سەرکونسوڵی ئێران لە سلێمانی بۆ زایەڵە؛ پەرە بە پەیوەندییە کەلتوری و ڕۆشنبیرییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدەین

(0) / / گفتگو / زایەڵە سلێمانی ئێران هەرێمی کوردستان کەلتوری مەهدی شوشتەری


Oct 16, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرکونسوڵی ئێران لە سلێمانی جەختی لە سەر گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییە کەلتوری و ڕۆشنبیرییەکانی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان کردەوە.
مەهدی شوشتەری سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی بۆ هەواڵنێری زایەڵە، وتی: لە پێناو پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە کەلتوری و ڕۆشنبیرییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان – پارێزگای سلێمانی – یەکەم پێشانگای هاوبەشی پیشەسازی دەستی ژنانی ئێران و کوردستان بەڕێوەچوو کە دەرفەتێکی لەبارە بۆ ناساندنی هونەری پیشەسازی دەستیی ئێران کە ناوبانگی جیهانیی هەیە.
ناوبراو ئێرانی بە یەکێک لە جەمسەرەکانی پیشەسازی دەستی لە سەر ئاستی جیهان ناو برد و وتی: هونەرمەندە بەشداربووەکان بە جۆربەجۆری بەرهەمەکان و کارە دەستییەکانیان لە پارێزگا جیاجیاکانی ئێران ئامانجیان ئەوەیە کە هونەر و کارە جوانەکانی خۆیان بە هونەردۆستان و خەڵکی هەرێمی کوردستان و شاری سلێمانی بناسێنن.
سەرکونسوڵی ئێران کردنەوەی پێشانگاکەی لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندییە کەلتوری و ئابورییەکانی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان ناو برد و وتی: ئێمە پەیوەندییەکی زۆر باشمان لە بوارەکانی سیاسی، ئابوری، ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی، زانست و زانکۆیی و … لە گەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، هەروەها خاڵی هاوبەشی زۆریشمان لە بواری مێژوویی و کەلتوریدا هەیە، زیاتر لەمەش دەرفەتی کاری هاوبەشی زۆریش لە نێوانماندا هەیە و هیوادارین کە لە ڕێگای ئەم چالاکییانەوە بتوانین پەیوەندییەکانی گەلانی هەر دوو لا زیاتر لە ڕابردوو لێک نزیک بکەینەوە.
شوشتەری وتی: هەوڵ دەدەین بە هاوکاری و ڕاوێژی لایەنی پەیوەندیدار لە داهاتوودا زیاتر لە ڕابردوو پەرە بەم چالاکییە هاوبەشانە بدەین.
ناوبراو بە ئاماژە بە تۆمارکردنی ناوچەی هەورامان لە لایەن ڕێکخراوی یۆنسکۆ و لە سەر ئاستی جیهانی، وتی: بەپێی ئەو خاڵە هاوبەشانەی کە لە بواری هەوراماندا لە نێوان پارێزگای هەڵەبجەی هەرێمی کوردستان و هەر دوو پارێزگای کوردستان و کرماشان لە ئێران هەیە، هیوادارین بتوانین چالاکی هاوبەشمان سەبارەت بە ناساندنی هەورامان بە جیهان هەبێت.
سەرکۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی هەروەها وتی: لە بەشی کەلتوری و ڕۆشنبیری بواری زۆری هاوکاری و چالاکی لە کونسوڵخانە هەیە، لە پەیوەندی زانستی کە هەوڵ دەدەین پەرە بە پەیوەندی نێوان زانکۆکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان بدەین، لە دوو مانگی ڕابردوو پێشانگای ناساندنی زانکۆ پلە یەکەکانی ئێران بە ئامانجی خوێندنی خوێندکارانی هەرێم لە زانکۆکانی ئێران لە سلێمانی بەڕێوەچوو و هیوادارین بە چالاکییەکان لە بواری هونەر و سینەماش بتوانین پەرەی زیاتر بە پەیوەندییەکان بدەین، چالاکوانانی بواری سینەمایی ئێران لە مێهرەجانەکانی فیلمی سلێمانی و دهۆک بەشدارییان کردووە و هیوادارین هاوشانی پەیوەندییە سیاسی و ئابورییەکان بتوانین پەرە بە پەیوەندییە کەلتورییەکانیش بدەین.