مامۆستایەکی زانکۆ بۆ زایەڵە: لە هەڵبژاردنی  ئەمجارەی عێراق هاوکێشەی سیاسی گۆڕانکاری بەسەردا دێت

(0) / گفتگو


May 23, 2021

قەبارەی فۆنت:

مامۆستایەکی زانکۆی  پێی وایە، حوکمڕانی عێراق گۆڕانکاری  بەهێز بەخۆوە دەبینێت، شیعەمەزهەبەکان بەتەواوەتی دەسەڵاتی ڕەهایان دەبێت  .
دوکتۆر هێمن کەریم  مامۆستای زانکۆی هەڵەبجە / کۆلێژی پەوەردەی شارەزوور  لە وتوێژێکی لەگەڵ پەیامنێری   زایەڵە ڕایگەیاند:  لەهەڵبژاردندا کۆمەڵێک کاراکتەر دەردەکەون، بەڵام  بەوشێوەیە نیە ئێمە چاوەڕوانین  گریمانەی شاراوەی هەیە  و  جەوهەرەکەی شێوەیەکی ترە، سەرەتا باسی هەڵبژاردن؛  هەڵبژاردن  مافێکی  تاکەکەسیە و خود  یان تاک  بە ویستی خۆی  ئەتوانێت کاندیدەکان  هەڵبژێرێ لە بازنەکان لە سەرۆک  لیستەکان و مافێکی تایبەتی  خۆیەتی و بە ویستی خۆی دەنگ دەدات و کاندیدی خۆی هەڵدەبژێرێت. ئەمە پێی دەوترێت  پێشێل نەکردنی  تاکەکەسی لە هەڵبژاردندا. ئەمە یەکێکە لە خاسیەتەکانی هەڵبژاردن. پێویستە هەموو کەس بە ویستی خۆی دەنگ بدات و ئەوەى کە ئەیەوێت هەڵیبژێرێت .
وتیشی:  بە بۆچونی من سەبارەت بە هەڵبژاردنی عێراق لە کات و ساتی خۆی بەڕێوەدەچێ. بە پێی گریمانەکان، بەپێی ئەو گریمانانەی  کە هەیە بۆ ئەمجارە لە ئەنجامی هەڵبژاردن هاوکێشەی سیاسی عێراق گۆڕانکاری بەسەردا دێت، واتە ئەو هاوکێشە سیاسیەی لە عێراق پێشتر هەبوو گۆڕانکاری بەسەردا دێت و پرۆسەی سیاسی عێراق بەتەواوەتی دەکەوێتە ژێر ڕکێف و ژێر دەستی شیعە مەزهەبەکانەوە.
ڕاشیگەیاند: بە پێی ئەو دیدەی کە ئێمە هەمانە دەکەوێتە ژێر دەستی  شیعە مەزهەبیەکانەوە، ڕاستیەک هەیە کە نابێت  خۆمانی لێ بشارینەوە ئەویش ئەوەیە ئەو سیاسەتە خراپەی  سونی مەزهەبەکان بوو لە سەردەمی  سەدام حسین لە  عێراق کە ئەکرا  بەرامبەر شیعە مەزهەبەکان، ئەمە وایکردووە کە ڕۆژ بە ڕۆژ شیعە مەزهەبەکانی  عێراق بەهێزتر بێت .
ئەو مامۆستایەی زانکۆ وتیشی: هەمان ئەو سیاسەتە کە ئێستا پەیڕەو دەکرێت بەهەمان شێوە  سیاسەتی شیعە مەزهەبیەکانە پێم وایە دەکەوێتە دەستی شیعە مەزهەبەکانەوە لە عێراق  بۆیە تۆ کە قەرز لە یەکێک دەکەیت دواجار دەبێت وەری بگرێتەوە.  بۆیە ئەو سیاسەتەی سونە مەزهەبیەکانی سەردەمی سەدام حسین   قەرزێک بوو لە ئێستادا لێمان وەردەگرنەوە  لەناو شیعە مەزهەبەکان ئەمە دیدی منە، و حوکمڕانی عێراق پێدەچێت گۆڕانکاری بەهێز بەخۆوە ببینێت، شیعەمەزهەبیەکان  بەتەواوەتی دەسەڵاتی ڕەهایان دەبێت  لە عێراقدا واتە  شیعە مەزهەبەکان بەهەموو توانا و دەسەڵاتیانەوە دەبنە کارکتەری سەرەکی عێراق .
ڕونیشیکردەوە: ئەگەر بێینە سەر باکوری عێراق واتە هەرێمی کوردستان، لێرەش دوو هێزی سەرەکی لەم هەڵبژاردنەدا بەشدارن  واتا ئەو دوو جەمسەرەی هەرێم بەڕێوە دەبەن، جەمسەری زۆنی  زەرد و جەمسەری زۆنی سەوز. زۆنی زەرد لە عێراق بەپێی  گریمانەکان بەپێی  دیدی من ئەو سیاسەتەی کورد کە لەوێ کردویەتی پێدەچێت جەمسەری زەرد گۆڕانکاری بەسەردا بێت  واتە ئەگەری ئەوە هەیە کە جەمسەری زۆنی سەوز واتە یەکێتی  نیشتیمانی بۆ ئەم هەڵبژاردنە ی عێراق  پێگەیەکی باشی هەبێت نەک تەنها هەرلە هەرێمی کوردستان بگرە لە عێراق و خوارووی عێراق  سەبارەت بە زۆنی سەوز قسە و باس هەیە  .
د. هێمن کەریم سەبارەت بەهاوپەیمانیەتیکەکان بۆ زایەڵە وتی: سەبارەت  بە دروست  بونی  بازنەکان لەلای ئەم دوو جەمسەرەی هەرێمی کوردستان کارێکی باشە، دروست بونی بازنە لە هەر ناوچەیەک بۆ دەنگدان  بۆ نەهێشتی خرووقات و تەزویراتی دەنگە، بۆ نەهێشتنی دەنگە ساختەکانە بەکارهێنانی خروقاتی هەڵبژاردن ڕێگری لێدەکرێت تەنها لێرەدا یەک کێشە هەیە؛ ئایا ئەو سەرۆک لیستانەی کە لە هەرێمی کوردستان سەرۆک لیستن بۆ نمونە لە زۆنی سەوز سەرۆک لیستێکمان هەیە لە یەکێتی لە پارتی  سەرۆک لیستێکمان هەیە لە حیزبە ئیسلامیەکان سەرۆک لیستێکمان هەیە ئایا ئەم سەرۆک لیستانە ئەم سەرۆک بازنانە دەنگدان بۆیان ڕەهایە واتە لە بازنەکانی ترەوە دەتوانین دەنگیان پێبدەین. ئەگەر بەم شێوەیە بێت بازنەکان کراوە بێت بۆ سەرۆک لیستەکان. ئەگەر بەو شێوەیە بێت ئەگەری جەمسەری زۆنی سەوز لە باشی دەبێت واتە جەمسەری زۆنی سەوز بەرەو باشی دەچێت چونکە دەنگدەران بەئاسانی دەتوانن سەرۆک لیستەکانیان هەڵبژێرن  یان جەمسەری زۆنی زەرد بەهەمان شێوە یە .
هێمای بەوەشکرد: ئەگەر هاتوو لیستی داخراو بوو واتە بازنەکان  داخراو بوون بۆ نمونە بازنەی هەڵەبجە نەیتوانی دەنگ بە بازنەی سلێمانی بدات بە سەرۆک لیستەکەی، بەم شێوەیە گریمانەی خراپ ڕوو ئەدات  لە نێوان دەنگدەرانی  هەرێمی  کوردستان کە دەبێتە کەم بونەوەی دەنگەکان  لە هەرێمی کوردستان. هەندێک جار کاندیدی بازنەکان بە ویستی دەنگدەران  نین ئەمە دەبێتە کێشە بۆ دەنگەران، زۆرجار دەم وچاوەکان ناشیرینن بەمانای کەلیمە نا، بەمانای جەوهەری کەسەکان ناشرینن و لە بازنەکانیش ناتوانین دەنگ بدەین  بە سەرۆک لیستەکان  ڕەها  نین،  ئەوکاتە دەنگ نادەین  دەبێتە هۆی کەم بونەوەی دەنگ لە هەرێمی کوردستان و پێگەی کورد بەرەو لاوازی دەچێت. پێگەی کورد بە گریمانەکان بەرو باشی دەچێت  چونکە کورد  توانی نێوەندگیریەکی زۆرباش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە عێراقیش لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسیەوە لە عێراق بە تایبەت بۆ جەمسەری زۆنی سەوز زۆر باش دەبێت چونکە زۆنی سەوز توانی هاوکێشەیەکی  باش باڵانسێکی باش ڕاگرێت لە عێراق .
هێمن کەریم  سەبارەتی بە بۆچونیان سەبارەت بە دروست کردنی هاوپەیمانیەکان وتی: بەدڵنیاییەوە هاوپەیمانی بۆ کورد لێرە باشترین کارە بۆ پێگەی کورد لە عێراق.  چون هاوپەیمانی لە کوردستان واتە  یەکدەنگی و کۆدەنگی  نێوماڵی کورد. ئەم کۆدەنگی نێو ماڵی کوردە  دەبێتەهۆی بەهێز بونی دەنگەکانی  دەنگەران دەنگ دەدەن بە بازنەکان  بە کاندیدەکان، ئەمە پێگەی کورد قایمتر دەکات. تا ئێمە لێرە بەهێز تر بین پێگە و کارمان لە عێراق بەهێزتر دەبێت، ئایندەی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەرەو باشی دەچێت  بە مەرجێک ئەم دوو جەمسەرە ڕێک بن لێرە و لەوێ، ئەگەر مەجسەرەکان یەک بن هاوپەیمانیەکان یەک بن ئایندەی عێراق بەرەو باشی دەڕوات هەرێمی کوردستانیش ناوچەیەک دەبێت لەژێر کاریگەری دەنگدەران باش دەبێت  .
سازدانی – کامـەران کەریـم