ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كۆدەبێتەوە و پارێزگاریش هەڵدەبژێردرێت

(0) / / عراق / زایەڵە کەرکوک کوردستان


Jul 03, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - پەرلەمانتارێکى یەکێتی ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كۆدەبێتەوە و پارێزگاریش هەڵدەبژێردرێت، بەڵام هەندێك نەتەوە بەتایبەتی ئەوانەی لە ئیدارەی ئێستای كەركووك سوودمەند بوون، هەوڵی شكستپێهێنانی كۆبوونەوەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی حۆجێیى نوێی كەركووك دەدەن.
 
سەباح حەبیب ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتی ڕایگەیاند، فراكسیۆنەكەیان لە بەغدا بۆ دەربازبوون لەو بۆشاییە ئیدارییەی كەركووك و هەروەها خزمەتی پێكهاتەكان، سەردانی سەرۆك وەزیرانی عێراقیان كردووە و پێشنیاری خۆمان لەوبارەوە پێداوە.
 
ئاماژەی بەوەشكرد، لەگەڵ لایەنەكانە گفتوگۆی چڕمان كردووە بۆ ئەوەی كەركووك لەو قەیرانە ڕزگاری بێت، لەو چوارچێوەشدا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كۆدەبێتەوە و پارێزگاریش هەڵدەبژێردرێت.
 
هەروەها، پەروین فاتیح ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە فراکسیۆنى یەکێتی ڕایگەیاند، لە حەوت ساڵی ڕابردوودا هەموو پێكهاتەكانی دیكەی كەركووك كێشەیان هەبووە، چونكە نادادپەروەرییەك هەبووە لە ئیدارەدانی شارەكەدا.
 
باسی لەوەشكرد، بەداخەوە دەبینم هەندێك نەتەوە بەتایبەتی ئەوانەی لە ئیدارەی ئێستای كەركووك سوودمەند بوون، هەوڵی شكستپێهێنانی كۆبوونەوەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی نوێیى كەركووك دەدەن.
 
جێگەی ئاماژەیە، ڕۆژی ٢٩ـی ئایار محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرپەرشتی سێیەمین كۆبوونەوەی نوێنەرایەتی لایەنە سیاسییەكانی پارێزگای كەركووكی كرد و ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەنجامدانی دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بەڵام تا ئێستا وادەی دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای شارەكە دیار نییە.