چوار ناوەندی هاوبەش لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق دەكرێنەوە
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق لەلێدوانێكیدا بڵاویكردوەتەوە، چوار ناوەندی هاوبەش لە دیالە و کەرکووک و موسڵ و رۆژئاوای موسڵ دەکرێنەوە، ژووری ئۆپەراسیۆن لە دیالە لە خانەقین کراوەتەوە، ئەمڕۆش لە کەرکووک دەستبەکاردەبن و لە رۆژانی داهاتووشدا لە مەخموور و نەینەوا دەکرێنەوە
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، لیوا عەبدولخالق تەڵعەت لەبارەی ئەرکی ئەو ژوورە هاوبەشانە نوێنەری وەزارەتەكانی ناوخۆو پێشمەرگە گوتی: "یەکێک لە خاڵە ئەرێنییەکانی ئەو ژوورە هاوبەشە گەڕانەوەی متمانەیە، دواتریش لە داهاتوودا ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجامدەدەن، هەروەها رێگریش لە گرووپە چەکدارەکانی دیکە دەکەن، کە دەیانەوێت کێشەی ئەمنی بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکەن".
وتیشی : "دوای ئەو ژوورانەش دوو لیوای هاوبەش دروست دەکرێن، کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە سەرپەرشتی دەکرێن و تێکەڵ دەبن و جلوبەرگ و هەموو شتێکیان یەک دەبێت".
پێشتریش لیوا قارەمان کەمال، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە رایگەیاندبوو، دروستکردنی هاوئاهەنگی لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هێزی عێراق تەنیا کردنەوەی ژووری ئۆپەراسیۆن نییە، بەڵکو پێویستە هێزی هاوبەش و ئۆپەراسیۆنی هاوبەش هەبێت، بەڵام ئەوەی ئێستا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە تەنیا ژووری ئۆپەراسیۆنەکانە
تێبينيێك بنێرە: