ڕۆژنامەنووسێک بۆ زایەڵە: ئازادی ڕادەربڕین لە کابینەی نۆهەم بەشێوەیەکی مەترسیدار بەرتەسک کراوەتەوە

(0) / گفتگو


May 25, 2021

قەبارەی فۆنت:

ڕۆژنامەنوسێک ئاشکرایدەکات، ئازادی ڕۆژنامەنوسی لە هەرێمی کوردستان لە ناوچەیەک بۆناوچەیەکی تر جیاوازە، ئازادی ڕادەربڕین لە کابینەی ٩ بەشێوەیەکی مەترسیدار بەرتەسک کراوەتەوە  .
هەردی عەبدوڵا  ڕۆژنامەنووسی  دیار  لە پارێزگای سلێمانی  لە وتووێژی  لەگەڵ  پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، ئازادی ڕادەربڕین لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی تر لە هەرێمی کوردستان جیاوازە، لە سنوری سلێمانی ئازادی ڕادەربڕین بە شێوەیەکی فراوان و بەربڵاوە، لە هەولێر تا ڕادەیەک  سنوردارە، بەڵام لە ناوچەی بادینان و دهۆک  سنوردار سنوردار کراوە، هیچ کەسێک ناتوانێت بە ئازادی بیروڕای دەرببڕێت، وەک بینرا لە ڕابردوودا ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان لە سنوری بادینان بە بیانووی ئەنجامدانی خۆپیشاندان و بابەتی دیکە ڕووبەڕووی گرتن و سزا کرانەوە .
وتیشی،  ئەرکی ڕۆشنبیران و چالاکانی مەدەنی ڕۆژنامەنوسان و سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگایە لەسەر دەسەڵات  فشار دروست بکەن کە ئازادی ڕادەربرین بەرتەسک نەکاتەوە، ئازادی ڕادەربرین لە کابینەی نۆیی حکومەتی هەرێم بە شێوەیەکی مەترسیدار بەرتەسک کراوەتەوە. ئەرکی ڕۆشنبیرانە بە هەماهەنگی ڕێکخراوه ناوخۆی و نێودەوڵەتی و وڵاتانی دەرەوە و کونسوڵگەریەکانە فشار درووست بکەن کە ئازادی ڕادەربڕین بەرەو فراوانی هەنگاو بنێت .
ئەو ڕۆژنامەنووسە هێمای بەوەشکرد، دادگاکان لە هەرێمی کوردستان لە ژێر هەیمەنەی حیزبدان، ئەنداماکانی دابەش بوون بەسەر حیزبەکان لە کاتێکدا لە جیهاندا و بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان و عێراق و هەر وڵاتێک پێویستە  دادگاکان کەسانی سەربەخۆ بن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان دەبینرێ کەسانی باڵای حیزبەکان  دادگاکان  بەڕێوە دەبەن هەربۆیە ئەنجامی هەر بڕیارێکی دادگاکان لە ژێر  هەیمەنەی حیزب دایە  ئەوەی بینرا لە دادگای کردنی دەستگیرکراوانی بادینان نمونەی زیندووی وتەکانی  ئێمەن، دادگا لەهەرێمی کوردستان ئازاد  نیە و لە ژێر هەیمەنەی حیزب دایە  .
سازدانی: کامەران کەریم