مووچە بۆ ١١ هەزار و ٨٠٠ کەمئەندامی نوێ دەبڕدرێتەوە

(0) / / اقتصادی / زایەڵە مووچە کەمئەندام تەندروستی


Jun 19, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - زەكیە سەید ساڵح، بریكاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان  رایگەیاند،  پشكنین بۆ ١١ هەزار و ٨٠٠ كەمئەندامی تازە وەرگیراو دەكرێت، پشكنینەكە پێویستی بە لێژنەیەكی پزیشكی هەیە، كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی لە شارەكان پێك دەهێندرێت،لێژنەكەش پسپۆر دەبن لە بواری كەمئەندامی، لەگەڵ توێژەرێكی كۆمەڵایەتیش .

وتێشی ، ئەو ١١ هەزار و ٨٠٠ كەسە پێكدێن لە، ئیفلیجیی دەماغ، کورتەباڵا، ئۆتیزم، تالاسیمیا و هیمۆفیلیا.

ئاماژەی بەوەش دا ، چاوەڕوانی پێكهێنانی ئەو لێژنانەین، چونكە لێژنەكان جۆر و رێژەی كەمئەندامییەكان دەستنیشان دەكەن، كە ئایا بەپێی یاسای ماف و ئیمتیازی كەمئەندامان دەگونجێت بۆ مووچە و مینحەی كەمئەندامی، یاخود ناگونجێت .

ئەوانەی لە لێژنەی پزیشكی دەردەچن، ئەگەر هیچ مووچەیەكی دیكەیان نەبێت، مووچەی مانگانەیان ١٥٠هەزار دینار دەبێت.

لە ساڵی ٢٠١٣وە بەهۆی قەیرانی دارایی، تۆماری نوێی کەمئەندامان ڕاگیرابوو، ساڵی ٢٠٢٠بۆ ماوەی چوار مانگ دەرگای خۆتۆمارکردن بۆ کەمئەندامانی نوێ کرایەوە و ١١ هەزار و ٨٠٠ كەس خۆیان تۆمار كرد .

ئامادەکردنی- کامەران کەریم