بەرپرسێکی زانکۆی زانستە پزیشکیەکانی سنە بۆ زایەڵە؛ لاوانی هەرێمی کوردستان دەتوانن بە ئاسوودەیی ئەم زانکۆیە بۆ خوێندنی باڵا هەڵبژێرن

(0) / / گفتگو / یەدوڵا زارع زادە زایەڵە سنە کوردستان پزیشکی


Oct 23, 2021

قەبارەی فۆنت:

بەڕێوەبەری کاروباری نێودەوڵەتی زانکۆی زانستە پزیشکیەکانی پارێزگای کوردستان وتی: بەو ڕێژەیەی کە لە زانکۆی زانستە پزیشکیەکانی کوردستان دا خوێندکار وەردەگیرێت خەڵکی هەرێمی کوردستان دەتوانن بە ئاسوودەیی ئەم زانکۆیە بۆ خوێندنی باڵا و وەرگرتنی بڕوانامەی نێودەوڵەتی هەڵبژێرن.

یەدوڵا زارع زادە، بەرپرسی کاروباری نێودەوڵەتی زانکۆی زانستە پزیشکیەکانی پارێزگای کوردستان لە وتووێژ لە گەڵ هەواڵنێری زایەڵەدا بە ئاماژە بەوەی کە زانکۆی زانستە پزیشکیەکانی کوردستان یەکێک لە زانکۆ پلە یەکەکانی جیهانە، ڕایگەیاند: زانکۆی زانستە پزیشکیەکانی پاریزگای کوردستان لە ڕیزبەندی متمانە و بایەخی جیهانی فێرکردنی باڵای تایمز لە ساڵی 2021 بە بەدەس هێنانی پلەی نێوان 351 تا 400 لە نێوان زۆرتر لە 1500 زانکۆی جیهانیدا لە پلەی باڵای ریزبەندیەکەدا جێی گرت.

زارع زادە وێڕای ئاماژە بەوەی کە زانکۆی زانستە پزیشکیەکانی پارێزگای کوردستان زانکۆیەکی بەنرخ و گرینگی جیهانیە و توانایی و لێهاتویی زۆری تێدایە، وتی: ئەم زانکۆیە لە سایتیشێن ( پشت بەستن بە وتارەکان ) پلەی یەکەمی جیهانی بە دەست هێنا.

بەرپرسی کارووباری نێودەوڵەتی زانکۆی زانستە پزیشکیەکانی پارێزگای کوردستان، ئاماژەی بە چۆنێتی وەرگرتنی خوێندکاری بیانی لەم زانکۆیە کرد و وتی: پرۆسەی وەرگرتنی خوێندکاری نێودەوڵەتی بە شێوازی ئەلێکترۆنیە و لە ڕێگای ئیمەیل و ماڵپەڕی فەرمی زانکۆی کوردستانەوە دەبێت.

زارع زادە بە ئاماژە بە خوێندکارە نێودەوڵەتیەکان لە زانکۆی زانستە پزیشکیەکانی پارێزگای کوردستان وتی لە ساڵی خوێندنی (1399-1400)هەتاوی خوێندکارە نێودەوڵەتیەکان لە بەشەکانی؛ پزیشکی، پزیشکی ددان، کارناسی و کارناسی باڵای پەرستاری، کارناسی باڵای توێژینەوەی کیمیاوی(بیوشیمی)، کارناسی باڵای  میکرۆب ناسی (میکروبیولوژی)، کارناسی زانستی تاقیگە وهۆشبەری، دوکتۆرای پسپۆڕی پزیشکی سلوولی و مولوکول لەم زانکۆیە وەرگیراون.

بەرپرسی کاروباری نیودەوڵەتی زانکۆی زانستە پزیشکیەکانی پارێزگای کوردستان ئاماژەی بە پەیوەندی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان کرد و وتی: هاوبەشی و لێکچوونی کولتووری و زمانی و هاوسنووری جوگرافی دەرفەتێکی باشی بۆ ئێران و هەرێمی کوردستان ڕەخساندوە بۆ ئەوەی بتوانن لە باری ئابووری، کولتووری و زانستیەوە چالاکی هاوبەشیان هەبێت.

زارع زادە وتی: گرینگترین کێشەی خوێندکارە نێودەوڵەتییەکان کێشەی زمانە. زمان سەرەکیترین ئامێری پەیوەندی گرتنی مرۆڤە، بەم پێیە خوێندکارەکانی هەرێمی کوردستان لە زانکۆی کوردستاندا کێشەی وایان نییە و دەبێت لەم دەرفەتە کەڵک وەربگرن.

هەروەها ئاماژەی بە نزیکی و هاوسنووری هەرێمی کوردستان کرد و وتی: خوێندکاران زۆر بە ئاسانی دەتوانن لە شارەکانی عێراقەوە بێنە ناو خاکی ئێران.

بەڵگەنامەی زانکۆی زانستە پزیشکیەکانی کوردستان نێودەوڵەتیە.

بەرپرسی کاروباری نێودەوڵەتی زانکۆی زانستە پزیشکیەکانی کوردستان، ئاماژەی دا لە پارێزگای کوردستان زانکۆیەکی زانستە پزیشکیەکان بە تواناییەکی باڵای جیهانی بوونی هەیە، وتی: هەر خوێندکارێک لە زانکۆی زانستە پزیشکیەکانی پارێزگای کوردستان خوێندن تەواو بکات بەڵگەنامەکەی لە هەموو جیهاندا وەردەگیرێت و قبووڵ دەکرێت.

زارع زادە باسی هەبوونی 38 بەشی خوێندنی لەم زانکۆیە کرد و وتی: حەوت بەشی پسپۆڕی پزیشکی لە زانکۆی زانستە پزیشکیەکانی کوردستان بوونی هەیە و خوێندکارانی عێراقی دەتوانن خولی پسپۆڕی لەم زانکۆیە تەواو بکەن و بەڵگەنامە وەربگرن.

 زارع زادە ئاماژەی دا، لە زانکۆی زانستە پزیشکیەکانی کوردستان 270 مامۆستا وانە دەڵێنەوە و 75 خوێندکاری عێراقی وانە دەخوێنن کە زۆربەیان لە بەشی پزیشکی و پزیشکی ددان خەریکی خوێندنن.

 هەروەها وتی: زیاد بوونی ڕێژەی خوێندکارانی نێودەوڵەتی لە بەش و قۆناغە جۆراوجۆرەکان،پێگەی چۆنێتی پێنوێنی بەرز بوونەوەی زانکۆ لە سیستەمەکانی ڕیزبەندی نێودەوڵەتی، دابین کردنی بەستێنی پەرەپێدانی ئاڵووگۆڕی زانستی، فێرکاری و لێکۆڵینەییە زانکۆییەکان لە گەڵ وڵاتانیتر بەشێک لە پلانەکانی پەرەپێدانی هاوکاریە نێودەوڵەتیەکانە.