لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان ڕادەگەیەندرێت

(0) / / عراق / زایەڵە نەوت کوردستان


Apr 29, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند "سۆمۆ سەرقاڵی واژووكردنی گرێبەستە لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەی نەوت دەكڕن و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەست پێ دەكاتەوە".

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی، ڕایگەیاند "حكومەتی ناوەندی گەیشتووەتە قۆناغەكانی كۆتایی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ هەولێر لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان".

حەیان عەبدولغەنی جەخت دەكاتەوە كە "كۆمپانیای سۆمۆ سەرپەرشتیی پرۆسەی وەرگرتن و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات و ئێستا سەرقاڵی واژووكردنی گرێبەستە لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەی نەوت دەكڕن".

وەزیری نەوتی عێراق ئاشكرای كرد كە "لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان ڕادەگەیەندرێت".