نوسەرێک بۆ زایەڵە: کورد باجی  ناتەبایی دەدات

(0) / / گفتگو / zayeLe زایەڵە کامیل مەحمود هەرێمی کوردستان پارتی یەکێتی


Feb 01, 2022

قەبارەی فۆنت:

نوسەرێک پێی وایە کورد لە ناخۆی هەرێمی کوردستان و دەرەوەش باجی نەبوونی یەکڕیزی و ناتەبایی  دەدات .
کامیل مەحمود نوسەر بەزایەڵەی ڕاگەیاند، بێگومان لە ناوخۆی هەرێم و لە بەغداش کورد باجی نەبوونی یەکڕیزی و ناتەبایی هێزە سیاسیەکانی دەدات، ئەو ناتەباییەش پارتی و یەکێتی سەرکردایەتی دەکەن و لێی بەرپرسیارن، دواین مەهزەلەی سیاسی ئەو کێبەرکێ و ڕکابەریەی نێوانیانە لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار بەرپایان کردووە.
وتیشی، بەداخەوە ئەوان شەڕی پۆست و پێگەی خۆیان دەکەن و لەپێناویدا سازش لەسەر مافەکانی هەرێم دەکەن، یان ڕونتر بڵێین هیچ خواستێکیان لەبەغدا و لایەنە عێراقییەکان نیە جگە لەپۆست و وەزارەت و ئیمتیازات.
ڕونیشیکردەوە، ئەم شەڕەی ئێستا لەسەر کەسەکانی خۆیان دەیکەن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار شەڕێکی لاوەکیەو پەیوەندی بەکێشەی خەڵکی هەرمی کوردستانەوە نیە، ڕاستە پۆستی سەرۆک کۆمار ئیستیحقاقی کوردەو دەبوو بەسازان کەسی شیاو لەکورد دیاری بکرێت، گرنگ نیە یەکێتی بێت یان پارتی، گرنگ ئەوەیە ئەو دوو هێزە خۆیان پێک بێن و کەسێک دیاری بکەن و پرسەکە شەخسەنە نەکەن کە ئێستا هەر یەکەیان دەمارگیربوون بۆ کەسێک یان دژی کەسێک.
باسی لەوەشکرد، ئەم ململانێیەی ئێستا جیاوازە لەوەی ۲۰۱٨، ئەوکات بێ ڕەزامەندی پارتی پۆستەکە گەڕایەوە بۆ یەکێتی کە بەئیستیحقاقی خۆی دەزانی، بەڵام ئەمجارە ئەگەر نەگەن بەسازان و ڕێککەوتن دەرەنجامەکە واپێشبینی دەکرێ کە کاندیدەکەی پارتی بیباتەوە بەهۆی ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان پارتی و هێزە سوننەکان و ڕەوتی سەدر ئەنجام دراوە، لەم حاڵەتەشدا یەکێتی بە ئاسانی ئەمەی بۆ هەزم ناکرێ و دەرهاوێشتەی خراپی لەسەر دۆخی ناوخۆی هەرێم دەبێت و دواجاریش خەڵکی داماو دیسان باجەکەی دەدات وەک چۆن بەردەوام لەماوەی ڕابردوودا باجی سیاسەتی هەڵەو شکستی حوکمڕانی ئەم دوو هێزەی داوە.
کامەران کەریم