سەلاحەدین بەهادین سەبارەت بەمووچە داوایەک لە سودانی دەکات
(0) /
زایەڵە- دەقی راگەیەندراوی سەڵاحەدین بەهادین سەبارەت بە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق:
ئەمینداری گشتی یەكگرتوو و سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبونەوە.
ئێوارەی چوار شەممە 13-11-2024، بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بەئامادەبونی ژمارەیەك لە كارگێرانی ئەنجومەنی جێبەجێكردن و پەرلەمانتارانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكگرتوو، لەشاری سلێمانی پێشوازیكرد لە بەڕێز د.محەممەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری.
لەسەرەتای دیدارەكەدا، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو سوپاسی سەردانەكەی كردو خوازیاری ئەوەبوو كە سەرۆكوەزیرانی عێراق كاری جدی بكات بۆ چارەسەری ڕیشەیی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و كۆتاییهێنان بە لەمپەرو گرفتەكانی بەردەم تەوتینی مووچە، بۆ ئەوەی مانگانە لەكاتی خۆیدا مووچە دابەش بكرێت و هاوڵاتیان لەدڵەڕاوكێی هاتن و نەهاتنی مووچە ڕزگاریان ببێت.
هەروەها ئەمینداری گشتی یەكگرتوو داوای لە د.محەممەد شیاع سودانی كرد كە كاری جددی بۆ ڕێكارەكانی بە پارێزگا بوونی هەڵەبجەو دابینكردنی مافی هاوڵاتیانی هەڵەبجە بە گشتی و قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە بكات، بەڵام بەداخەوە وەك پێویست خزمەت بە هاوڵاتیان و بە شارەكەش نەكراوە.
لەلایەن خۆشیەوە، سەرۆكوەزیرانی عێراق ستایشی ڕۆڵی چالاكانەی یەكگرتووی كرد لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق و هەرێم و ناوچەكە، خوازیاری ئەوەش بوو كە یەكگرتوو لەڕێگەری نوێنەرەكانیەوە لە بەغدا هاوكاربێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو پرۆژە یاسایانەی كە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خزمەت بەهاوڵاتیانی هەرێم و عێراق دەكەن.
کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: