مامۆستایانی ناڕازی: تووڕە و بێزارین لە بەبارمتەکردنی مووچە و قووتی خۆمان و ماڵ و منداڵمان

(0) / / کردستان / زایەڵە مامۆستای ناڕازی مووچه


Mar 25, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە ـ مامۆستایانی ناڕازی رایانگەیاند، تووڕە و بێزارین لە بەبارمتەکردنی مووچە و قووتی خۆمان و ماڵ و منداڵمان، پێتان دەڵێین، ئەگەر دەتانەوێت میللەت بۆ یەکجاریش بێت بڕوا بەوەبکات، کە ئێوە و پارتی دووڕووی یەک دراو نین.
ئەمڕۆ دووشەممە  ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە كە بڕیار بوو لە بەردەم دەباشان بیخوێننەوە بەڵام بەهۆی ڕێگریان نەتوانر لە شوێنی مەبەست بخوێندرێتەوە لە راگەیاندراوەكە هاتووە.
ئەمڕۆ هەمووان پێکەوە لە دەباشانی ناوەندی بڕیاری ئەم سنوورە کۆبووینەتەوە، تا پڕ بە گەروومان و بە ڕوون و ڕاشکاویی بە لووتکەی دەسەڵات بڵێین: ئەگەر لەگەڵ بەیاننامە، وتار و قسەی ناو دیدارەکانتان ڕاستگۆن! وەک چۆن بەوپەڕی شادومانییەوە باوەشتان بۆ بڕیاری دادگای فیدراڵیی کردەوە لە هەمبەر (هەڵوەشاندنەوەی کورسی پێکهاتەکان و دابەشکردنی هەرێم بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن)، فەرموون بڕیاری بە نیشتمانیکردنی مووچەش بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە، کە لەلایەن هەمان دادگاوە لە هەمان ڕۆژدا دەرچوو، ئێمە هاتووین تا پێتان بڵێین؛ تا ئێرە و بەس، ماندووبووین بەدەست یاریکردن و هەڵوێستی خۆڵەمێشییانەتان.
ئەوەش خراوەتەڕوو، تووڕە و بێزارین لە بەبارمتەکردنی مووچە و قووتی خۆمان و ماڵ و منداڵمان، پێتان دەڵێین، ئەگەر دەتانەوێت میللەت بۆ یەکجاریش بێت بڕوا بەوەکات، کە ئێوە و پارتی دووڕووی یەک دراو نین و حیزبێک نین لەگەڵ گورگ گۆشت بخۆن و لەگەڵ مەڕ شین بکەن؛ فەرموون قۆڵی مەردایەتی لێهەڵماڵن و هەر ئەمڕۆ بەفەرمیی کارەکانی تایبەت بە “هەژماری من”ی سەپێنراو لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆتاندا ڕابگرن و هەماهەنگی لەگەڵ بانکەکانی ڕافیدەین و ڕەشید بکەن، تا بە زوویی وەک مووچەخۆرانی عێراق، لە ڕێی کی کاردەوە مووچەکانمان وەربگرین.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئێوەی دەسەڵاتداری ئەم سنوورە، کە لە بەردەم هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازدان، دوو بژاردەتان لەبەردەمە، یان ئەوەتا لەپێناو درێژەدان بە شەریکایەتیتان لەگەڵ پارتی و ڕاگرتنی دڵیان، پشت لە مووچە بە بارمتەگیراوانی ئێره دەکەن، دواتر بەر لە هەرکەس و لایەنێک خۆتان بەسەختی باجەکەی دەدەن یان ئەوەتا دێنە ژێرباری داوا ڕەواکانمان و دڵی میللەت خۆشدەکەن و بەسوود بۆ خۆتان دەشکێتەوە.
لە راگەیاندراوەكە ئەوە هاتووە، سەرباری ئەوەش داواکارین، بەر لە هاتنی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان، هەریەک لە مووچەکانی مانگی دوو و سێ دابەش بکەن، لەوە زیاتر خەڵک و مووچەخۆران برسینەکەن و نەمانچەوسێننەوە، وەک چۆن 10 ساڵە هاوبەشێکی سەرەکیی پارتین لە سیاسەتی برسیکردندا، ئەگەرنا دڵنیاتان دەکەینەوە، سزای گەورەی خودا و شۆڕشی برسییەکان بەرۆکتان دەگرێت، مێژووی دەسەڵاتە تاڵانکارەکانمان لە پێشچاوە، کە چۆن بوون و چییان لێ بەسەرهات.
بڵاوكردنەوەی ئەو ڕاگەیاندراوە لە كاتێكدایە كە مامۆستایانی ناڕازی لەكاتی چوونیان بۆ دەباشان بە مەبەستی گردبوونەوە بەڵام هێزە ئەمنییەكام ڕێگریان لێكردن و زیاتر لە 40 مامۆستای ناڕازیان دەستگیركرد.
کامەران کەریم