نوسینگەی کەناڵی ئێم بی سی لەبەغداد سوتێنرا

(0) / / عراق / زایەڵە ئێم بی سی عێراق


3 كاتژمێر لەمەوپێش

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە  ـ دواى ناوهێنانى سەرکردەکانى بەرەى مقاوەمە بە "تیرۆریست"، سەدان کەس لە لایەنگرانى گرووپە چەکدارەکانى عێراق لە بەغداد هەڵیانکوتایە سەر نووسینگەى کەناڵى ( ئێم بى سى) و ئامێر و کەلوپەلەکانیان شکاند.

لە کاردانەوەى بڵاوبوونەوەى راپۆرتێک لە کەناڵى( ئێم، بى، سى) عێراق کە لەلایەن سعودییەوە خاوەندارێتى دەکرێت، و سوکایەتیی بە سەرکردەى گرووپە چەکدارەکان دەکات و بە "تیرۆریست" و میلیشیا ناویان دەبات، نزیکەى 500 کەس لە لایەنگرانى گرووپە چەکدارەکان، هەڵیانکوتایە سەر نووسینگەى کەناڵەکە لە گەڕەکى جامیعە لە بەغداد و ئامێر و کەلوپەلەکانى ناو نووسینگەکەیان شکاند و ئاگریان تێبەردا.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتى ناوخۆى عێراق رایگەیاند: تیمەکانى بەرگریى شارستانى ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردووە و بڵاوەش بە خۆپیشاندەرەکان کراوە، هەروەها مستەفا سەنەد پەرلەمانتارى عێراق لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک لەبارەى رووداوەکەوە نووسیویەتى، کەناڵى ئێم بى سى عێراق حکومەت پاڵپشتى دەکات و بابەتەکە تەنیا بە سوتاندن و شکاندن کۆتایی نایەت، بەڵکو چیتر شوێنێکیان لە عێراقدا نییە و پێویستە مۆڵەتى کارکردنیان لێوەربگیرێتەوە.

کامەران کەریم