بێگەرد تاڵەبانی: ئەو ئاردەی هێنراوەتە هەرێم مادەی كوشندەی تێكراوە

(0) / / کردستان / زایەڵە بێگەرد تاڵەبانی ئارد


Sep 19, 2021

قەبارەی فۆنت:

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند : "لە چەند هەفتەی رابردودا لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لەجۆری ئەو ئاردەی دەهێنرێتە ناو بازاڕەکانی هەرێم، کە بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکان دەرکەوتوە ماددەی کوشندەی تێکراوە".
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لەمیانی وتارێکدا لە مەراسیمی کردنەوەی کارگەی ئاردی سلێمانی لە سنوری بازیان رایگەیاند، "پڕۆژەکە هەنگاوی گرنگ دەنێت بە ئاڕاستەی پاراستنی ئاسایشی خۆراک و هەمو ئەو بەرهەمانەی دانەوێڵە کە پێویستە بخرێنە بازاڕەکانەوە لەژێر چاودێری لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ساڵی پار هەموتان گوێبیست بون کە بەشێکی زۆری ئەو بەرهەمانەی کە دەهێنرێنە ناو بازاڕەکان و لە وڵاتانی تر هاوردە دەکرێن ناتوانرێت ئیعتیمادی 100% لەڕوی پاراستنی ئاسایشی خۆراک، کوالێتیەکەی و تەندروستییەوە بخرێتەسەر، ئەمە وایلێکردین ئێمە لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە پاڵپشتی ئەنجومەنی وەزیران بیر لە پڕۆژەیەکی لەم شێوەیە بکەینەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد: "ساڵی رابردو نزیکەی 390 هەزار تەن گەنمیان بە بازاڕکردوە لە سایلۆکاندا، بەڵام ئەمساڵ لە لایەن وەزارەتی بازرگانییەوە تەنها 126 هەزار تەن وەرگیراوە، کە ئەوەش بەهۆی وشکەساڵی و ئەو بارودۆخە ناهەموارە بو بەسەر بەرهەمی کشتوکاڵیدا هات، ئەو کارگەیەی کە ئەمڕۆ کرایەوە یەکێکە لەو 13 پڕۆژەیەی کە لەگەڵ سایلۆکانی سنوری پارێزگای سلێمانی تەواو دەکرێن و لە ساڵی داهاتودا، گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان کە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو ئەرکەی وەرگرتوە، لەگەڵ تەواوبونی سایلۆکان گەنمی جوتیاران وەردەگرێتەوە."
بێگەرد تاڵەبانی باسی لەوەشکرد، "لە چەند هەفتەی رابردودا لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لەجۆری ئەو ئاردەی دەهێنرێتە ناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، کە بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکان دەرکەوتوە ماددەی کوشندەی تێکراوە، لەپێناوی ئەوەی کە تەنها ئاردە سپی بکرێت و کۆمەڵێک ماددەی کیمیایی تێکراوە کە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر تەندروستی خەڵکی کوردستان هەیە، بۆیە ئێمە بۆ ئەوەی بتوانین کێبڕکێی بەرهەمی هاوردە بکەین بە کوالێتییەکی زۆر بەرز بەرهەمەکانمان بخەینە بازاڕەوە و پاڵپشتی جوتیاران بکەن بڕیارماندا ئەم کارگانە لەناوخۆی هەرێمی کوردستان لەژێر چاودێری خۆمان بەرهەمەکانیان بخەنە بازاڕەوە."