حزبوڵای لوبنان بە زیاتر لە ٥٠ مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل

(0) / / جهان / زایەڵە حزبوڵڵا لوبنان ئیسرائیل


Aug 04, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - شەوی رابردوو لوبنان بە زیاتر لە ٥٠ موشەک هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و بەهۆیەوە زەنگی ئاگادارکردنەوە لە باکووری ئیسرائیلدا لێدرا.
لەبارەی هێرشەکەوە حزبوڵای لوبنانی بەرپرسیارێتی خۆی راگەیاندووە و دەڵێت، ئەو هێرشەیان وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل ئەنجامداوە کە دەست دەبات بۆ ماڵ و شوێنە گشتییەکان و هێرشیان دەکاتە سەر و هاوڵاتییان بە ئامانج دەگرێت.
بەرەبەیانی دوێنێش، حزبوڵڵای لوبنان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە رێگەی چەند مووشەکێکەوە، پێنج بنکەی سەربازی و هەواڵگریی ئیسرائیلیان لە باکووری وڵاتەکە بۆردوومان کردووە.

ئێوارەی هەینی، ٢ـی ئاب، ئیسرائیل لە رێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە، چەند ناوچەیەکی باشوور و رۆژهەڵاتی لوبنانی بۆردوومان کرد، سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند، هێرشێکی ئاسمانییان پوچەڵ کردووەتەوە کە چەند بنکەیەکی سەربازیی وڵاتەکەیانی لە بەرزاییەکانی جۆلان بە ئامانج گرتبوو.

دوێنێ شەممە، بەهۆی بوونی دەنگۆی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل لەلایەن ئێرانەوە، ئاسمانی ئیسرائیل بە رووی زۆرینەی گەشتە ئاسمانییەکاندا داخرا.