1 / 12
2 / 12
3 / 12
4 / 12
5 / 12
6 / 12
7 / 12
8 / 12
9 / 12
10 / 12
11 / 12
12 / 12

(0) / / گفتگو / زایەڵە فەردین سادق ئەیوبی هونەر سنە


Jan 01, 2022

قەبارەی فۆنت:

هونەرمەندی مەزن و نیگارکێشی کورد لە شاری سنە، داوا لە هەموو هونەرمەندان دەکات کە هەمیشە لە بواری هونەری خۆیاندا چالاک بن و بە ئاماژەی غەزڵێکی حافیزی شیرازی وتی:«بە ئەسکەندەر نادەن ئاوێ    ئەمە ئیشی زۆر و پارە نییە» کاتێک هونەرمەند دەتوانێت هونەرمەند بێت  کە هونەر ببێتە سەرەکی ترین بابەتی ژیانی و تەنیا لەم کاتەدا دەتوانێ سەرکەوتوو بێت.

 بە پێی ڕاپۆرتی زایەڵە، فەردین سادق ئەیوبی، لە دایک بووی شاری سنەیە، دوکتۆرای نیگارکێشی هەیە و تا ئێستا توانیویەتی وەک نیگارکێشی هەڵبژاردەی سێهەمین پێشانگای دووساڵانەی نیگارکێشە ئێرانییەکان، نیگارکێشی هەڵبژێردراوی فێستیڤاڵی ئێران لە ساڵی 1400ی هەتاوی، باشترین نیگارکشی دووهەمین بەرهەمەکانی بەشی هونەری ئێران، بەشداری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی نیگارکێشانی جیهان لە ساڵی 1997 لە وڵاتی هێندوستان، کردنەوەی پتر لە 80 پێشانگای تاکە کەسی و کۆیی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، نووسینی پتر لە 60 وتاری کولتووری و هەروەها نواندنی وتارگەلی جۆراوجۆر لە دۆخی کولتووری سنەدا بەشێک لە دەرکەوتە و چالاکیەکانی ئەم هونەر مەندەن.

 مامۆستا فەردین سادق ئەیووبی لە دواهەمین پێشانگای شێوەکاری- نیگار کێشی کە بە شێوازی تاکە کەسی لە 28ی سەرماوەز تا 8ی بەفرانباری ئەمساڵ لە گەلەری «سورە پەردیس سینەما بەهمەن»ی شاری سنە بەڕێوە چوو سەبارەت بەم پێشانگایە وتی: ئەم پێشانگا کۆی 30 بەرهەمی نیگارکێشیە کە بریتی بوو لە هەشت بەرهەمی «رنگ روغن» و 22 بەرهەمی شێوەکاری.

 ئەم هونەرمەندە سەبارەت بە ناونانی پێشانگاکە « وقت مشوش(کاتی شڵەژاو)» وتی: ئەم پێشانگایە بەرهەمی دوو ساڵ چالاکی لە تەنیایی ڕۆژانی کۆرۆنایە، سەردەمێک کە کۆرۆنا توانی هەموو دونیا بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و خەڵک لە ڕۆژانی نائوومێدییەکی فەلسەفیدا ژیانیان بە سەر دەبرد و سۆنگەی ڕوانینی مرۆڤ کە لە ڕاستیدا دووچاری تەنگانە ببوو دووچارتری کرد، لە ڕاستیدا من لەم دۆخەدا بڕیارم دا درێژە بە چالاکییە هونەرییەکانم بدەم و هیوا بە خەڵک ببەخشم کە ئەم قۆناغە دژوارە کۆتایی پێ دێت و نابێت نائومێد ببین.

ئەم هونەرمەندە مەزنەی کوردستان، هەروەها وتی: زۆربەی بەرهەمەکانم بابەتی بیرهێنانەوە و بە گوێ دا دانە. لە ڕاستیدا نامەوێت ئامۆژگاری خەڵک بکەم لە بە ئەوەی بڕوام بە ئامۆژگاری نییە بەڵام بۆ ئومێدوار کردنی خەڵک بە بیریان دەهێنمەوە.

بەڕێز سادق ئەیووبی وتی: نموونەی بەرهەمەکانم لەم پێشانگایەدا ئەو دڵخۆشیانەیە لە ڕێگای مەینەتەوە بە دەس هاتووە، لە ڕاستیدا هونەرمەند بە بۆنەی خەڵکەوە ئازار ئەچێژێ و دەیخاتە نیگارکێشییەوە.

 ئەو هەروەها سەبارەت بەو ئامێرانەی لە بەرهەمەکانیدا کەڵکیان لێ وەردەگرێ ئاماژەی بەوەی دا: لە تێکەڵ کردنی مەوادێکی زۆر لە بەرهەمەکانم دا کەڵکم وەرگرتووە، تەنانەت ئەگەر لەپێک قوماشی جل و بەرگی کوردی توانیبێتی بێتە هێمای بەرهەمێکی هونەری، من کەڵکم لێ وەر گرتوە و سنوور بۆ خۆم دانانێم.

 هونەرمەندی مەزن و نیگارکێشی کوردستانی داوا لە هەموو هونەرمەندان دەکات کە هەمیشە لە بواری هونەری خۆیاندا چالاک بن و بە ئاماژەی غەزڵێکی حافیزی شیرازی وتی:«بە ئەسکەندەر نادەن قومە ئاوێ    ئەمە ئیشی زۆر و پارە نییە» کاتێک هونەرمەند دەتوانێت هونەرمەند بێت  کە هونەر ببێتە سەرەکی ترین بابەتی ژیانی و تەنیا لەم کاتەدا دەتوانێ سەرکەوتوو بێت.

 مامۆستا سادق ئەیووبی، لە درێژەدا بە ڕستەیەک لە ئەبووسەعید ئەبولخەیر لە وەڵامی "حەقیەت"دا وتی: ئەم مرۆڤە سەربەستە لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا وتوویەتی: « ڕۆژانێک خەڵکانێک هەبوون لە ڕواڵەتدا پەرتەوازە بەڵام لە ڕاستیدا یەکگرتوو، بەڵام ئەمڕۆ خەڵکانێک هەن لە ڕواڵەتدا یەکگرتوو و لە ڕاستیدا پەرتەوازە.

 وتیشی؛ مێژوو ئامادە بوونی مرۆڤە بۆ ڕاستی و ڕاستی دەرکەوتنی جەوهەری قۆناغەکانی بوون لە قۆناغەکانی مێژوودایە و هونەر ئاوێنەی باڵا نوێنی ئەم دەرکەوتەیە.

ئەم نیگارکێشە کوردستانییە وتی: کاتێک تایبەتمەندییە مێژوویی و کولتوورییەکانی نەتەوەیەک بیر کردنەوەی لێ ببڕێت، ئەوەی دەمێنێتەوە ڕواڵەتبازی کولتوورییە.

بەڕێز سادق ئەیووبی ئاماژەی دا؛ لەوانەیە وێناکردنی دژوار بێت کە سەردەمانێک مارکس لەو بڕوایەدا بوو «ئایین ئافەتی جەماوەرە»، هونەریش لەم قۆناغەدا بە هۆی بێ نرخ بوونی پێگەی بیرکردنەوە تێیدا سەد قات لە ئافەت خراپتر بوو.

 مامۆستا فەردین سادق ئەیووبی لە درێژەدا وتی: بەداخەوە ئەمڕۆ بۆ ڕوونکردنەوەی شوناسی هونەر دەبێت لە فەلسەفە و چەمکەکانی جوانیناسی کەڵک وەر بگرین لە کاتێکدا پەیوەندی مرۆڤ و هونەر پەیوەندییەکی ڕۆحی و ڕاستەوخۆ بوو و لە بنەڕەتدا هۆنەر پێوەندی ڕاستەوخۆی مرۆڤ و جیهانە.

 ئەم هونەرمەندە لە کۆتاییدا پێداگری لە سەر بیرکردنەوە لە شوناسی هونەردا کرد و وتی: ڕووبەڕوو بوونەوەی ئێمە لە گەڵ ڕۆژئاوادا لە ڕێگای وەرگێڕانەوە بووە نە لە ڕێگای ئەزموون. بەکارهێنانی چەمکە ڕۆژئاواییەکان لەم بوارەدا ناتوانێت یارمەتیدەری ئێمە بێت بەڵکوو کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی ژیان لە کولتوور باوەڕەکانی خۆمانە کە دەبێتە هۆی سەرکەوتنی گەورەتر.

 مامۆستا سادق ئەیووبی پتەوکردنی دۆستایەتیەکان جێگیر بوونی هەرکەس لە شوێنی تایبەت بە خۆیدا بە هۆکاری سەرکەوتن لە بواری هونەر و کەلتوو دانا.

بەڕێوەچوونی دانیشتنی ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی بەرهەمەکانی مامۆستا فەردین سادق ئەیووبی

 ئەم دانیشتنە بە شێوازی پەنێل  بە ئامادە بوونی دوکتۆر فەرزاد حاجی میرزایی ڕەخنەگر، دوکتۆر ئومێد وەرزەندە بەرپرسی ناوەندی کوردستان ناسی زانکۆی ئازاد و لە ڕەخنەگرە بە تواناکانی بواری هونەر و ئەدەب بە تێڕوانینی توێژینەوەی ناوەڕۆکی بەرهەمەکان بەڕێوە چوو.

 دوکتۆر حاجی میرزایی مامۆستای زانکۆ و دەبیری شاری داهێنانی مۆسیقای سنە بە توێژینەوەی مێژوویی ڕەخنەی هونەری لە ڕوانگە فەیلەسووفە ناودارە جیهانییەکان وەک کانت، ئەرەستوو، ئەفلاتوون و هتد شوناسی ڕەخنە و ڕەخنەگری لە ڕەهەندی جوانیاسیەوە ڕوون کردەوە.

  د. حاجی میرزایی ڕەخنەی لە بڕی شیکردنەوەی شوناسی هونەر ناو برد و وتی: ئێمە لە ڕەخنەدا بە دوای هۆکارەکانی بەرهەمهێنانی بەرهەم لە لایەن هونەرمەند و دوزینەوەی سووچە ون بووەکانی ئەو بەرهەمەین.

  دوکتور ئوومێد وەرزەندە مامۆستای زانکۆ و بەرپرسی ناوەندی کوردستان ناسی زانکۆی ئازاد، سەبارەت بەمامۆستا سادق ئەیووبی وتی: لێدوان سەبارەت بەم هونەرمەندە هەم دژوارە و هەم ئاسان، سەختە لە بەر ئەوەی هەرشتێک دەڵێین دەینووسێتەوە و بە لە بەرچاوگرتنی تواناییە زانستیەکانی لە بواری هونەرە جۆراجۆرەکاندا دەبێت بە  وردبینییەکی تەواو وشەکان هەڵبژێردرێ و لە لایەکی تریشەوە لێدوان لەم بارەیەوە ئاسانە لە بەر ئەوەی هونەرمەند سادق ئەیووبی بەشێکی گرینگ لە مێژووی هونەری هاوچەرخی کوردستانە و ساکار بوون بەشێکە لە تایبەتمەندی بەرهەمەکانی.

 ئەو لە درێژەدا وتی: من لەم دانیشتنەدا بەدوای ڕەخنەی تەکنیکی بەرهەمەکاندا نیم لە بەر ئەوە لە توانایی ئێمە بەدەرە بەڵکوو بە دوای ڕوون کردنەوەی پەیوەندی چەندین هونەر لە نێو ئەم بەرهەمانەدا بە تایبەت پەیوەندی شیعر و نیگارکێشی داین.

د. وەرزەندە وتی: ئێمە لە بەرهەمەکانی ئەم هونەرمەندەدا تووشی ئەم کێشەیە دەبین ئایا لەگەڵ هونەرمەندێکی شاعیری نیگارکێشدا ڕووبەڕوو بووینەتەوە یان نیگارکێشێکی شاعیر. مامۆستا فەردین شاعیر، نووسەر، ڕەخنەگر و نیگارکێشە و جیاکردنەوەی ئەمانە هەمووی ئەگەر نەڵێین نامومکینە، دەتوانین بڵێین زۆر ئەستەمە.

ئەم مامۆستای زانکۆیە هەروەها وتی: مامۆستا فەردین بەشێک لە مێژوو و بیرەوەری و تێگەیشتنی ئێمەیە. ئەو کەسەی دێتە شاری سنە، بۆ ناسینی کولتوور و هونەر و شوناسی ئەم شارە یەکێک لەو کەسانەی کە دەبێت سەردانی بکات مامۆستا فەردین سادق ئەیووبییە.

 د. ئوومێد وەرزەندە وتی یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی بەرهەمەکانی مامۆستا فەردین بوونی شوناسێکی سەربەخۆ و بە تەوای وەرگیراو لە کولتوور و شوناسی ناوچە کوردنشینەکانە و ڕێبازێکی تایبەت بە خۆیە کە دەتوانی لە نێو هەزاران بەرهەم بیانناسیتەوە.

 ئەم مامۆستایەی زانکۆ باسی کەڵک وەرگرتنی مامۆستا فەردینی لە چەمکە شاعیرانەکان کرد و وتی: لە بەرهەمەکانیدا لە تەنیشت فاکتەرەکانیتردا هیوا و ئومێد بەجوانی دەردەکەوێت.

 د. ئومێد وەرزەندە هەروەها وتی: فەردین سادق ئەیووبی لە تەنیشت نیگارکێشی شیعریش دەڵێت و بڕیارە دەفتەری شیعرەکانی لە ژێر ناوی «تابلوهایم اسب سوار ندارند» لە لایەن ناوەندی هونەریەوە چاپ بکرێن. د. وەرزەندە بە ئاماژە کردن بە پەیوەندیی مێژوویی شیعر و نیگارکێشی وتی: لە کۆنەوە کە نوسین  نەبوو مرۆڤەکان هەستە دەروونییەکانیان لە ڕێگای وێنە هەڵکەندن لە سەر دیواری ئەشکەوتەکان بە جێ هێشتووە و شاعیرێ تابلۆیەکی نیگارکێشی لە ڕێگای شیعرەوە دەرخستووە.

 د.وەرزەندە بە خوێندنەوەی هەندێک لە شیعرەکانی فەردین سادق ئەیووبی  ڕایگەیاند: هەموو ئەم شیعرانە دەتوانین لە تابڵۆکانی سادق ئەیووبی دا ببینین و هەموو نیگارکێشیەکانی لە شیعرەکانیدا وێنا بکەین.

 ئەم مامۆستای زانکۆیە بیری هێنایەوە؛ لە بەرهەمەکانی مامۆستا فەردین سادق ئەیووبی دا مرۆڤ، فەرش، هەنار، ماسی، حەوزی ئاو، کۆتر و ئاسمان زۆر دەبینرێن.

 فەردین سادق ئەیووبی نیگارکێش و هونەرمەندی شاری سنە لە دایک بووی ساڵی 1341ی هەتاوی لە شاری سنە. ماستەری نیگارکێشی لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی تاران وەرگرتوە و لە ساڵی 1370ی هەتاوی لە زانکۆ و ناوەندە هونەرییەکانی شاری سنە خەریکی وانە گووتنەوەی نیگارکێشییە.

ئەم هونەرمەندە تا ئێستا لە پتر لە 40 پێشانگا و فێستیڤاڵی  ناوخۆ و دەرەوەی وڵات  بەشداری کردووە، هەروەها پێنج بەرهەمی لە مۆزەخانەی هونەرە هاوچەرخەکانی تاران، دوو بەرهەم لە مۆزەخانەی ئیمام عەلی، چواردە بەرهەم لە مۆزەخانەی شەڕ لە بابەتی ئەنفالی کوردستان، جینۆساید و بۆردمانی کیمیایی هەڵەبجە، دوازدە بەرهەم لە هەولێری هەرێمی کوردستان و هەشت بەرهەمی لە سلێمانیدا هەیە.