ژوری ئۆپراسیۆنی هەولێر: گەشت و سەیران لە رۆژانی جەژن بەشێوەی مەرجدار ڕێگە پێدراوە

(0) / اجتماعی


Mar 19, 2021

قەبارەی فۆنت:
ژوری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێر لەبارەی پشووەکانی رۆژانی جەژن راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ژوری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند: سەرجەم هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان، ئاگادار دەکەینەوە، گەشت و سەیران بە مەرجی جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی و دروستنەکردنی قەرەباڵغی و گردنەبوونەوەی ژمارەی زۆری چەندین خێزان بەیەکەوە ڕێگە پێدراوە، دەشلێت: لە بازگەکانی هەولێر، لەگەڵ ناوەڕاست و خواروی عێراق، ئامادەباشی تەواوکراوە بۆ هاتنی گەشتیاران و گروپی گەشتیاری بۆ هەولێری پایتەخت.
ڕاگه‌یندراوێك له‌ ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر
بەبۆنەی جەژنی نەورۆز سەری ساڵی نوێی کوردییەوە گەرمترین پیرۆزبایی لەهاوڵاتییانی  هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکەین و هیوادارین نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە ماییەی خێرو خۆشی بۆ هەموو کوردستانیان بەگشتیی و هاوڵاتییانی هەولێر بەتایبەتی، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وێڕای بەرزو پیرۆز ڕاگرتنی ئەم یاد‌ە، بەهۆی ڕێنماییە تەندروستییەکان و جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لەڤایرۆسی کۆرۆنا و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان، پلانی ڕۆژانی جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ بەمشێوەیەی خوارەوە ڕادەگەێنێ:-
یەکەم/ ئاگری سیومبولی نەورۆز به‌بێ هیچ گردبوونه‌وه‌ و كۆبوونه‌وه‌یه‌كی جەماوەری لەیەک شوێنی هەولێر کە لەلایەن پارێزگای هەولێر دەستنیشان کراوە دەکرێتەوە، هەرجۆرە کۆبوونەوە و گردبوونەوەیەکی دیکە لەهەرشوێنێکی دیکە بۆ ئەو مەبەستە قەدەغەیە و هەرکەس سەرپێچی بکات ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
دووەم/ سەرجەم هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان، ئاگادار دەکەینەوە، گەشت و سەیران بەمەرجی جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی و دروستنەکردنی قەرەباڵغی و گردنەبوونەوەی ژمارەی زۆری چەندین خێزان بەیەکەوە ڕێگە پێدراوە، هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری (4) تۆن و ماتۆڕسکیل لە رۆژانی 20 تاوەکو 24ی ئازار بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە. 
سێیەم/ ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، هێزەکانی (ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی هاتوچۆ، نەهێشتنی تاوان، بەرگریی شارستانی) و تێكڕای هێزە ئەمنییەكانی دیكەی، بەپێی پلانێكی ئەمنیی تۆكمە بۆ ڕۆژانی نەورۆز و پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتییان لە ناو شارو شارۆچکەکان ڕاسپاردووە لە ئامادەباشیی تەواودابن و ڕێگری لە هەر حاڵەتێكی نایاسایی و نائاسایی بكەن، ئەمە وێڕای دانانی مەفرەزەی گەڕۆك لە ناو كۆڵان و گەڕەكەكاندا بە بەردەوامی و هێزە هاوبەشەكان و تیمەکانی تەندروستیش لەسەیرانگاكاندا بۆ گرتنە بەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ سەلامەتی گیانی هاوڵاتییان لەئەرک دادەبن.
چوارەم/ لە بازگەکانی هەولێر، لەگەڵ ناوەڕاست و خوارووی عێراق، ئامادەباشی تەواوکراوە بۆ هاتنی گەشتیاران و گروپی گەشتیاری بۆ هەولێری پایتەخت، بۆ ئەو مەبەستە هەماهەنگییەكی تەواو كراوە تاوەکو ئاسانكاری بۆ گەشتیاران بكرێت، بەپێی ئەو ڕێنمای و بڕیارانەی پێشوو کە هه‌ر هاووڵاتییه‌ك ده‌بێت پشکنینی کۆرنای کردبێت و 72 كاتژمێری بەسەردا تێپەڕ نەبووبێت، بۆیە داواکارین لەهەموو لایەک پابەندی لەو بڕیارە بکەن.   
پێنجەم/ وێڕای ده‌ستخۆشی له‌بەرپرس و ئەفسەرانی بازگەکان و کارمەندانی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانییان، ڕامانسپاردوون بەمەبەستی دروستنەبوونی قەرەباڵغی (تاسە)ی نێو بازگەکان هەڵبگیرێت و لە هەموو ڕوێکەوە لەگەڵ هاوڵاتییان سیمای جوان و سەردەمیانەی هەولێری پایتەخت لە میوانداری و میوان دۆستیدا نیشان بدرێت، لەڕۆژانی نەورۆزدا لەکاتی گەشت و سەیران ئاسانکاری تەواو بۆ هاتوچۆی هاوڵاتییان بکرێت.
شەشەم/ پاک ڕاگرتنی شوێنە گشتییەکان و پاراستنی ژینگە، ئەرکی هەمووانە بەبێ جیاوازی، بۆیە داوا لە هاوڵاتییانی خۆشەویستی سنووری پارێزگاکەمان دەکەین، لەکاتی گەشت و سەیران و چوونەدەرەوەیاندا بەوپەڕی بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵە لەگەڵ پاراستن و پاک و خاوێن ڕاگرتنی ژینگە و پارێزگاریکردن لە درەخت و سەوزاییەکان بکەن و پاشماوە و پیسی و ئاگر لەدوای خۆیاندا لەشوێنەکان جێنەهێڵن.
حەوتەم/ داوا لەهاوڵاتییان دەکەین، لەم قۆناغە هەستیارەدا کە بەداخەوە ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو بەشێوەیەکی خێرا بڵاو دەبێتەوە و ڕۆژ دوای ڕۆژ ژمارەی تووش بووان لە زیادبووندایە، بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی مامەڵە لەگەڵ بڕیار و ڕاسپاردەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بکەن و لەپێناو سەلامەتی خۆیان و ئازیزانیان، پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی بن و (دەمامک) ببەستن.
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر