دەستەی گشتی گەشتوگوزار شوێنە گەشتیاریەکان پابەندی زمانی کوردی دەکات

(0) / / کردستان / زایەڵە گەشتوگوزار زمانی کوردی


Aug 24, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - دەستەی گشتی گەشتوگوزار شوێنە گەشتیاریەکان پابەندی زمانی کوردی دەکات و سزاکەی هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەت دەبێت لە کاتی پابەند نەبوون.

بە فەرمانێکی کارکێڕی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم و بە واژۆی ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گشتی گەشتوگوزار، سەرجەم هۆتێل و مۆتێل و کافێ و ڕێستۆرانت و ئەو شوێنە گەشتیاریانەی خزمەتگوزاری گەشتیارییان تیاداپێشکەش دەکرێت پابەند دەکات بەوەی پێویستە زمانی کوردی بکەن بە زمانێکی سەرەکی بۆ لیستی پێشکەشکردنی خواردنەکان و تابلۆی ناوی بازرگانی شوێنەکانیان، بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەش تەنها وادەی (١٥) ڕۆژ دیاری کراوە.

هەر وەک لە فەرمانەکەدا هاتووە کە لە دووتوێی حەوت خاڵدا نوسراوە، پابەند کردنی سەرجەم ئەوشوێنانەی خاوەنی مۆڵەتی گەشتیارین دەبێت زمانی کوردی وەک زمانی سەرەکی و یەکەم، پاشان هەر زمانێکی تری بیانی بنوسرێت.

لە فەرمانەکەدا سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و لیژنە تایبەتەکانی ڕاسپاردووە بۆ بەدواداچوون بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە و سزای دیاریکراوی سەرپێچی کاران تۆمار دەکرێت کە بە داخستنی شوێنەکە بۆماوەی سێ ڕۆژ دەستپێدەکات، لە ئەگەری دووبارە بوونەوە یان زیاتر شوێنەکە بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ تا بە هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی شوێنە گەشتیارییەکە کۆتایی دێت.

ئامادەکردنی- کامەران  کەریم