سەرۆککۆمار بۆ وەزیری دارایی عێراق: بەزووترین کات مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکەن

(0) / / عراق / سەرۆک کۆمار زایەڵە


Mar 28, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە ـ د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، لە میانی پێشوازیکردن لە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، دواکەوتنی مووچە کاریگەریی راستەوخۆی هەبوو لەسەر گوزەران و دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، گرنگە پشت بە پلانی ستراتیجیی نوێ ببەسترێت، بۆ ئەوەی ئاستی ئابووریی عێراق بەرزبکرێتەوە و کار لەسەر دڵنیایی لایەنی دارایی حکومەت و هاوڵاتییان بکات.
سەرۆککۆماری عێراق داواشیکرد، پەلە بکرێت لە خەرجکردنی مووچەی خانەنشینان، کەرتی سەربازی، شەهیدان و ئەنفالکراوان، فەرمانبەران و سوومەندانی تۆڕی کۆمەڵایەتی و گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان.
سەرۆککۆمار جەختیشی لە هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان کردەوە بۆ پەسەندکردنی بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2024 و پشتیوانی لە پرۆگرامی خزمەتگوزاریی حکومەت و کارئاسانی بۆ کەرتی وەبەرهێنان.
لای خۆشییەوە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق جەختیکردەوە، لە سووربوونی وەزارەتی دارایی بۆ گەشەپێدانی لایەنی ئابوریی، بەشێوەیەک هەلی گەشەپێدانی هەمەلایەنەی ئەوتۆ دەستەبەر بکات، کە کاریگەریی ئەرێنی هەبێت لەسەر پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاریی بە هاوڵاتییان.
کامەران کەریم