وەزارەتی تەندروستی: دامەزراندنی ١٣٠ کەس بۆ تەندروستیی هەڵەبجە جێگیر نییە و رەنگە بگۆڕدرێت

(0) / / کردستان / زایەڵە تەندروستئ دامەزراندن هەڵەبجە


Sep 02, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - دامەزراندنی ١٣٠ کەس بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە راگیرا، بەڕێوەبەری دیوانی  وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت: ناوی ئەو ١٣٠ کەسە جێگیر نەبووە و رەنگە بگۆڕدێن.
د. مەعاف عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری دیوان لەوەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان  رایگەیاند، پێشتر بەڕێوەبەرایەتیی گشتی تەندروستیی هەڵەبجە داوای دامەزراندنی ٣٠ کەسیان کردبوو، بەڵام دواتر نووسراوێکی دیکەمان لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆ هات، کە لەلایەن پارێزگاری هەڵەبجە نێردرابوو تێیدا هاتبوو، ئەو ژمارەیە کەمە و داوای دامەزراندنی کەسانی دیکە دەکەین بۆپڕکردنەوەی کەموکورتییەکانی تەندروستیی هەڵەبجە، دوای ئەو نووسراوە، خۆشبەختانە ئەنجوومەنی وەزیران ١٠٠ کەسی دیکەی زیادکرد.
 وتیشی: ئێمە سیستەمێکی ئەلکترۆنیمان دانابوو، کە ٥٠ مەرجی وەک خاڵبەندی تێدا بوو، بەشێک لە مەرجەکان ئەوە بوو، هاوسەرگیریکردن، خۆبەخشی کە نمرەی لەسەر دانرابوو، ساڵی دەرچوون، خەڵکی هەڵەبجە بێت، دەرئەنجام زیاتر لە ٢٠٠٠ کەس ناوی خۆیان تۆمارکردبوو، لە نێو ئەو ناوانە ١٣٠ کەس بەگوێرەی ئەو خاڵبەندییانەی دیاریکرابوون هەڵبژێدران.
وتیشی، لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەڵەبجە لینکێک بۆ سکاڵا دانراوە، هەر کەسێک سکاڵای هەیە دەتوانێت بینووسێت، چونکە ئێمە لیژنەیەکمان هەیە کە بەرپرسە لە وەڵامدانەوەی ئەو سکاڵایانە، ناوی ئەو ١٣٠ کەسەش جێگیر نەکراوە، رەنگە بەگوێرەی سکاڵاکان هەندێک کەس شیاوی دامەزراندنەکە نەبن، ئەو کات بەدڵنیاییەوە ناویان دەسڕدرێتەوە و کەسێکی شیاو لە جێگەی دادەنێن.
ئامادەکردنی- کامەران  کەریم