نازم دەباغ پەیامی ئێران ئاشکرا دەکات؛ کورد بە سازان کێشەکانی چارەسەربکات و نەبنە هۆی لێکترازانی ماڵی شیعە

(0) / / گفتگو / نازم دەباغ ئێران پارتی کورد یەکێتی بەرهەم ساڵح هۆشیار زیباری


Jan 24, 2022

قەبارەی فۆنت:

نوێنەری هەرێم لە تاران باس لە دوا هەڵوێستی ئێران بەرامبەر پـێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، نازم دەباغ، دەڵێت: " ئەوەی هەستی پێدەکرێت ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتیە لەسەر بابەتی سەرۆک کۆمار، بەڵام بە پاراستنی مافەکانی یەکێتی."

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمریکا، ڕایگەیاند:"ترسم لەوە هەیە هەندێک سیاسەت لە عێراقدا بمانگەڕێنێتەوە بۆ شێوازێک لەو ڕووداوانەی لە کاتی ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆم بینران ".

نازم دەباغ، وتی" ئەوەی گرنگە بۆ ئێستای کوردی یەکڕیزی نێوماڵی کوردییە، نەبینە تەرەفی هیچ لایەنێکی تر، من خۆم ترسم لەوە هەیە هەندێک سیاسەت لە عێراقدا بمانگەڕێنێتەوە بۆ شێوازێک لەو ڕووداوانەی لە کاتی ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆم بینران، چونکە ئەوانەی هەندێکجار کە پشتیوانی لە کورد یان لە شیعە دەکەن ڕەنگە بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی سوننە بێت چونکە لە ئێستادا دژەکانی ناو سوننە زۆر بە ئاسانی یەکیان گرتۆتەوە، بۆیە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆی هەیە ئەمە بە پیلانێک بزانێت بۆ تێکدانی نێوماڵی شیعە، چونکە لە بەشی زۆرینەی دەسەڵاتیان دەردەهێنێت بۆ دەسەڵاتدارێتی لە حوکم."

" نابێت ئێمە (کورد) ببینە هۆی لێکترازانی ماڵی شیعە"

دەربارەی پەیامی هۆشداری ئێرانی بە لایەنە کوردییەکان کە نەبنە هۆی لەتبوونی ماڵی شیعە، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی:" ئەم پەیامە هی ئێستا نیـیە بە تەنها، چەند مانگ پێش ئێستاش کە "جەنابی قائانی" سەردانی هەولێر و سلێمانی کرد هەمان پەیامی دا بە لایەنە کوردییەکان، کە وتی" کورد نابێت ببێتە لایەنگری لایەنێکی شیعە بۆ دروستکردنی زۆرینەیەک بۆ دیاریکردنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، واتە پێکهێنانی حکومەت" وە نوێترین پەیامیش هەر ئەوە بووە کە کورد لە ڕێگای سازانەوە کێشەکانی خۆیان چارەسەربکەن و نەبنە تەرەف بە ناوی زۆرینەوە لایەنێک وەدەرنێن، پەیامەکە ڕوونە کە نابێت ئێمە (کورد) ببینە هۆی لێکترازانی ماڵی شیعە."

وتیشی:" هەرچەندە من لەگەڵ ئەو شاندە ئێرانیانە نیم کە سەردانی نەجەف و هەولێر و سلێمانیان کردووە، بەڵام بە ئەزمونی خۆم، وە قسەکانیان ئەگەر هەڵبسەنگێنین، زۆر جار من خۆم قسەیەکم هەیە لەسەر برادەرانی ئێرانی دەڵێم ( دوژمنەکانیان بە لبات سەردەبڕن) واتە وای لێدەکات ئازاریشییان نەبێت و تووشی شکستیشیان بکات.

" ئێران بێ بەرپەرچ دانەوە نابێت "

واتە لایەنە کوردییەکان ئەگەر بە گوێی هۆشداریەکەی ئێران نەکەن، ئێران وەڵامی دەبێت؟

لە وەڵامدا نازم دەباغ وتی:" من نازانم ئێران چی دەکات، بەڵام لە ڕێگای شاندەکانیانەوە ڕاستەوخۆ بە لایەنە سیاسیەکان و سەرۆکی حکومەتیان وتووە، ئەمەی کە دەیکات دەبێت چاوەڕوان بین چی دەکات، بۆی هەیە هیچیش نەکات، بەڵام بە دڵنیاییەوە شتێک لە زیانی کۆماری ئیسلامی ئێران بێت، وە بیانەوێت بە ڕێگایەک لە ڕێگاکان نفوزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق کەمبکرێتەوە یان نەهێڵرێت وە هێز و تواناکەی کە شیعەیە لە عێراق پەرش و بڵاوی بکەین بە دڵنیاییەوە ئێران بەرپەرچ دانەوەی دەبێت، ئیتر ئەو بەرپەرچ دانەوەیە، سیاسی بێت، عەسکەری بێت یاخود ئابوری ئەوە (لكل حادث حديث)."

دەربارەی پشتگیری ئێران بۆ کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار؟ نازم دەباغ وتی" ئێران پشتگیری لە کاندیدی یەکڕیزی کورد دەکات، وە هەروەها پشتگیریش لەو کاندیدە دەکات کە گەلی عێراق دەیەوێت، ئێستا کە بەڕێز کاک هۆشیار خاوەن کاریزمایە و کاندیدکراوە لە لایەن جەنابی کاک مەسعودەوە هۆکاری خۆی هەیە، وە یەکێتیش مافی خۆیەتی کاندیدی خۆی هەبێت کە (کاک د. بەرهەمە، بە پێی زانیارییەکانی من لە ماوەی کە د. بەرهەم سەرۆک کۆمار بووە کەسێک بووە کە لەلایەنی کۆماری ئیسلامی ئێرانیەوە ڕێزی لێگیراوە، وە ڕەزامەندیش هەبووە لەسەر ئەو سیاسەتەی کە ئەو پیادەی کردووە، وە بەرامبەر ئەوەش کاک هۆشیار زێباری کە وەزیری دەرەوە بووە هاتۆتە ئێران، ئێران هەمیشە ڕێزی تایبەتی بۆ هەبووە، بەڵام مەسەلەی سەرۆک کۆمار جیایە، سەرۆک کۆمار مافی کوردە لە نێو کوردیشدا بە پێی ئەو ڕێککەوتنەی پێشتر کراوە کە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت لای پارتیە، مافی یەکێتیە."

"کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتیە لەسەر بابەتی سەرۆک کۆمار بەڵام بە پاراستنی مافەکانی یەکێتی"

دەربارەی ئەوەی دەوترێت (سەردار قائانی) هۆشداری داوە بە پارتی کە پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی بێت؟ نازم دەباغ وتی:" من خۆم زانیاریم نیـیە، بەڵام باس دەکرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوەی کە من گوێبیست بووم لە زۆرینەی بەرپرسەکانی ئێرە دەڵێن(ئەگەر ئازادی هەبێت، ئەندام پەرلەمان بەدەستی خۆی بێت) بەدڵنیاییەوە دەنگ دەدرێت بە د. بەرهەم بۆ سەرۆک کۆمار، ئەوەی هەستی پێدەکرێت ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتیە لەسەر بابەتی سەرۆک کۆمار بەڵام بە پاراستنی مافەکانی یەکێتی."