ئایەتوڵڵا خامنەیی: خەبات و تیکۆشانی نەسروڵڵا و سینوار چارەنووسی ناوچەکەی گۆڕی

(0) / / ایران / زایەڵە کوردستان ئێران شۆڕشی ئیسلامی ئایەتوڵڵا خامنەیی


2 كاتژمێر لەمەوپێش

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران جەختیان لەوە کردەوە کە ڕژێمی زایۆنیستی تووشی شکست بووە و وتیان: تێکۆشانی بەرەی خۆڕاگری و گەورە سەرکردەکانی وەک سەید حەسەن نەسروڵڵا و یەحیا سینوار چارەنووسی ناوچەکەی گۆڕی.
 
 ئایەتوڵڵا سەید عەلی خامنەیی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٣ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ لە چاوپێکەوتنی کاربەدەستانی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی ١٥ هەزار شەهیدی پارێزگای فارس، ڕووداوەکانی ناوچەکە و خەبات و تێکۆشانی خۆڕاگرییان بە هۆکاری گۆڕانکاری لە چارەنووس و مێژووی ناوچەکە ناو برد و بە جەختکردنەوە لە سەر شکستی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ لەناوبردنی بەرەی خۆڕاگری سەرەڕای کوشتاری زیاتر لە ٥٠ هەزار مرۆڤی بێ تاوان، شکستی گەورەتریان بە ڕیسوایی کەلتور و شارستانیەت و سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاوا ناو برد و وتیان: لە ڕوبەڕوبونەوەی بەرەی خۆڕاگری لە بەرامبەر بەرەی تاوان و شەڕەنگێزی، سەرکەوتن بۆ خۆڕاگرییە.
 
ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران دۆخی ئێستای ناوچەکە بە تایبەت ڕووداوەکانی غەززە، کەرتی خۆرئاوا و لوبنانیان بە مێژوویی ناو برد و وتیان: ئەگەر کەسانی وەک شەهید سینوار نەدەبوون کە تا دوایین ساتەکان شەڕ بکەن، یان ئەگەر سەرکردە گەورەکانی وەک شەهید سەید حەسەن نەسروڵڵا نەدەبوون کە تێکۆشان و عەقڵ و بوێری و گیانفیدایی پێکەوە تێکەڵ بکەن و بیهێننە گۆڕەپانەکەوە، چارەنووسی ناوچەکە جۆرێکی دیکە دەبوو.
 
هەروەها  لێکەوتەی ڕووداوەکانی ناوچەکەیان بە شکستێکی گەورە نەک تەنیا بۆ ڕژێمی زایۆنیستی، بەڵکوو بۆ کەلتور و شارستانیەتی ڕۆژئاوا ناو برد و وتیان: زایۆنیستەکان بیریان لەوە دەکردەوە کە بە ئاسانی دەتوانن گرووپەکانی خۆڕاگری لەناوببەن، بەڵام ئەمڕۆ سەرەڕای شەهیدکردنی زیاتر لە ٥٠ هەزار کەسی سڤیل و بێ تاوان و چەندین سەرکردە و هەروەها سەرەڕای ئەو هەموو تێچوو و پشتیوانییەی ئەمریکا و ڕق و نەفرەتی جیهانی لە بەرامبەریان بە تایبەت لە زانکۆکانی ئەمریکا و ڕێپێوانەکانی دژ بە تاوانباران، گرووپەکانی خۆڕاگری و گەنجانی خەباتگێڕی حەماس، جیهادی ئیسلامی و حزبوڵڵا و لایەنەکانی دیکەی خۆڕاگری بە هەمان هێز و ئیرادەوە درێژەیان بە خەبات داوە و ئەمەش شکستێکی گەورەیە بۆ ڕژێمی زایۆنیستی.
 
 ئایەتوڵڵا خامنەیی شکستی گەورەتریان بۆ کەلتور و شارستانیەتی ڕۆژئاوا ناو برد و وتیان: کۆمەڵکوژکردنی ١٠ هەزار منداڵی بێ تاوان بە بۆمبە دوو تەنییەکان و چەکی جۆربەجۆری وڵاتانی ڕۆژئاوا، بووەتە هۆی ڕیسوابوونی سیاسەتمەدارانی درۆزن و بانگەشەکارانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتانە و بێناوبانگکردنی شارستانیەتی ڕۆژئاوای بە هەموو جیهان پیشاندا کە ئەمەش گەورەترین شکستە بۆ ئەوان.
 
ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە کۆتاییدا بەرەی پشتیوانی لە ڕژێمی زایۆنیستییان بە بەرەی خراپەکاری ناو برد و وتیان: بەرەی خۆڕاگری لە بەرامبەر ئەم بەرە خراپەکارەدا وەستاوە و بە یارمەتی خودای گەورە سەرکەوتن بۆ بەرەی خۆڕاگری دەبێت.