەتی و داواکارییەکانەوە نەچوە و گرفت لە دۆخی تەندروستی و رێگاوبان و دانەمەزراندن و نەڕەخساندنی هەلی کاری هەزاران دەرچو هەیە.

هاوکات جەختی کردەوە کە کۆبونەوەکەیان لەگەڵ شاندی سەرۆکایەتی هەرێم تەشریفاتی نەبوە و دەڵێت: بە چەند خاڵێک بەڕیزان لە سەرۆکایەتی هەرێممان خستوەتە بەردەم بەرپرسیارێتی، بۆئەوەی بە خێرایی هەوڵی لێکتێگەیشتن بهێننە ئاراوە لەنێوان لایەنە سیاسییەکان و دامەزراوەکان بهێننە کایە، بەتایبەت ئەو کیشانەی نێوان یەکێتی و پارتی چونکە ئەوەی ئەو دو هێزە دەیکەن، نابەرپرسیارێتییە بەرامبەر خەبات و ماندوبون و خوێنی شەهیدان و ئەو قەوارە سیاسیەی بەرهەمی 100 ساڵ خەباتی میللەتەکمانە، بەڵام رێکبکەون بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی خەڵک نەک بەرژەوەندی خۆیان و قوڵکردنەوەی ئەو کێشانەی بە خزمەتی میللەتەکەمان نییە".