لیژنه‌ی ته‌ندروستی قائیمقامیه‌تی سلێمانی 10 شوێن داده‌خات

(0) / کردستان


Jun 07, 2021

قەبارەی فۆنت:

له‌ مانگی رابردودا، لیژنه‌ی هاوبه‌شی ته‌ندروستی ئاماری كاروچالاكییه‌كانی خۆی بڵاوده‌كاته‌وه‌ و سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ش رایده‌گه‌یه‌نێت؛ له‌مانگی رابردودا ده‌ست به‌سه‌ر (1000) پارچه‌ ده‌رمانی قاچاخ و خراپبودا گیراوه‌ و (10) شوێنیشیان داخستوه‌. ‌
د.هاوڕێ حمه‌شوان، پزیشكی ده‌رمانساز و سه‌رۆكی لیژنه‌ی هاوبه‌شی ته‌ندروستی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند، له‌ ئەنجامی سه‌ردانه‌ به‌رده‌وامه‌كانی لیژنه‌كه‌ بۆ ده‌رمانخانه‌ و نۆرینگه‌ و هه‌موئه‌و شوێنانه‌ی هاوڵاتیان بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر رویتێده‌كه‌ن (52) سه‌ردان بۆ شوێنه‌كان ئه‌نجام دراوه‌ و له‌و ژماره‌ (24) پسوڵه‌ی سه‌رپێچی تۆماركراوه‌ وه‌ هه‌روه‌ها (10) شوێنیان روبه‌ڕوی داخستن كردوه‌ته‌وه‌.
وتیشی،  له‌مانگی رابردودا ده‌ست به‌سه‌ر (1000) پارچه‌ ده‌رمانی قاچاخ و خراپبودا گیراوه‌ و به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی و به‌هاوكاری یه‌كێك له‌ كارگه‌كانی چیمه‌نتۆ له‌ كوره‌كانیاندا سوتێنراوه‌ن و له‌ناوبراون .
رونیشیكرده‌وه‌ ، به‌هۆی هه‌ستیاری ده‌رمان و په‌یوه‌ستی‌ به‌ ته‌ندروستی هاوڵاتیانه‌وه‌، پێویسته‌‌ میكانیزمی گواستنه‌وه‌ و كۆگاكردن و كاتی دابه‌شكردن و به‌كارهێنانیشی له‌به‌رچاو بگیرێت، جۆری ده‌رمانه‌كان زۆره‌ به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی پێویسته‌ له‌ شوێنی پله‌ی گه‌رمی نزم و دور له‌ تیشكی خۆر بگوازرێته‌وه‌ یان كۆگا بكریت.
ناوبراووتیشی، به‌هۆی به‌رزی پله‌ی گه‌رما و هه‌بونی تیشكی خۆر به‌درێژایی رۆژ، پێویسته‌ له‌وه‌رزی هاویندا مامه‌ڵه‌یه‌كی زۆر جیاواز له‌گه‌ڵ ده‌رماندا بكرێت و به‌وردی رێنماییه‌كان له‌لایه‌ن كۆگاكان و ده‌رمانخانه‌كانه‌وه‌ جێبه‌جێ بكرێت، نابێت روكاری دره‌وه‌ی ده‌رمانخانه‌، نۆرینگه‌ و هه‌مو ئه‌و شوێنانه‌ی هاوڵاتیان بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر روی تیده‌كه‌ن بۆ نمایشكردنی ده‌رمان به‌كاربهێنرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ لیژنه‌كه‌ سه‌رپێچیكاران روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی ده‌كه‌نه‌وه‌ .
ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌كرد، رۆژانه‌ لیژنه‌ی هاوبه‌شی ته‌ندروستی به‌دواداچون بۆ كوالێتی و نرخ و شێوازی هه‌ڵگرتن و عه‌مباركردنی ده‌رمان له‌ كۆگاكان، ده‌رمانخانه‌، نۆرینگه‌ و هه‌مو ئه‌و شوێنانه‌ی هاوڵاتیان بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر روی تێده‌كه‌ن ده‌كات و داوایان لێده‌كات پابه‌ندی ئه‌و رێنماییانه ‌بن‌ كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانی دروستكردنی ده‌رمان و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییه‌وه بۆكاركردنیان دیاریكراوه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ كاتی هه‌بونی سه‌رپێچی شوێنه‌كه‌ و خاوه‌نه‌كه‌شی روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی ده‌كرێنه‌وه‌.
لەکاتی هەبونی گومان یان بۆ گەیاندنی سکاڵا و زانیاری بەقائیمقامیەتی سلێمانی و لیژنە هاوبەشەکان، پەیوەندی بە ژمارە مۆبایلی (07708677777)ـەوە بکەن.
کامەران کەریم