نووسەرێک بۆ زایەڵە: دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان مەترسی ناوخۆیی و دەرەکیشی دەبێت

(0) / / گفتگو / زایەڵە نووسەر ئازاد ئیبراهیم هەڵبژاردن


Dec 09, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - ئازاد ئیبراهیم ئەحمەدنوسەرو ڕۆژنامەنوس بەزایەڵەی ڕاگەیاند: ئەگەر بەهەر بیانوویەک هەڵبژاردنی 18ی مانگی 12 دوابخرێت، مەترسی ناوخۆیی و دەرەکیشی دەبێت، مەترسییە ناوخۆییەکەی بۆ عیراق دابەش دەبێت لەنێوان کورد و عەرەبدا، لە بارێکدا مەترسییەکەی بۆ کورد ئەوەیە لە پارێزگای کەرکوکدا کە شەش ساڵە پارێزگارێکی بەزۆر سەپێنراوی عەرەب حوکمی ئەو شارە دەکات، لە ئەگەری دواخستنی هەڵبژادندا دەمێنێتەوە و دوورنییە چەندان رێگای گزی و موماتەڵە بەدەنگی کوردەوە بکات بۆ کەمکردنەوەی ژمارە و دەنگدەری کورد لەو شارەدا، بۆ عەرەبیش مەترسییەکە لەوەدایە، لەلایەک لەسەر پڕۆسە دیموکراسییەکەی عیراق لێکەوتەی دەبێت و لەلایەکیتریشەوە ناکۆکی هێزە سیاسییەکان بەئاسانی دەرفەت نادات لەکاتێکی زوودا هەڵبژاردنەکە بکرێت. بۆیە باشترین رێگا بۆ کورد ئەوەیە، نەهێڵێت هەڵبژاردن دوابخرێت و دەرفەتەکە لەدەست بدرێت.

وتیشی: هەرچی مەترسییە دەرەکییەکەشە، لەوەدایە کە، وڵاتی ئیقلیمی دەستوەردان بکات لە بابەتی هەڵبژاردن بەتایبەت لە پارێزگای کەرکوک و دۆخەکە تێکبدات، چونکە ئەم پارێزگایە تاکە پارێزگای عیراقە زۆرترین ویستی دواخستنی هەڵبژاردنی لەسەرە جگە لە کورد، هێزی ناوخۆیی و دەرەکیش هەیە دەیانەوێت تایبەتمەندی بدەنێ تەنها بۆئەوەی هەڵبژاردنی تێیدا دوابخەن.دواخستنی ئەم هەڵبژاردنە هەرچۆن تەفسیر بکرێت، ناتوانێت ئەو راستییە بشارێتەوە کە پەیوەستە بە بەهێزی پێگەی کوردەوە لە پارێزگای کەرکوکدا، ئەمەش نەک لە چوارچێوەیەکی دیموکراسیدا قبوڵکراو نییە بەڵکو دژایەتی دەکرێت و لایەنەکانی دیکە دەیانەوێت پێش بەم سەرکەوتنەی کورد بگرن، بەهێزی کورد و زۆرینەی کوردی لەم پارێزگایەدا تەنها هەڵبەزودابەزێک نییە بەناوی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردن، بەڵکو ئەم هەڵبژاردنە بە ئۆتۆماتیکی راپرسییەکی ناراستەوخۆیە بۆ رێژەی دانیشتوان و ژمارەی دەنگدەر.

ڕونیشیکردەوە: دواخستنی هەڵبژاردن کە وەک ئەگەرێک دەیهێنینە پێش باسکردن، تا نووسینی ئەم دێڕانە ئەگەرێکی کراوەیە و باس لە دوو رێگا دەکرێت بۆ دواخستنی، یان هەڵبژاردن لە تەواوی عیراقدا دوابخرێت، یان تەنها لە کەرکوک نەکرێت، کەواتە تێگەشتن لەم هەوڵە ئاسان و بێ گڕێ و گۆڵە و لە هەردوو حاڵەتەکەدا چەقی مەبەست پێکهاتەی کورد و کەرکوکە، بۆچی کورد و کەرکوک؟ بۆئەوەی هەڵبژاردن کەرکوک دەگێڕێتەوە باری راستەقینەی خۆیی و شوناسی مێژوویی خۆیی دەنێتەوە باخەڵی کورد و کوردستانیبوونی شارەکە لە رێگەی سندووقی دەنگدانەوە دەسەلمێنرێت. ئەمەش لە بەرژەوەندی لایەنەکانی دیکە نییە و دواخستنی هەڵبژاردن وەک دواین چارەسەر دەزانن، لەکاتێکدا دواخستنیش بۆ هەر زەمەنێک بێت، کردەیەکی مردن ئاسایە و بۆهەرکات و زەمەنێک دوای بخەن، دواجار دەبێت ئەم شارە و هەموو پێکهاتەکانی بچنە بەردەمی و قبوڵی بکەن.ئەگەر هەڵبژاردن دوابخرێت یان نا، ئەوا هەم لایەنی عەرەبی و هەم لایەنی دەرەکیش هاوهەڵوێست و هاودەنگ دەبن لە ئایندەی کەرکوک و هەر پێشهاتێک کە دەکرێت هەڵبژاردن لە کەرکوکدا بیهێنێتە گۆڕێ، لە هەموو بارێکیشدا ئەو لایەنانە ئەو ئەنجامانەیان پێ قبوڵ ناکرێت کە دیموکراسی دەیدات بە دەستەوە و دیاری دەکات.

کامەران کەریم