ئایەتوڵڵا خامنەیی: ئاسایشی عێراق ئاسایشی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە

(0) / / ایران / زایەڵە خامنەیی ئێران عێراق شۆڕشی ئیسلامی


Nov 30, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕۆژی سێ شەممە 29 ی تشرینی دووەمی 2022 لە چاوپێکەوتنی محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری جەختی لەسەر ئەوە کردەوە: پێشکەوتنی عێراق و گەیشتن بە پێگەی باڵا و ڕاستەقینەی لە بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و ئێمە لەو بڕوایەداین کە بەڕێزتان، کەسێکن کە توانای بەرەوپێشبردنی کاروبار و پەیوەندییەکانی عێراق و گەیاندنی ئەم وڵاتەتان بە پێگەی سەربەخۆ و شیاوی شارستانیەت و مێژوویی ئەو هەیە.

ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە پیرۆزبایی هەڵبژاردنی محەممەد شیاع سودانی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق، وەک کەسێکی بەتوانا و ئیماندار ناوی برد کە بوونی لە لوتکەی دەسەڵات و حکومەتی عێراقدا جێی خۆشحاڵییە.

ئایەتوڵڵا خامنەیی عێراقی بە یەکەم وڵاتی عەرەبیی ناوچەکە لە ڕووی سامانی سرووشتی و مرۆیی و هەروەها پێشینەی کەلتوری و مێژوویی و شارستانیەت ناو برد و وتی: بەداخەوە سەرەڕای بوونی وەها پێشینەیەک، هێشتا نەتوانراوە لە پێگەی شیاوی خۆیدا بێت و هیوادارین بە بوونی بەڕێزتان، عێراق بگاتە پێشکەوتن و پێگەی ڕاستەقینەی خۆی.

ڕێبەری باڵای ئێران یەکێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی عێراقی بۆ گەیشتن بەم پێگە ڕاستەقینەیە بە یەکگرتوویی و یەکڕیزی پێکهاتەکان و لایەنە سیاسییەکانی ناوخۆی عێراق ناو برد و وتی: یەکێکی دیکە لە پێداویستییەکان، کەڵک وەرگرتنی زۆرینەیە لە هێزی گەنجانی بە ورەی عێراقی.

ئاماژەی بەوەش دا: پێشکەوتنی عێراق دوژمنانێکی هەیە کە ڕەنگە بە ڕواڵەت دوژمنایەتی خۆیان ئاشکرا نەکەن بەڵام حکومەتێکی وەک حکومەتێکی ئێوەیان قبووڵ نییە و دەبێت بە پشت بەستن بە خەڵک و هێز و ئیرادەی گەنجان کە تاقیکردنەوەی خۆیان لە بەرەنگاربوونەوەی مەترسی گەورەی داعش پیشاندا، لە بەرامبەر ئیرادەی دوژمن، بەهێزەوە ڕابوەستن.

ئایەتوڵڵا خامنەیی بە ئاماژە بە وتەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ڕێگری لە هەر کردەوەیەکی چەکداری لە خاکی ئەم وڵاتەوە لە دژی وڵاتانی دیکە، وتی: بەداخەوە کە ئێستا ئەمە لە هەندێک ناوچەی سنوری ڕوو دەدات و تەنیا چارەسەر ئەوەیە کە حکومەتی ناوەندی هێزی خۆی لەو ناوچانە زیاتر بسەلمێنێت.

ڕاشیگەیاند: ئەڵبەت تێڕوانینی ئێمە سەبارەت بە ئاسایش و سەقامگیری عێراق ئەوەیە کە ئەگەر هەر لایەنێک ویستی تێکدانی ئاسایشی عێراقی هەبێت، ئێمە سنگی خۆمان دەکەینە قەڵغانی پاراستنی عێراق.

ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕاشیگەیاند: ئاسایشی عێراق، ئاسایشی ئێرانە، وەک چۆن کە ئاسایشی ئێرانیش کاریگەریی لە سەر ئاسایشی عێراق هەیە.