ڕۆحانی: گەڕانەوەی ئێران بۆ بەڵێنەکانی بەرجام پەیوەستە بە هەڵگرتنی گەمارۆکان لەلایەن ئەمریکاوە

(0) / جهان


Mar 03, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرۆک کۆماری ئێران جەختی کرد کە هەڵگرتنی گەمارۆکان لەلایەن ئەمریکاوە مەرجی ئێرانە بۆ بەڵێنەکانی بەرجام.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران بە جەخت کردنەوە لەوەی کە دەبێت گەمارۆکان هەڵبگیرێن و ئەمەش مافی خەڵکە، ئاشکرای کرد: ئەگەر کاتژمێرێک لە هەڵگرتنی گەمارۆکان کەمتەرخەم بین و ئەمڕۆ و سبەی بکەین، مافی خەڵکمان پێشێل کردووە و گرنگترین مافی خەڵکیش ئەوەیە کە گەمارۆکان لەسەر شانیاندا هەڵبگیرێت و هەموومان دەبێت هەوڵ بدەین بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە سەرۆک کۆماری ئێران لە دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیراندا وتی: لە هەلومەرجی ئێستادا لە وتەکانی حکومەتە نوێکەی ئەمریکا تاڕادەیەک نەرمی دەبینین و دان بەوەدا دەنێت کە هەڵسووکەوتەکانی حکومەتی پێشوو هەڵە و ناڕاست بووە بەڵام لەمەڕ هەڵگرتنی گەمارۆکان کە کێشەی سەرەکییە هێشتا هەنگاوێکی نوێی نەناوە.

ڕۆحانی بە ئاماژە کردن بەوەی کە هەڵگرتنی گەمارۆکان و پابەند بوونی تەواوەتی بە بەرجام کارێکی ئاسان و هەروەها زۆر دژواریشە، وتی: ئەگەر ئیرادەیەکی جیددی لە هەردوولا بەتایبەت لە ئەمریکادا بوونی هەبێت و گەمارۆکان هەڵبگرن ئێرانیش دەسبەجێ دەگەڕێتەوە بۆ سەر بەڵێنەکانی خۆی.