هۆشداریی ئێران بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی؛ کاردانەوەمان دەبێت

(0) / / ایران / زایەڵە ئاژانس ئێران ئەتۆمی


Jun 07, 2022

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران پرۆژەبڕیاری پێشنیارکراوی ئەمریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا لە ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ڕەتکردەوە و وتی تاران بەپێی هەر بڕیارێکی ئەو ئەنجومەنە، وەڵامی و کاردانەوەی گونجاوی دەبێت.
سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی دووشەممە 6 ی حوزەیرانی 2022، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا سەبارەت بە هەوڵی نوێی ئەمریکا و سێ وڵاتی ئەورووپی لە دژی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، ڕایگەیاند: هەڵوێست گرتن بۆ ئەو بابەتە هێشتا زووە، بەڵام بە دڵنیاییەوە بە گوێرەی ئەوەی ڕوو دەدات، وەڵاممان دەبێت.
وتیشی: بەداخەوە کە بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕاپۆرتێکی خستووەتەڕوو کە تێیدا گرنگی بە سەرجەم کار و وەڵامەکانی ئێران نەدراوە.
خەتیب زادە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە تاران ئەو ڕاپۆرتەی ئاژانسی لا قبووڵ نییە و هەر هەنگاوێکی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپیش ڕەتدەکاتەوە.
ڕاشیگەیاند: ئێران لەو بڕوایەدایە هەر بڕیارێکی ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی، کاریگەری سلبی لە سەر هاوکاریی تاران لەگەڵ ئاژانس دادەنێت و داواشمان کردووە ئاژانس نەکەوێتە دوی پیلانگێڕییەکانی ڕژێمی زایۆنی.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران هیوای ئەوەشی خواست کە ئەمریکا و سێ وڵاتی ئەورووپی لەم هەنگاوە هەڵەیان پاشگەز ببنەوە بۆ ئەوەی کێشەکان بە ڕێگای دیپلۆماسی چارەسەر بکرێت.