سەرۆک کۆمار جەخت لە پێویستی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ عومرەکاران و حاجیانی ماڵی خودا دەکاتەوە

(0) / / عراق / زایەڵە عومرەکار لەتیف جەمال ڕەشید


Mar 13, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - سەرۆک کۆمار د. لەتیف جەمال ڕەشید، پێشوازیکرد لە بەڕێز شێخ سامی ئەلمەسعوودی سەرۆکی دەستەی باڵای حەج و عومرە.

لە میانی دیدارێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە 2024-3-13، لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچوو، بارودۆخی ناردنی عومرەکارانی عێراقی بۆ شانشینی سعودیە لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا تاوتوێ کرا، بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندی ئەم مانگە پیرۆزە، سەرۆک کۆمار ستایشی کارەکانی دەستەی باڵای حەج و عومرەی کرد، هاوکات ئاماژەشی بە گرنگی بەردەوامی کارکردن بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بەعومرەکاران کرد.
هەروەها سەرۆک کۆمار جەختی لە پێویستی ئامادەکاری و پێداویستییەکان بۆ وەرزی داهاتووی حەج و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوە و نیشتەجێکردن و گوزەرانی حاجیانی ماڵی خودا و ئاسانکاریکردنی ڕێکارەکان کرد بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسانی ڕێوڕەسمەکانیان ئەنجام بدەن بە شێوەیەک کە  لەگەڵ پێگەی حاجیانی عێراقیدا بگونجێت. 
لەلای خۆیەوە شێخ ئەلمەسعوودی، ڕونکردنەوەیەکی پێشکەش بەسەرۆک کۆمار کرد سەبارەت بە پێشکەوتنی کارەکانیان و ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە عومرەکارانی عێراقی و ئەو پلانانەی داڕێژراون بۆ بەردەوامی بەرزکردنەوەی ئاستی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەشیان دەکرێت، لەگەڵ وردەکارییەکانی پلانە ئامادەکراوەکان بۆ وەرزی داهاتووی حەج و ئەو هەوڵانەی بۆ خزمەتکردنی حاجیانی عێراق دەدرێن .