پەرلەمانتارێک بۆ زایەڵە:  وێڕای‌ باشبوونی‌ داهاتەکەی‌، حکومەت ئامادە نیە مووچەی‌ کەمئەندامان بدات

(0) / / گفتگو / عومەر گوڵپی زایەڵە کەمئەندامان مووچە


Oct 26, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئەندامێکی پەرلەمانی  کوردستان ئاشکرایکرد، پاش نۆ ساڵ چاوەڕوانی‌‌ و باشبوونی‌ دۆخی‌ دارایی‌، حکومەت ئامادە نییە مووچەی‌ (٣٠,٠٠٠) منداڵی‌ شەلەل دەماخ ‌و ئۆتیزم ‌و نابینا و نابیست‌ و داون بدات.

عومەر گوڵپی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان  لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری  زایەڵە، ڕایگەیاند، زیاتر لە (٣٠,٠٠٠) خاوەن پێداویستی‌ تایبەت‌ و کەمئەندام لە ساڵی‌ (٢٠١٢)ەوە چاوەڕێ دەکەن مووچەی‌ هاوکاری‌ کۆمەڵایەتیان بۆ خەرج بکرێت کە بە پێی‌ یاسا سەرەتاییترین مافی خۆیانە، بەڵام حکومەت بە پاساوی‌ ناڕەوا ناچێتە ژێرباری‌ ئەم ئەرکە، هەروەها ئەوانەی‌ مووچەیان هەیە بە پێی‌ یاسا پێویستە بە پێی‌ ڕێژەی‌ کەمئەندامی‌ مووچەو هاوکاریان پێ بدرێت، واتە لە بری‌ (١٥٠,٠٠٠ دینار) بۆ ڕیژەی‌ (١٠٠%)ی‌ کەمئەندامی‌ بڕی‌ (٢٥٠,٠٠٠ دینار)یان پێبدرێت، تا ئێستا ئەمەش جێبەجێ ناکات.

وتیشی، بۆ ئەو مەبەستە بە نووسراوی‌ ژمارە (١١٨) لە بەرواری‌ (٢٨ی‌ ٧ی‌ ٢٠٢١) بەدواداچوونم کرد و داوای‌ ڕوونکردنەوەم لەسەرۆکایەتی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران کرد، لەو بارەیەوە لێم پرسین: کەی‌ ئەم مووچانە خەرج دەکەن بەتایبەت ئەم کابینەیەی‌ حکومەت لە کارنامەی‌ خۆیدا بەڵێنیدا کە ژیانی‌ کەمئەندامان باش بکات.لەو بارەیەوە سەرۆکایەتی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران لەڕێگەی‌ بەڕێز وەزیری‌ داراییەوە بە نووسراویان ژمارە (٤٤٤٥) لە بەرواری‌ (٣٠ی‌ ٩ی‌ ٢٠٢١) بەمجۆرە وەڵامیان داومەتەوە: " هێشتا باری‌ دارایی‌ هەرێم لە ئاستی‌ ئەوەدا نییە کە ئەرکی‌ زیاتری‌ بخرێتە سەرو هەر کاتێک حکومەت لە توانایدا بوو هیچ درێغی‌ ناکات لە خەرجکردنی‌ ئەو بابەتانە .

ڕونیشیکردەوە، بە پێچەوانەی‌ وەڵامەکەوە، ئەم مافە لە (٢٠١٢)ەوە ڕاگیراوە، لە کاتێکدا ئەوکات دۆخی‌ دارایی‌ زۆر باش بوو، پاشان لە ساڵی‌ (٢٠١٦)ەوە بە هۆکاری‌ جیاجیا، وەک (پیاچوونەوە، کەمکردنەوە، بڕین، سڕینەوە، بەرزکردنەوەی‌ ڕێژەی‌ کەمئەندامی‌، مردن، سەفەری‌ دەرەوەی‌ وڵات) ئەو بودجەیەی‌ تەرخانکرابوو بۆ کەمئەندامان لە (٢٨ ملیار دینار)ەوە هاتووەتە سەر نزیکەی‌ (١٢ ملیار دینار)، ئایا حکومەت ئەو (١٦ ملیار دینار)ەی‌ پشکی‌ کەمئەندامان کە زیادبووە مانگانە چی‌ لێدەکات بۆچی‌ بۆ کەمئەندامان خۆیانە خەرجی‌ ناکاتەوە؟ بۆچی‌ کەسێک کۆچی‌ دوایی‌ دەکات‌و مووچەکەی‌ دەبڕن، بەلای‌ کەمەوە کەسێکی‌ نوێی‌ لە جێگە دانانێن پاشان ئەم وەڵامە کە لە زۆرینەی‌ پرسیارەکانی‌ پەیوەست بە دارایی‌ بە خەڵک‌و پەرلەمانتارانی‌ دەدەنەوە کە "دۆخی‌ دارایی‌ هەرێم خراپە"، پرسیارێکی‌ تر بە دوای‌ خۆیدا دەهێنێت، ئەویش ئەوەیە  کەی‌ دۆخی‌ دارایی‌ هەرێم لای‌ حکومەت‌و دەسەڵات باش دەبێت  .

باسی  لەوەشکرد، لە مانگەکانی‌ (٣، ٤، ٥)ی‌ ساڵی‌ (٢٠٢٠)، حکومەت نەوتی‌ بە (١٠، ١٢، ١٦) دۆلار فرۆشتووە، لە سەرەتای‌ ساڵی‌ (٢٠٢١)ەوە لە نێوان (٤٠ بۆ ٧٣ دۆلار) نەوتی‌ فرۆشتووە، ئایا ئەم بازدانە گەورەیەی‌ داهاتی‌ نەوت نەبووەتە هۆی‌ باشبوونی‌ دۆخی‌ دارایی‌  ئایا دۆخی‌ دارایی‌ هەرێم لە بەرمیلی‌ نەوت بە ٧٦ دۆلاریش باش نابێت؟ ئایا لە بەغداوە دوو سەد ملیار دێت، هێشتا دۆخی‌ دارایی‌ باش نەبووە  ئایا باجتان لە (٤٠ ملیار) دینارەوە گەیاندووەتە نزیکەی‌ (٩٠ ملیار) دینار دۆخی‌ دارایی‌ هیچ باش نەبووە ئێمەو خەڵکی‌ کوردستان چۆن چۆنی‌ بزانین کە حکومەت پارەی‌ نیەو داهات باش نییە کە دەسەڵات نەداهات ئاشکرا دەکات‌و نە خەرجی‌، نە یاسای‌ بودجەی‌ هەیەو نە هیچ حسابێک بۆ پرەنسیپەکانی‌ شەفافیەت‌و وردبینی‌ دەکات چۆن بزانین  کێ وتی‌ ئێوە پارەتانە نیە  چۆن باوەڕ بکەین .

هێمای  بەوەشکرد، بە پێی‌ یاساو دەستوور، حکومەت بەرپرسیارێتی‌ لەسەرە، بەرپرسیاری‌ حکومەت بەرانبەر منداڵێکی‌ شەلەل دەماخ چییە بۆ منداڵێکی‌ ئۆتیزم چی‌ دەکات  چی‌ دەکات بۆ منداڵێکی‌ نابیناو نابیست  حکومەت‌و کابینەیەک چۆن دەتوانن بەردەوام بن کە نەتوانن کەمترین مافی‌ یاسایی‌ بەرانبەر منداڵانی‌ کەمئەندام‌و خاوەن پێداویستی‌ تایبەت جێبەجێ بکەن کە پێدانی‌ تەنها (١٥٠,٠٠٠ - سەدو پەنجا هەزار) دیناری‌ مانگانەیە  وا تەمەنی‌ کابینە سێ قۆڵیەکە نزیک بوویەوە لە کۆتایی‌، کەی‌ ئەم ئەرکە جێبەجێ دەکەن  ئەی‌ خۆتان لە کارنامەکەتان بەڵێنتان نەدا کە ژیانی‌ کەمئەندامان باش بکەن کۆ چیتان کرد

 لێرەوە هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە، لەسەر داواکردنی‌ مافی‌ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت‌و کەمئەندامان‌و خێزانەکانیان‌و مافی‌ بەساڵاچووان‌و خانەنشینان‌و فەرمانبەرانی‌ گرێبەست‌و گەنجانی‌ بێکار‌و چین‌و توێژەکان دەست هەڵناگرین و بەردەوام دەبین لە یەخەگرتنی‌ حکومەت‌و دەسەڵات‌ بە هەموو ڕێگاکانی‌ دواداچوون‌و چاودێری‌.

سازدانی - کامەران سەیدکەریم