شارەزایەکی گەشتوگوزار بۆ زایەڵە لێکیدایەوە: زیانەكان و مەترسیەكانی گەشتوگوزار

(0) / / گفتگو / زایەڵە گەشتوگوزار کوردستان


Feb 20, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - نادر روستی شارەزای گەشتوگوزار بەزایەڵەی ڕاگەیاند،لە سەرجەم راپۆت و نووسین و كتێبەكانم باسی گرنگی و داهاتی گەشتیاری و لایەنە باشەكانی  گەشتوگوزارم كردووە، بەڵام پێویستە زانیاریمان لەسەر زیانەكان و مەترسیەكانی گەشتوگوزاریش هەبێت، هەموو چالاكی و داهێنانێك دوو لایانەیە، ئیتر مرۆڤ سەربەستە لە بەكارهێنانی لایانە جوان و باشەكان یاخود لایانە خراپەكان. بۆ نموونە  چەك، كارەبا، T.V ، ئەنتەرنێت، ئوتومبێل هەریەك لە مانە مرۆڤ دەتوانێت بۆ دەیان كاری جوان و باش و دەیان كاری خراپ بەكاریان بێنێت، بەڵام نەزانی و ناهۆشیاری لەبەكارهێنانیان ئەم ئامێرانە زیانی زۆرمان پێدەگەیەنێت. ئەمەش دەگەڕێتەوە سەر ئاستی رۆشنبیری و پلانی بەڕێوەبردن و بەكارهێنانی ئەو بابەتەی مەبەستمانە سوودی لێوەربگرین، كەواتە لایەنی چاكە و خراپەی بەكارهێنانی هەر كەرستە و ئامێرێك پەیوەستە بە پلان و بەنییەت و جۆری بیركردنەوەی  خودی مرۆڤ. 

وتیشی،گەشتوگوزار وەك سەرجەم بوارەكانی دیكە، لایەنی چاك و هەندێك زیان و لایەنی خراپی هەیە. ئێمەی مرۆڤ دەتوانیین سوود لە لایانە باشەكانی وەربگرین و خۆمان لە لایەنە خراپەكانی بپارێزین، كەواتە ئەگەر هوشیارانە رەفتارمان لەگەڵ گەشتوگوزار كرد، ئەوە دەتوانیین خۆمان لە لایەنە خراپەكانی بپارێزین. دەكرێ لێرەدا بە كورتی ئاماژە بەهەندێك لە زیان و مەترسیەكانی گەشتوگوزار بكەین و خۆمان لێیان بپارێزین، یان زیانەكانی كەم 

بكەینەوە،  پیسكردن و شێواندنی ژینگە: گەشتیاران ئەگەر هوشیارانە رەفتار نەكەن، دەبنە سەرچاوەی پیسكردنی ژینگە. بەتایبەت شەقام و كانی و رووبارەكان. زۆرجار پاشماوەی سەیرانگەكان و ناوچە گەشتیارییەكان، بەتایبەت ئەو شوێنانەی دەكەونە سەر رووبارەكان هیندە پیس دەكرێن، دانیشتوانی ناوچەكە بیزار دەبن. یان ئەو شوێنەی گەشتیار رووی تێدەكات، بە هۆی دوكەڵی ئۆتۆمبێل و دەنگە دەنگ و ئاپۆرە ژینگەی ناوچەكە تێكدەچێت، رەفتاری گەشتیاریش پەیوەستە بەو پلانەی بۆ پیشوازی و رێبەری كردنی گەشتیار بەكار دەهێنریت. كاتێك پلانیش نەبێ بۆ كەمكردنەوەی مەترسیەكان، زیانەكان زۆر گەورەتر دەبن. خنكانی ریگاوبان: هاتنی گەشتیار بە ئۆتۆمبێل بۆ ناو شارەكان و شوێنە گەشتیارییەكان، ژمارەی ئۆتۆمبێل لەو شوین و ناوچانەی گەشتیار رووی تێدەكات، زۆر زیاد دەكات، بۆیە كاریگەری خراپ بۆ سەر سیستمەی هاتوچۆ دروست دەبێت، تەنانەت لەو شوێنانەی ریگاكان تەسك و نەشیاون بۆ چەند كاتژمێرێك رێگاكان رووبەڕووی ئاپۆرە و خنكانی هاتووچۆ دەبنەوە، تەنانەت هەندێك جار رێگاكان بۆ چەند كاتژمێرێك پەكیان دەكەوێت. بەو هۆیەی لە 85% بۆ 90% گەشتیارانی هەرێم گەشتیاری ناوخۆن،  بەردەوام ئەم مەترسیە بۆ سەر رێگاوبانەكان دروست دەبێت. سەرەڕای پیسبوونی ژینگە بەهۆی زۆری دوكەڵی ئۆتۆمبێلەكان.

هێمای  بەوەشکرد،هەروەها گرانی و نرخ بەرزبوونەوەی پێداویستی هاوڵاتیان: كاتێك گەشتیاران بە بەربڵاوی روو لە ناوچەیەك دەكەن، خواست لەسەر پێداویستیەكانی بەكارهێنانی رۆژانە زیاد دەبێت. ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەكان لەسەر زۆربەی بابەتەكان، بۆیە بازاڕ گرانی لە ناوچەكە روودەدات و زیان بە هاوڵاتیان دەكەوێت بەتایبەت ئەو هاوڵاتیانەی داهاتیان كەمە یان هیچ سوودمەند نابن لە هاتنی گەشتیاران و داهاتی گەشتیاری. گرانبوونی نرخی زەوی و خانووبەرە: ئەو شوێنەی دەبێتە شوێنێكی گەشتیاری دانیشتوانی رووبورووی قەیرانی شوێنی نیشتەجێبوون دەبنەوە و نرخی خانوو و زەوی و كرێی خانوو زۆر گران دەبن، بەم هۆیە كێشە بۆ بەشێك لە هاوڵاتیان دروست دەبێت.  شێواندن و تێكچونی كولتوور: گەشتیاران هەڵگری كولتوور و رەفتاری جۆراوجۆرن، كە هەندێكیان نامۆن، بۆیە دانیشتوانی شوێنە گەشتیارییەكان دەكەونە ژێر كاریگەری كولتووری جۆراوجۆری گەشتیاران كە لە شوێنی جیاوازەوە هاتوون، ئەمەش مەترسی دروست دەكات بۆ لە ناوچوونی كولتووری رەسەنی ئەوشوێن و ناوچانە. بۆ نموونە، گۆڕانی جۆری جلوبەرگ، گۆڕانی زمانی رەسەن، نواندنی رەفتاری نامۆ و جۆراوجۆر، خواردنەوە، رابواردن و شوێنی تەرفیهی.هتد. تاكە سەرچاوە: پشت بەستن بە گەشتوگوزار وەك تاكە سەرچاوەی داهات بۆ هەر ناوچەیە مەترسیەكی گەورەیە، چونكە گەشتیاری لە زۆربەی ناوچەكای هەرێمی كوردستان وەرزیە، واتە تەنیا لە وەرزی هاوین شوێنە گەشتیاریەكان داهاتیان دەبێت، بەڵام لە وەرزەكانی تر بێكار دەبن، لەسەر ئاستی وڵات هەركاتێك جیهان رووبەرووی قەیرانی ئابووری ببێتەوە، ئەوە گەشتوگوزار بەرلە هەموو سەرچاوەكان زیانی پێدەكەوێت. بۆنموونە كاتێك شەڕ و نائارامی لە ناوچەیەك دروست بێت، ئەوە گەشتیاران سەردانی ئەو ناوچەیە ناكەن، بۆیە خاوەن شوێنەكان زیانی زۆریان پێدەگات.

ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆتایدا دووبارەی دەکەمەوە، کە كەمكردنەوەی زیان و مەترسیەكانی كەرتی گەشتوگوزار پەیوەستە بەو پلانەی كە بۆ سوود وەرگرتن لە كەرتی گەشتوگوزار دادەنرێت، بەتایبەت ئەو چەند خاڵەی بە سادەیی  ئاماژەم بۆیان كرد، بەڵام بەدواداچوون و توێژینەوەی زۆر هەڵدەگرن، كەواتە لە هەرێمی كوردستان چ پلانێك هەیە، كە رێگری بكات گەشتیاران زیان بە ژینگە نەگەیەنن چ پلانێك هەیە رێگاوبانەكانمان بەهۆی گەشتیاران رووبەڕووی خنكان نەبنەوە چ پلانێك هەیە، كە نرخەكان بەرز نەبنەوە چ رێگریەك هەیە كلتووری رەسەنی كوردی نەشێوێت زیان بەخاوەنی ئەو شوێنە گەشتیارایانە نەكەوێت كە تەنیا لە یەك وەرز داهاتیان لە گەشتوگوزار دەست دەكەوێت.

کامەران کەریم