گرژى لە خۆپیشاندانەکەى خوێندکارانی سلێمانی دروستبوو
(0)
لە خۆپیشاندانەکانى ئەمڕۆى سلێمانى لەبەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوا، گرژى و ئاڵۆزى دروستبوو، بەشێک لە خوێندکاران هیرشیان کردەسەر بیناى پەروەردە، دەشڵێن: بەهۆى ئەوەى گوێیان لێنەگیراوە توندوتیژیان ئەنجامداوە، بەڕێوەبەرى پەروەردەش دەڵێت: دڵگرانم بە ڕەفتارى ئەو خوێندکارانە چونکە گوێمان لە داواکاریەکەیان گرتووە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، مامۆستا دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى سلێمانى بە تۆڕى هەواڵى ژیانى ڕاگەیاند، ئیمە گوێمان لە داواکارى خوێندکارانگرتوە و دیراسەشمانکردووە، بەڵام ئەمە لەبەر نەخۆشیە و ئەوەش لە دەسەڵاتى ئێمەدانیە و لەسەر خواستى وەزارەتى تەندروستى ئەو بڕیارە دراوە.
وتیشى، ئەو خوێندکارانە پۆلى 12ەن و دەیانەوێت دەوام بکەن، ئێمە بەیانى گوێمان لە داواکاریەکانیان گرت، بەڵام بەداخەوە بەهۆى ئەوەى کە ڕێکخراو نەبون و یاداشتیان نەبوە ئەو گرژییانە ڕوویانداوە.
دەشڵێت: من دڵگرانم بە ڕەفتارى ئەو خوێندکارانە و ئەوان زیانێکیان بە بیناى پەروەردە گەیاندووە و ئاگریان لە حاویەکەى بەرداوە.
ئاماژەى بەوەشکرد، لەڕووى ئۆنلاینەوە هەمووشتێک بۆ خوێندکاران فەراهەمکراوە و لەسەرم ئەم پرسەش لەگەڵ وەزیرى پەروەردە قسەمکردوە و لە چەند ڕۆژى داهاتودا ئەو پرسە تاوتوێدەکەین و بریارى کۆتاى دەدەین.
هاوکات، بەشێک لە خوێندکاران ڕایانگەیاند، بەهۆى ئەوەى گوێمان لێنەگیرا ئێمەش هێرشمانکردەسەر بیناى وەزارەتەکە.
دەشڵێن: ئێمە خوێندکارى پۆلى 7 تا پۆلى 12یین، و داواکارى سەرەکى ئێمە ئەوەیە کە سیستمى ئۆنلاین نەمێنێت چونکە هیچى لێتێناگەین و ئەگەر هەفتەى دوو ڕۆژیشیش بێت دەمانەوێت بگەڕێینەوە ناو پۆلەکان.
ئەوەش دواى ئەوەدێت، وەزارەتى ناوخۆ لە چوار چێوەى ڕێکارەکان بۆ خۆپارێزى لە ڤایرۆسى کۆرۆنا لە هەنگاوى یەکەمدا بڕیاریدا تاکو 10ى 4 دەرگاى قوتابخانەکان دابخرێن، بەڵام بەهۆى بەرزبونەوەى ڕێژەى توشبون بە ڤایرۆسەکە، لە دواییان کۆبونەوەیدا تایبەت بەو پرسە بریاریدا تا کاتێکى نادیار دەرگاى قوتابخانەکان بەداخراوى بمێننەوە.
تێبينيێك بنێرە: