لایەنە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران چەکەکانیان داناوە
(0) /
زایەڵە - بەغدا سەرکەوتوو دەبێت لە ڕاگرتنی چەکی نەیارانی ئێران.
محەمەد حاج عومەر ئەندامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە (١٤ی ئابی ٢٠٢٤) پشتڕاستی کردەوە کە لایەنە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران چەکەکانیان داناوە، ئەمەش بووە هۆی وەستاندنی بۆردومانەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکان.
حاج عومەر لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ “بەغداد ئەلیوەم” ڕایگەیاند، “لایەنە ئۆپۆزسیۆنە ئێرانییەکانی ئامادەبوو لە ناوچەکەدا، دوای ڕۆڵی نێوەندگیریی حکومەتی عێراق چەکیان دانا، ئێستاش چالاکییەکانیان تەنیا سیاسییە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، "یەکێتی نیشتمانی خاکی ناوچەکە و عێراق ڕەتدەکاتەوە کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ"، ئاماژەیە بۆ ئەوەی "عێراق پەیوەندییەکی تۆکمەی لەگەڵ ئێران هەیە".
ڕوونیشیکردەوە، "ئامادەبوونی ئەو لایەنانە و بارەگاکانیان تەنها لە مومارەسەکردنی ڕۆڵی سیاسیدا سنوردارە، هەروەها هیچ چالاکییەکی چەکداری نییە، هەر بۆیە چیتر گوێمان لە بۆردومانی ئێران بۆ ناوچەکانی هەرێم نییە".
ساڵی ڕابردوو حکومەتی عێراق چەکداماڵینی گروپە نەیارەکانی ئێران و گواستنەوەیان بۆ دوور لە سنوورەکانی ڕاگەیاند، ئەمەش لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنێکی ئەمنی پێشووی نێوان هەردوو وڵات و هاریکاری نێوان حکومەتەکانی بەغدا و هەولێر.
تێبينيێك بنێرە: